رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا، هەرێمی کوردستان بە بازاڕێکی گرنگی وەبەرهێنان دەزانێت و چوار کەرتی ستراتیژیی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان دیاریکردووە، کە بریتین لە کشتوکاڵ، تەندروستی، تەکنەلۆژیای سەوز و بەرگریی شارستانی.
لارا هامپشایەر، بەڕێوەبەری بەشی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باس لە وردەکاریی ئەو رێککەوتنە و دەرفەتەکانی بەردەم کۆمپانیا بەریتانییەکان دەکات. هامپشایەر کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەک یەکێک لە چیرۆکە سەرکەوتووەکانی وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان ناودەبات و ئامۆژگاریی وەبەرهێنەران دەکات "پەیوەندی دروست بکەن" و لە نزیکەوە لە ژینگەی کارکردن تێبگەن.
هاوکات، بەرپرسەکەی باڵیۆزخانەی بەریتانیا تیشک دەخاتە سەر پاکێجە بازرگانییە گەورەکەی نێوان بەریتانیا و عێراق کە بەهای 12.3 ملیار پاوەندە و جەخت لەوە دەکاتەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان تەواوکەری ئەو پەیوەندییە گشتییەیە.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لارا هامشایەر، بەڕێوەبەری بەشی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق:
رووداو: لەسەر ئەم بابەتە مەبەستمە گفتوگۆ بکەم لەگەڵ بەڕێز لارا هامپشایەر بەڕێوەبەری بەشی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق. بەڕێز لارا خان سڵاوت لێبێ، ئەم کاتەت باش، خۆشحاڵم گفتوگۆت لەگەڵ دەکەم. دەمەوێت سەرەتا ئەو پرسیارەت لێبکەم پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان بەریتانیا و عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
لارا هامپشایەر: زۆر سوپاس بۆ ئەو پرسیارە. لە ئێستادا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان بەریتانیا و عێراقدا 1.1 ملیار پاوەندە، بەڵام دەبێت بڵێم کە دەرفەتی زۆر هەن بۆ ئەوەی ئەم ژمارەیە زیاتر گەشە بکات و من زۆر بەپەرۆشم بۆ ئەو خواست و ئامانجە بەرزانەی کە هەمانە بۆ ئەوەی ئەم ئاستە بەرزتر بکەینەوە.
رووداو: ئێستا دیارە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی چەندە بەڕێز لارا؟
لارا هامپشایەر: وەک ئاماژەم پێدا، قەبارەی بازرگانییەکە ئێستا 1.1 ملیار پاوەندە، بەڵام لە سەرەتای ئەم ساڵدا راگەیێندراوێکی مێژوویی و گرنگمان هەبوو لەنێوان عێراق و بەریتانیادا. بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە مانگی یەکی ئەم ساڵ سەردانی لەندەنی کرد و لەنێوان هەردوو حکومەتدا پاکێجێکی بازرگانی بە بەهای 12.3 ملیار پاوەند هەناردە لە چەندین کەرتی جیاوازدا راگەیێندرا. پێموایە ئەمە بەڕاستی ئەوە دەردەخات کە چەندین دەرفەتمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا ئەو ژمارەیە زیاتر بکەین. هەروەها پەرۆشی و حەماسەتێکی راستەقینە لەلایەن کۆمپانیا بەریتانییەکانەوە هەیە کە سەیری ئەم جۆرە راگەیێندراوانە دەکەن و دەبینن کە لە راستیدا دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی کاری زیاتر لێرە لە عێراق ئەنجام بدەن. بێگومان، باڵیۆزخانەکەشمان رۆڵی خۆی دەبینێت لە پشتیوانیکردنی ئەو کۆمپانیایانە کاتێک دەیانەوێت بزانن چۆن لێرە کار بکەن، چۆن لە ژینگەی کارکردن تێبگەن، جا ئیتر رێکخستنی یاسایی بێت، کە هەندێکجار دەکرێت ئاڵۆز بێت، یان تەنانەت تەنیا چۆنیەتیی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتەکانی ئێرە بێت. بۆیە، وەک گوتم، پێموایە ئەمە زۆر جێگەی دڵخۆشییە. پێموایە کاری زۆر زیاتر هەیە کە دەکرێت ئەنجام بدرێت و ئێمە باوەڕێکی زۆرمان بە پێشنیازەکانی بەریتانیا و ئەو شتانە هەیە کە کۆمپانیا بەریتانییەکان هەیانە، چ لە رووی کوالێتییەوە بێت یان لە رووی ئامانجە درێژخایەنەکانیانەوە لە بازاڕەکانی دەرەوەدا.
