رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق دەڵێت، پێکهاتەی تورکمان نیوەی هاووڵاتییانی کەرکووک پێکدەهێنن و بە مافی خۆیان دەزانن پۆستی پارێزگار وەربگرن.
حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و ئەمڕۆ سێشەممە، 13-06-2023، پەخشکرا، رایگەیاند، جووتیارانی کورد و تورکمان زەوییەکانیان لە کەرکووک داگیرکراوە.
توران باس لەوەش دەکات کە مادەی 140 ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت و ناتوانرێت بڕوا بە هاووڵاتییان بهێنرێت کە مادەی 140 کێشەی خاوەندارێتیی زەوییەکانیان بۆ چارەسەر دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە کورد 20 ساڵ لە کەرکووک و بەغدا بەرپرسیارێتیی باڵای هەبووە و تەنانەت نەیتوانیوە کێشەی جووتیاران چارەسەر بکات.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەسەن توران:
رووداو: جووتیارانی تورکمان و کورد بەتایبەت لە باشوور و باشووری رۆژئاوای کەرکووک لە بابەتی خاوەندارێتیی زەوییەکانیان رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە؛ کورد و لایەنە کوردستانییەکان بە روونی ئەم پرسەیان ناوناوە تەعریبی نوێ لە کەرکووک، بەڵام ئەم پڕۆسەیە تەنیا پەیوەندیدار نییە بە جووتیارانی کوردەوە و پەیوەندیدارە بە تورکمانیشەوە لە باشووری کەرکووک. پێناسەی ئێوە چییە؟
حەسەن توران: زۆر سوپاس. بەرەی تورکمانی لە ساڵی 2003ـەوە نە سازشی کردووە و نە سازش دەکات لەسەر ئەو زەوییانەی کە خاوەندارییان بۆ تورکمان دەگەڕێتەوە و رژێمی بەعسی لەنێوچوو دەستی بەسەردا گرتن و هێشتاش ویستێکی سیاسی لە عێراقدا دروست نەبووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، وێڕای بوونی دەقی یاسایی و دەستووری. هەڵەی گەورە ئەوەیە کە ئێمە رێکاری یاسایی و دادگەکانمان فەرامۆشکرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانە.
برایانی کورد پێش ساڵی 2017 پێیان وابوو بوونی پێشمەرگە و ئاسایش ئەم گرفتە چارەسەر دەکات و گرنگییان بە لایەنی یاسایی نەدا؛ دوای ساڵی 2017 رووبەڕووی کێشەیەکی نوێ بووینەوە؛ کێشەکە ئەوەیە کە هاوسۆزی هەیە لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و بە دیاریکراوی دەستەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەگەڵ جووتیارانی عەرەب؛ هاوکات تێنەگەیشتن و خەمساردی لە دەسەڵاتی دادوەری هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ماف بۆ مافخوراوەکان و ئەو دەسەڵاتە رۆڵی نییە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەدا.
بە پێچەوانەوە، هەڵوێستی بەرەی تورکمانی لەم بابەتە وەک تیشکی رۆژ روونە کە سازشی نەکردووە و سازش ناکات لەسەر ئەو زەوییانە. دەنگی ئێمە بڵندترین دەنگە لە دانوستاندنەکانی یونامی و گفتوگۆ فەرمییەکاندا لەبارەی گرنگی گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.
من خۆم ئەو کاتەی کە پەرلەمانتار بووم 3 جار هەمواری یاسای یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیی خاوەندارێتیم گەیاندە قۆناخی دەنگدان، بەڵام عەرەبی شیعە و سوننە لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە رۆڵی زۆرینە دەبینن، پشتیوانمان نەبوون بۆ چارەسەری کێشەی ئەو زەوییانە. ئەو زەوییانە بەشێکی گەورەیان خاوەندارییان بۆ تورکمان و کورد دەگەڕێتەوە، تەنانەت برایانی عەرەب لە ناوچەی یارنجە بە هەمان شێوە قوربانییان داوە، وەک چۆن تورکمان و کورد قوربانییان داوە و زەوییەکانیان براوە و دراوە بە ئامۆزاکانیان، بەداخەوە.