رووداو: دیارترین سێکتەر کامانەن کە پێکهێنەری ئەو پەیوەندییە بازرگانییەن؟
لارا هامپشایەر: سەبارەت بەو پاکێجەی 12.3 ملیار پاوەندییەی کە باسم کرد، ئەمە کۆمەڵێک کەرتی زۆر فراوانی لەخۆگرتبوو، وەک کەرتی گەیاندن، پڕۆژە گەورەکانی ژێرخان، کەرتی بەرگری و ئاسایش و کۆمەڵێک بواری دیکە. بۆیە بوارێکی زۆر فراوان بۆ ئەم پڕۆژانە هەیە. پێموایە توانای گەشەسەندنێکی سەرنجڕاکێش لە هەموو ئەمانەدا هەیە، بەڵام بەتایبەتی لە پەرەپێدانی ژێرخانی بەردەوامدا ئەو توانایە دەیبینین، بۆ نموونە لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبای عێراقدا. هەموومان لە هاویندا دەبینین کە ئەمە ئاڵنگارییە. بۆیە پێمانوایە بەریتانیا شتێکی هەیە پێشکێشی بکات کاتێک دێتە سەر باسی بەرهەمهێنانی کارەبا و تۆڕی گواستنەوە و بەهێزکردنی. هەروەها لە بەهێزکردنی دەستڕاگەیشتن بە توانا و کوالێتییە بەرزەکانی بەرگری و ئاسایش، دەستڕاگەیشتن بە چارەسەرە تەندروستییەکان و دەرمانی کوالێتی بەرز. پێموایە ئەمانە هەمووی ئەو کەرتانەن کە دەرفەتێکی راستەقینەیان تێدایە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان زیاتر بەهێز ببێت. کۆمپانیا بەریتانییەکانیش تایبەتمەندیی ناوازە و شارەزایی راستەقینە و چارەسەری داهێنەرانەیان هەیە کە دەتوانن پێشکێشی بکەن. بۆیە ئەمانە ئەو بوارانەن کە ئێمە زۆر بە پەرۆشین بۆیان.
رووداو: لەو کەرتانەی کە باست کرد، ئەگەر باسی داهاتوو بکەین، ئەو کەرتانە کامانەن کە دەکرێت وەبەرهێنانی زیاتریان تێدا بکرێت و برەوی زیاتریان پێبدرێت؟
لارا هامپشایەر: ئەو پاکێجەی لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵدا راگەیێندرا، بەتایبەتی لە ئەنجامی گفتوگۆیەک بوو لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کە تێیدا ئەوان ئامانجە لەپێشینەکانی خۆیان دیاری کرد، جا ئیتر وەک باسم کرد، لە بواری ژێرخان یان گەیاندن یان وزە بێت. ئەمە گفتوگۆیەکی دوولایەنەیە کە تێیدا ئێمە دەڵێین شارەزایی بەریتانیمان لەم بوارانەدا هەیە و حکومەتی عێراقیش پێمان دەڵێت ئەمانە پڕۆژەی لەپێشینەن بۆ ئێمە. ئەمە سوودی زۆری دەبێت، ئەگەر بتوانم بەراوردی بکەم بە هاوئاهەنگی هەردوولا؛ ئێمە پێداویستییەکان بە داهێنانی بەریتانی و چارەسەری بەریتانی پڕدەکەینەوە. ئەمەش تەنیا بە یەک کەرتی دیاریکراوەوە سنووردار نییە. بۆیە پێموایە ئەو دەرفەتانە لە ئارادان. ئەو پشتیوانییەی کە حکومەتی بەریتانیا پێشکەشی دەکات، کە پێموایە یارمەتیدەرێکی گەورەیە لە بازاڕێکی وەک عێراقدا، لە رێگەی "دامەزراوەی دارایی هەناردەی بەریتانیا"وەیە کە ئاژانسی سەرەکیی قەرزی هەناردەکردنی ئێمەیە. ئەم دامەزراوەیە دەستەبەری، قەرز و بیمە دابین دەکات بۆ پشتیوانیی دارایی ئەم پڕۆژانە، کە متمانە دەداتە کۆمپانیاکان کاتێک دێنە ناو بازاڕێکی نوێوە. بۆیە پێموایە ئەم وەبەرهێنانانە بە پشتیوانیی دامەزراوەی دارایی هەناردەی بەریتانیا، توانایەکی گەورەیان هەیە.