رووداو: کورد ناویناوە تەعریب یان پرۆسەیەکی نوێی تەعریب. ئێوە هاوڕان لەگەڵیان وەک تورکمان؟
حەسەن توران: ئەوە تا رادەیەک راستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە زەوییەکانی ئێمە لەلایەن کوردەوە داگیرکراون لە سەنتەری شاری کەرکووک لە رەحیم ئاوا و پارچە زەوییەکانی تەنیشت فڕۆکەخانەی کەرکووک، لە ناوچەی لەیلان. بەشێک لە کێشەکەمان لەگەڵ برایانی کوردە. بە دڵنیاییەوە هەڵمەتێک هەبوو بۆ تەعریبی کەرکووک پێش ساڵی 2003؛ ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت و لە دەستووردا باسکراوە؛ بۆیە وردتر بم ئێمە لە کەرکووک دژی هەر گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافین، ئینجا ئەنجامدەرەکەی عەرەب بێت یان کورد جیاوازی نییە بەلای ئێمەوە و دواجار ئەوە گۆڕینی دیمۆگرافییە و ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەش زیان بە هەموو پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکووک دەگەیێنێت، واتە بەداخەوە کەسێکی نامۆ ئینجا عەرەب بێت و بەشداربووبێت لە تەعریب یان کورد بێت و بەشداربووبێت لە تەعریب، سرووشتی کۆمەڵگەی کەرکووک نازانێت، ناتوانێت بەشێوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا بکات، چونکە ئەو لەگەڵیان نەژیاوە لە منداڵییەوە و بەم هۆیەشەوە زۆر کێشە روویانداوە. ئێمە ئەوە دەڵێین مادەی 23ی دەستووری عێراق ئاماژەی پێداوە کە دەڵێت، هەر گۆرانکارییەکی نیشتەجێبوون قەدەخەیە ئەگەر ئامانج لێی گۆڕینی دیمۆگرافیا بێت.
رووداو: ئێستا دۆخێک هەیە کە پەیوەندیدارە بە زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە لە باشووری کەرکووک و لە ساڵی 2017ـەوە بەردەوامە و زیانمەندی سەرەکیش جووتیارە تورکمان و کوردەکانن، بەڵام هیچ نزیکبوونەوەیەکی سیاسی نابینرێت لەنێوان کورد و تورکمان، ئازارێکی هاوبەشتان هەیە، بەڵام ئەم گرفتە هاوبەشە نەبووەتە هۆی نزیکبوونەوەتان بۆ کارکردن لەپێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا. بۆچی؟
حەسەن توران: نامانەوێ یەکتر تۆمەتبار بکەین، واتە نامانەوێت ئێمە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار بکەین و حیزبە کوردییەکان بەرەی تورکمانی تۆمەتبار بکەن، بەڵام با من دوو نموونەت بۆ باسبکەم. دانوستاندنمان هەیە لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان دوور لە چاوی کامێراکان بە رێککەوتنی هەموو لایەنە سیاسییەکان. ئێمە داوای بەڕێوەبردنی هاوبەشمان کرد بە لەبەرچاوگرتنی 32٪ بۆ پێکهاتەکان و 4٪ بۆ پێکهاتەی کریستیان. تائێستا دوو حیزبە کوردییەکە و نوێنەرەکانیان واژۆیان لەسەر بابەتی بەڕێوەبردنی هاوبەش نەکردووە، لەکاتێکدا برا عەرەبەکانمان واژۆیان بۆ کردین بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەش. ئەمە یەکەم.
بابەتی دووەم لە دۆسیەی زەوییە کشتوکاڵییەکاندا نووسراوێکم نووسی و پێشکێشم کرد، لەمەدا برایانی کورد واژۆیان کرد، چونکە فەلسەفەی ئێمە وەکو تورکمان ئەوەیە کە هەر شتێک پێشکێشبکرێت هەرسێ پێکهاتەکە و کریستیانەکان واژۆی لەسەر بکەن؛ بەداخەوەم کە بەرەوپێشچوون لە دۆسیەی بەڕێوەبردنی هاوبەش زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت، پێچەوانەی ئەوەی کە تورکمان و کورد واژۆیان لەسەرکردووە و برایانی عەرەب نەرمی زیاتر دەنوێنن و ئامادەن بۆ چارەسەری ئەم دۆسیەیە.
هەندێ هەنگاوی دیکەش هەن کە نامەوێت ئاشکرایان بکەم، چونکە رێککەوتنێکمان هەیە کە لە راگەیاندن باسنەکرێن تا دوای چارەسەری کێشەکە، چارەسەری بنەڕەتی، لەکاتێکدا بۆ دۆسیەی بەڕێوەبردنی هاوبەش حیزبە کوردییەکان هەڵوێستیان نەرێنییە.
ئەمڕۆ هەردوو حیزبە کوردییەکە قسە دەکەن لەبارەی پارێزگار و خراپی رۆڵی و ئەو شتانە، پێش ساڵێک یان زیاتر پێشنیازمان کرد کە ئەم پارێزگارەی کەرکووک بگۆڕدرێت، ئەگەر ناشتانەوێت پارێزگارێکی عەرەب بێت ئەوا بە پارێزگارێکی کورد رازی بن با کێشەکە چارەسەر بکەین؛ لە هەمان کاتیشدا بەو پێیەی کورد لە 2003 تا 2017 پۆستی پارێزگاری لا بووە و لە 2017ـەشەوە پۆستی پارێزگار لای عەرەبە با ئەمجارە پارێزگار تورکمان بێت؛ ئەوەی کە بەرهەڵستی کرد دوو حیزبە کوردییەکە بوون، واتە پارتی و یەکێتی، تەنانەت پارتی پێشنیازی پارێزگارێکی کریستیانی کرد، بەڵام رازی نەبوو بە پارێزگارێکی تورکمانی.
رووداو: پارتی پێشنیازی پارێزگارێکی کریستیانی کرد بۆ کەرکووک؟
حەسەن توران: بەڵێ، چەند دیدارێکی پەراوێزمان هەبوو لە گفتوگۆکانی یونامی. بەڕێز بەرهەم ساڵح ئەوکات سەرۆککۆمار بوو. پێشنیازی پارێزگارێکی تورکمانمان کرد بۆ کەرکووک، بەڵام هیچ بەدەنگەوەهاتنێکی ئەرێنیمان نەبینی، نە لە یەکێتی و نە لە پارتی لەبارەی پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکووک. لەلایەکی دیکەوە من گلەیی لەو دوو حیزبە کوردییە دەکەم کە مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵ تورکمان بە تایبەت و دۆسیەی کەرکووک بە گشتی نەکردووە بۆ هەڵسەنگاندنی دیدگەکان، چونکە کەرکووک پێویستی بە روانینێکی بەرفراوانتر و سنگفراوانییەکی زیاترە بۆ قبوڵکردنی یەکتر.
رووداو: وەک گوتت دوو حیزبی کوردی هەن. نزیکبوونەوەتان لەگەڵ یەکێتی و پارتی چۆنە؟ لەکام لاوە نزیکترن و دەخوازن مامەڵە لەگەڵ کام لایەندا بکەن؟
حەسەن توران: ئێمە وەک چۆن رێگەنادەین لایەنەکانی دیکە دەست لە کاروباری ناوخۆمان وەربدەن وەک پێکهاتەی تورکمان، بە هەمان شێوە تورکمان بە یەک دووری مامەڵە لەگەڵ حیزبە کوردییەکاندا دەکات؛ ئەوەی کە نزیکمان دەکاتەوە یان دوورمان دەخاتەوە لە حیزبێک هەڵوێستەکانیانە بەرامبەرمان؛ هەڵوێستەکانیان لەبارەی پرسە ستراتیژییەکان بەتایبەت لە پارێزگای کەرکووک. لەلایەکی دیکەوە ئێمە هاوڕێمان هەیە لە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکی هاوسەنگ بونیادبنێین لەگەڵ هەردوو حیزبەکە؛ پرۆژەیەکمان هەیە کە شاراوە و نهێنی نییە، ئەویش بابەتی 32٪ و پەیوەستنەبوونی کەرکووک بە هەرێمی کوردستانەوە، کە سامانی نەوتی کەرکووک بۆ رۆڵەکانی بێت؛ هەر حیزبێک لەمبارەیەوە لەگەڵمان بێت بە دڵنیاییەوە سیاسەتی ئێمە لەوەوە نزیکترە وەک لە حیزبێکی دیکە. لە هەندێک وردەکارییدا من دەبینم کە یەکێتی نیشتمانی نەرمی زیاتر دەنوێنێت لە پارتی دیموکراتی کوردستان. پێم وا نییە ئەمڕۆ کەسێکی سیاسی هەبێت لە عێراق پێی وابێت مادەی 140 جێبەجێ دەکرێت وەک ئەوەی کە دەستووری عێراقی ئاماژەی پێداوە، بەڵکو جێبەجێ دەکرێت وەک ئەوەی کە راپۆرتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی پێداوە لە ساڵی 2008.
رووداو: کام راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان؟
حەسەن توران: نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە یەکێک لە ئامانجەکانی چارەسەری ململانێ نێوخۆییەکان و کێشەی سنوورەکان بوو لە ئەنجوومەنی ئاسایش، راپۆرتێکی لەساڵی 2008 لەبارەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان هەبوو بە دوو بەش. بەشێکی لە سەرجەم ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەشێکیشی تایبەت بوو بە کەرکووک. پوختەی راپۆرتەکە کە راپۆرتێکی درێژ بوو و هیواخوازم تەماشای بکەن کە راپۆرتەکە بۆ بڵاوکردنەوە نەبوو و چەند کۆپییەکی سنوورداربوو بۆ ناوەندەکانی بڕیار، تێیدا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ناکرێت گشتپرسی بکرێت لەبارەی ئاییندەی پارێزگای کەرکووک تا دوای رێککەوتنی پێکهاتەکانی لەبارەی نموونەیەک کە لەسەری کۆک بن و دوای ئەوە رای گەل وەربگیرێت بۆ پەسندکردنی ئەو نموونە یان مۆدێلەی کە پێکهاتەکان لەسەری رێککەوتوون. راپۆرتەکە دەڵێت، ئەو گشتپرسییە بۆ دڵنیاییە، گشتپرسییەک ئەگەر بەبێ رێککەوتن ئەنجامی بدەین دەبێتە گشتپرسییەکی دوژمنکارانە وەک ئەوەی لە بۆسنە و هێرسک کرا و دەبێتە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگ. لەلایەکی دیکەوە ئێمە پێمان وایە کە هەر چارەسەرێک بۆ دۆسیەی کەرکووک پێویستە بە رێککەوتن و سازانی پێکهاتەکان بێت، وەک ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازی کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان 4 نموونەی خستووەتەڕوو و نزیکترین نموونەیان لە ئێمەوە ئەوەیە کە کەرکووک رەوشێکی تایبەتی هەبێت و هەرێمێکی تایبەت بێت وەک ئەوەی دەستووری عێراقیش لە چەند بڕگە و مادەیەکدا رێگەی پێداوە؛ هاوکات مادەی 140 دەکرێ ببێتە بنەمای چارەسەر ئەگەر لەسەر بنەماکانی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری پێبکرێت.
رووداو: کەواتە ئێوە دژی مادەی 140ن؟
حەسەن تۆران: ناکرێت بەو رەهاییە بڕیار لەبارەی مادەکە بدرێت، بەڵام با ئێمە واقیع بین و راشکاو بین. یەکەم ئەو مادەیە پێکهاتووە لە ئاساییکردنەوە و ئامار و گشتپرسی. چۆن بڕوا بە هاووڵاتییانی کەرکووک دەهێنیت، ئینجا تورکمان بێت یان کورد کە ئاساییکردنەوە پشت دەبەستێت بە گەڕاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، لەکاتێکدا ئێمە لە ساڵی 2003ـەوە لەگەڵ بەهێزیی کورد کە لە بەغدا سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و چەندین وەزارەتی هەبووە، نەیتوانیوە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا چارەسەری کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بکات و نەیتوانیوە بەو هەموو هێزەوە کە تورکمانیشی لەگەڵ بووە زەوییە کشتوکاڵییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان. چۆن بڕوایان پێ دەهێنیت کە ئەو مادەیە بەسوودە و دەتوانێ کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان چارەسەر بکات؟ ئایا ئەمە راستییەکی ئازاربەخش نییە؟
لەلایەکی دیکەوە تەنانەت بابەتی ئاساییکردنەوە پێویستی بە وردەکارییە، پێویستی بە رازیکردنی بڕیاربەدەستانی بەغدایە کە ئەم زەوییانە خاوەنی رەسەنیان هەیە و لە ساڵی 1976 و 1978ـەوە چاوەڕوان دەکەن زەوییەکانیان بۆ بگەڕێتەوە و تائێستا نەگەڕێندراوەتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، بۆیە پێموایە مادەی 140 پێویستی بە گفتوگۆی رژدە؛ پێویستی بە وەرگرتنی سەرنجی هەموو پێکهاتەکانە. تۆ ناتوانی پێکهاتەی عەرەب دووربخەیتەوە یان پێکهاتەی کریستیان لەو گفتوگۆیانە دووربخەیتەوە، لەکاتێکدا ئێمە بە وردی هەوڵی بۆ دەدەین و لە دانوستاندنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا خستوومانەتە روو. پێم وایە ئەو شێوازەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە وردەکاریی زۆری تێدایە ئەگەر سەربکەوێت دەبێتە نموونەیەک بۆ چارەسەرێکی نموونەیی دۆسیەی کەرکووک.
رووداو: لەنێوخۆدا لە کەرکووک، کێشەی زەویتان هەیە لە دوای 2003. ئایا باسی ئەم بابەتەتان لە دانوستاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد؟
حەسەن توران: کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، یەکێکە لە پرسەکان، پێش و دوای 2003، بەڵام وەکو دەزانیت، من لای خۆمەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ وەکو ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کارم کرد؛ چارەسەرەکە پێویستی بە ویستی سیاسییە. ئەو ویستە سیاسییە پێویستە بکرێت بۆ یاسا. ئەوە پێویستی بە دەرچوواندنی یاسا هەیە، یان ئەوەتا بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوە هەڵبووەشێنینەوە، یان یاسای ناکۆکییە موڵکدارییەکان هەموار بکەینەوە، تاوەکو بتوانین ئەو زەوییانە بگەڕێنینەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان. لە یۆنامی پێشنیازمان کرد کە بە پارە قەرەبووی ئەو جووتیارانە بکەینەوە کە گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.
رووداو: هەڵبژاردن چەند مانگێکی ماوە. چۆن خۆتان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکەن وەکو بەرەی تورکمانی؟
حەسەن توران: یاسای سانت لیگۆ و یەکخستنەوەی بازنەکانی کەرکووک بۆ ئێمە بەسوودە. دووەم، پێویستە وردبینی لە تۆماری دەنگدەران بکەین لە پارێزگای کەرکووک تاوەکو ئەو زیادکردنی ناوانە ئاشکرا بکەین کە بەشێوەیەکی ناڕاست بۆسەر تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک زیادکراوە، ئەمەش دەقێکە لە یاسای هەڵبژاردنەکان. ئێمە دەڵێین پێویستە کەرکووک بۆ خەڵکە کەرکووکییەکان بێت نەک کەسانی دیکە بێن لە هەر ناوچەیەکەوە بێت و بەشداربن لەگەڵمان لە دیاریکردنی چارەنووسی پارێزگاکە. کەرکووک 16 کورسی دەبێت؛ 15 کورسی ئاسایی و یەک کورسی بۆ کۆتا بۆ برایانی کریستیان، بەو واتایەی کە بەگوێرەی ژمارەکە 9 کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەن دەتوانن پارێزگار و جێگری پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێرن. هیوادارین لەسەر مۆدێلێک رێکبکەوین هەروەکو لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازمان کرد، بەڕێوەبردنێکی هاوبەش هەبێت بە رێژەی 32٪ و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکووک هەبێت. پێویستمان بەوەیە کە لەگەڵ یەکدیدا رێبکەوین بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەک پێکبێنین لە دوای هەڵبژاردن. ئەو هاوپەیمانییە کاربکات بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان لە دەسەڵاتدا بەشداربن، پەیمانی دڵنیایی بدەین بە هەموو پێکهاتەکان کە تۆ دەتوانیت ببیتە پارێزگار، تۆ دەتوانیت ببیتە جێگری پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن، قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیس، نەک پۆستەکە بۆ یەک پێکهاتە یان دوو پێکهاتە بێت. سێیەم، کاردەکەین لەسەر پتەوکردنی ئەو ئاسایشەی لە پارێزگاکەدا هەیە بەتایبەتی لە دوای 2017 و ئەو پێشکەوتنە ئەمنییەی لە پارێزگای کەرکووکدا هەیە. بۆیە من پێموایە ئەگەری رێککەوتن لە دوای هەڵبژاردن، ئەنجامەکان ناچارمان دەکات کە رێکبکەوین، ئەگەر پێش هەڵبژاردنەکان رێکنەکەوین.
رووداو: ئایا ئامادەیی هەیە بۆ ئەوەی زەمینەیەک خۆشبکرێت؟ گفتوگۆ و پەیوەندی لەنێوان پێکهاتەکان، لەنێوان ئێوە و کورد و عەرەب بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن پێش هەڵبژاردن هەیە یان تاوەکو ئێستا هیچ نییە؟
حەسەن توران: نەخێر، تاوەکو ئێستا ئەم جۆرە گفتوگۆیانە نییە، جگە لە گفتوگۆکانی یونامی هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆ نییە. هیوادارین گفتوگۆ هەبێت. ئێمە دوور نین لە گفتوگۆکان، هەر لایەنێک هەوڵ بدات یان ویستی هەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵمان، ئێمە ئامادەین گفتوگۆی لەگەڵ بکەین، بەڵام پێم وایە بەشێک لە گفتوگۆکان دوادەخرێن بۆ دوای هەڵبژاردن. هیوادارام هەڵبژاردنێکی بێگەرد هەبێت و ساختەکاری تێدا نەبێت و نەبێتە هۆکارێک بۆ ئاڵۆزکردنی کێشەکە لە کەرکووک، بەڵکو ببێتە هۆکارێکی بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێو پارێزگاکە. پاشان، دەستاودەستکردنی پۆستەکان گرنگە. با بڵێین لە دوای هەڵبژاردن ئێمە خولێکی هەڵبژاردنمان هەیە بۆ چوار ساڵ، بۆچی پارێزگار هەر بۆ یەک پێکهاتە بێت؟ با رێکبکەوین رێککەوتنێکی سیاسی کە ساڵێک یان دوو ساڵ بۆ تورکمان بێت و دوو ساڵی بۆ عەرەب و دوو ساڵ بۆ کورد، واتە ئەو ماوەیە بەپێی رێککەوتنەکە.
رووداو: کەواتە ئەمە داڕشتنێکە کە هەتانە؟
حەسەن توران: بەڵێ، بە فەرمیش پێشکێشمان کردووە لە دانوستاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو لایەنەی کە بەمە رازی نییە لایەنی کوردییە، لایەنی عەرەبی رازییە.
رووداو: ئێوە زۆر هەستیارن بە سەرۆکی لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە کوردە، بۆچی؟
حەسەن توران: بەڵێ، یەکەم بۆ شکاندنی ئەو فەلسەفەیە کە دەبێت ئەو پۆستە بۆ پێکهاتەی کورد بێت لە 2004وە تاوەکو ئەمڕۆ. من دەپرسم ئایا لە پێکهاتەی تورکمان یان عەرەب کەسێکی لێهاتوو نییە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمیسیۆنی کەرکووک بۆ نموونە؟ دووەم، کۆمیسیۆن خۆی پەیڕەوی ناوخۆی راگەیاندووە. پەیڕەوەی ناوخۆی کۆمیسیۆن خۆی، بەڕێوەبەری ئێستا و زۆر لەوانەی پۆستیان لەناو کۆمسیۆنی کەرکووکدا هەیە پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆن کە کۆمیسیۆن دەریکردووە، واتە پلەی وەزیفی و ناونیشانی وەزیفییەکە یەکناگرێتەوە لەگەڵ پۆستەکەدا.
رووداو: لە ساڵانی رابردوودا بینیمان کە ئەندامان و نوێنەرانی تورکمان هەن لەنێو حیزبی دیکەدا، بەتایبەتیش حیزبە شیعەکان. ئەم دەنگانە لە رابردوودا هەموویان یان زۆرینەی بۆ بەرەی تورکمانی بوون، ئایە ململانێی مەزهەبی کاریگەری هەبوو لەسەرتان؟
حەسەن توران: وەکو دەزانیت، لە کەرکووک زیاتر لە ئینتیمایەک هەیە بۆ هەموو پێکهاتەکان. بۆ نموونە، ئەمڕۆ عەرەب دابەشبوون بۆ هۆز، جبوور و عوبێد و حەمدان و ئەلبو عز و ئەوانە هەن. دابەشبوونی حیزبی لەنێو کورددا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، تەنانەت دابەشبوونی کریستیانیش هەیە، بۆیە ئاساییە کە تورکمانیش ئینتیمای نەتەوەیی و تائیفییان هەبێت.
هەروەها من حکومەتی بەغدا تۆمەتبار دەکەم. حکومەتی بەغدا نایەوێت مامەڵە لەگەڵ تورکمان وەکو نەتەوە بکات، هەندێکجار هەوڵ دەدات کە دابەش بین لە رووی مەزهەبییەوە بۆ سوننە و شیعە. ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی ئەم بابەتەمان روونکردەوە، بە دیاریکراوی لیستی بەرەی یەکخراوی تورکمانی عێراق لە هەموو سەردانەکاندا بۆ لای هەموو سەرکردەکانی عێراق پێمان گوتن ئێمە وەکو تورکمان یەک نەتەوەین و دابەشبوونی مەزهەبی زیانی بۆمان هەیە؛ بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەمان لەگەڵ مەکەن، رەنگە دەستکەوتی حیزبیتان لەم بابەتەدا هەبێت بەڵام زیان بە تورکمان دەگەیێنێت، تەنانەت زیان بە پارێزگای کەرکووک و ئەو پارێزگایانەی تێیاندا نیشتەجێین دەگەیێنێت وەکو سەڵاحەدین و نەینەوا. بۆیە من پێم وایە ئەمڕۆ جیدییەت هەیە لەوەی تورکمان جارێکی دیکە لە لیستێکی یەکگرتووی تورکمانیدا کۆببنەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. من خۆم وەکو سەرۆکی لیستەکە و برایان سەرۆکی پارتەکان پێشنیازمان بۆ هەموو لایەنەکان کردووە کە لیستێکی تورکمانی یەکگرتوو هەبێت کە هەموو تورکمان کۆبکاتەوە دوور لە سەرپێسپاردنە مەزهەبییەکانیان.
رووداو: ژمارەی تورکمان لە کەرکووک و عێراقدا چەندە؟
حەسەن توران: پێم وایە، یەکەم لە عێراق ژمارەیان لە چوار ملیۆن تورکمان کەمتر نییە، ئەگەر بڵێم ژمارەی تورکمان لە کەرکووک چەندە، دەبێت لەگەڵیدا دوو حەقیقەت بڵێم. حەقیقەتی یەکەم ئەوەیە کە لە کۆی چەند؟ لە کۆی یەک ملیۆن و 600 هەزار کەس کە دانیشتووی کەرکووکن چەندیان بە رەچەڵەک خەڵکی پارێزگای کەرکووکن، پێش 2003 ئەوانە بژمێرین کە هاتن یان دوای دوای 2003 ئەوانەی کە هاتن. من پێموایە رێژەی راستەقینەی تورکمان لە کەرکووکییە رەسەنەکان کەمتر نییە لە 50٪.
کاتێک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بووم، ئەو کاتە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەمان پرسیاری کرد و گوتی، ئێوە بۆچی 32٪تان دەوێت، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی پارێزگا 41 ئەندام بوو کە 26 ئەندامی لیستی کوردی بوو، 9 تورکمان و 6 عەرەب و ئێوەش 9 ئەندامن لە کۆی 41. من پێم گوت تۆ لە فەڵەستین، یان قودس کۆنسوڵ بوویت و کێشەی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان لەسەر زەوییە، ئەگەر ئێمە رێژەی 32٪ یان زیاتر نین لە کەرکووک، بۆچی زۆربەی ئەو زەوییانەی کە کێشەی موڵکدارییان لەسەرە زەوی تورکمانە؟ تەنانەت ئەو کاتە راگەیێندراوێکمان هەبوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەبو مازن کە لە حەویجە گوتبووی کەرکووک عرووبی و ئەو شتانەیە، راگەیێندراوی بەرەی تورکمانی کە وەڵامی دایەوە، پێم گوت ئەو زەویەی تۆ لەسەری نیشتەجێی لە حەویجە زەوی ماڵباتی ئاوچی و ماڵباتی قیردارە. بۆیە ئەگەر ئێمە زۆرینە پێکناهێنین بۆچی زۆربەی زەوییەکان ئەگەر لەناو سەنتەری شار بێت یان دەوروبەری، زەوی ماڵباتی تورکمانن.
رووداو: لە هەرێمی کوردستان ژمارەی تورکمان چەندە؟
حەسەن توران: سەرژمێرییەکم لا نییە، بەڵام مامەڵە لەگەڵ تورکمان لەنێو هەرێم کێشەی زۆری تێدایە. ئێمە پێشبینیمان دەکرد کورد کە رووبەڕووی ستەم و پڕۆسەی تەعریب بوونەوە لەلایەن رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە، مامەڵەیان لەگەڵ تورکمان لەنێو هەرێم بەشێوەیەکی باشتر بێت. دوو نموونەت دەدەمێ. نموونەی یەکەم لە کفری کە ناوچەیەکی تورکمانییە لەنێو هەرێم و سەر بە پارێزگای سلێمانییە، ناڵێم بەڕێوەبەری فەرمانگەیەکمان نییە بەڵکو موختارێکمان نییە، گوتارێک بە تورکمانی، گوتاری هەینی قەدەخەیە بۆ هاوڵاتییانی تورکمان لە کفری، ئەمە خاڵێک. خاڵی دووەم نموونەیەکی هەولێرت بۆ دەهێنمەوە، لە هەولێر گۆڕستانێکی تورکمان لەنێو سەنتەری شاری هەولێردا هەیە، رەزامەندیمان وەرگرت و دامەزراوەی تیکای تورکی بڕیاریدا خۆبەخشانە نۆژەنی بکاتەوە، چونکە ئەوانە بەوە بەناوبانگن کە شوێنە مێژووییەکان نۆژەن دەکەنەوە، بەڵام بە داخێکی زۆرەوە ئیرادەیەکی حیزبی و ئیداری لە پارێزگای هەولێر، بێنە پێش چاوی خۆت رێگری لە نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانێکی تورکمانی لە نێو سەنتەری شاری هەولێردا بکات.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم، بەڕێز ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی، گوتاری لە هەرێمی کوردستان کە خۆی وەزیرە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، نەرمی و جیاوازییەکی زۆر گەورەی تێدایە لەگەڵ گوتاری بەرەی تورکمانی لە کەرکووک. ئایە ئەمە دووفاقییە لە سیاسەتتان؟
حەسەن توران: بەرەی تورکمانی، گوتاری روونە و راشکاوە. ئەگەر لە کەرکووک بێت یان هەولێر یان لە نەینەوا یان سەڵاحەدین یان دیالە یان لە بەغدا، بنەماکانمان روونن و ئێمە ناڵێین بۆ نموونە پاڵپشتی پێکەوەژیانی ئاشتاییانە ناکەین لە هەرێم یان لە عێراق، بەڵام مافەکان دەبێت پارێزراوبن.
رووداو: لە رووی خوێندن و بەشداریی دەسەڵات و مافەکانی دیکە، لە کوێ مافی تورکمان پارێزراوترە لە بەغدا یان لە هەولێر؟
حەسەن توران: لە هەردوولا خراپە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