رووداو: تۆ پێت وایە گەورەترین دەرفەتی وەبەرهێنان یانی وەکو ئەو کەرتەی کە زۆرترین گەشە بکات لە داهاتووە پێت وایە لە عێراقدا کەرتی وزە دەبێت کە رۆڵی کۆمپانیا بەریتانییەکان تیایدا کارابێت؟
لارا هامپشایەر: بەڵێ، پێموایە بەدڵنیاییەوە وایە و لە کۆتاییدا کاتێک وەبەرهێنان بە باشی و توانای خۆیەوە کار دەکات، بریتییە لە دابینکردنی پێداویستی و داواکارییەکانی دانیشتووان. پێموایە لەو قۆناخەی ئێستای ئابووریی عێراق و ئەو شتانەی کە حکومەت هەوڵ دەدات بەدەستیان بهێنێت و جێبەجێیان بکات، پڕۆژە گەورەکانی ژێرخانن، جا ئیتر لە بواری پاڵاوتنی ئاودا بێت یان نوێکردنەوەی تۆڕی کارەبادا. ئەمانە شتانێکن کە بەڕاستی بۆ خەڵک گرنگن. ئەمانە ئەو بوارانەن کە پێمانوایە بەریتانیا دەتوانێت کۆمپانیای کەرتی تایبەت بهێنێت بۆ پێشکێشکردنی چارەسەر و کاڵا و خزمەتگوزاری بۆ دابینکردنی ئەم پێداویستییانە. بۆیە، وەک ئاماژەت پێدا، دەرفەتی وەبەرهێنانەکە بە دڵنیاییەوە لە ئارادایە.
رووداو: حکومەتی بەریتانیا چۆن کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی دەکات کە دەیانەوێت بێنە عێراق و وەبەرهێنان و بازرگانی بکەن. ئێوە چییان بۆ دەکەن؟
لارا هامپشایەر: ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە. حکومەتی بەریتانیا هەمیشە بەدوای رێگەچارەدا دەگەڕێت بۆ یارمەتیدانی فراوانکردنی هەناردەی بەریتانیا و دەرفەتە بازرگانییەکان لە دەرەوەی وڵات. لە عێراقیشدا، ئەمە هەم عێراقی فیدراڵ و هەم هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. وەک ئاماژەم پێدا، ئەرکی ئێمەیە کە کوالێتیی پێشنیازەکانی بەریتانیا لە کەرتە جیاوازەکاندا بخەینەڕوو. بۆیە سەرنجی ئێمە لەسەر کارکردنە لەگەڵ کۆمپانیاکان و تێگەیشتنە لەوەی کە لە کوێدا ئاڵۆزی و ئاڵنگاری هەن بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین لە تێپەڕاندنیان، ئەوەش لە رووی ئاسانکاریی کارکردنەوە، جا ئیتر رێکخستنی یاسایی بێت یان پرۆسە بیرۆکراتییەکان، کە راستییەکەی هەندێکجار دەکرێت ئەو ئاڵۆزییانە کەمێک شڵەژان دروست بکەن، بەتایبەتی بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانی بەریتانیا کە سەرچاوەی زۆریان نییە بۆ ئەوەی هەوڵی شیکردنەوەی هەندێک لەم ئاڵنگارییانە بدەن لە بازاڕێکی نوێدا. حکومەتی بەریتانیا لێرەیە بۆ پشتیوانیکردنیان و یارمەتیدانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانە. بەڵام ئەمە دوولایەنەشە. واتە، کاتێک تێدەگەین کە بەربەست هەیە بۆ هاتنە ناو بازاڕێکەوە، ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیدا کار دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا رێگەیەک هەیە کە بتوانین پێکەوە کار بکەین بۆ لابردنی ئەو بەربەستانە یان ئەو پرۆسانەی کە هاتنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ بازاڕەکە و گەشەکردنیان لێرە قورستر دەکەن. لە کۆتاییدا، لە بەرژەوەندیی ئابووریی هەردوو وڵاتە کە کارکردن ئاسان بێت. بۆیە هەر شتێک وەک حکومەت بتوانین بیکەین بۆ پشتیوانیکردنی ئەو پرۆسەیە، جا لەلایەنی بزنسەوە بێت یان لەلایەنی لۆبیکردنەوە بێت بۆ حکومەت، رۆڵێکی سەرەکی هەیە. یەک شتی دیکە کە دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەمەوە، کە پێشتریش باسم کرد، "دامەزراوەی دارایی هەناردەی بەریتانیا"یە، کە ئاژانسی قەرزی هەناردەکردنی بەریتانیایە. ئەمە دڵنیاییەکی زۆر دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانەوێت بێنە ناو بازاڕی ئێرەوە، چونکە دەزانن وەبەرهێنان و سەرمایەکانیان پارێزراون. بۆیە ئەمە ئاسانکارییەکی دیکەیە کە پشتیوانی بۆ ئەو کۆمپانیا بەریتانییانە دابین دەکات کە دەیانەوێت لێرە کار بکەن. ئەمەش شتێک نییە کە تەنیا لێرە لە عێراق بەردەست بێت، بەڵکو لە هەموو جیهاندا بەردەستە و پێشنیازێکی نایابە بۆ کۆمپانیاکان.
رووداو: راتکێشامە نێو پرسیارێکی دیکەوە. بەریتانیا ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتووی هەیە لە بواری خزمەتگوزاری دارایی و بانکی. چیتان کردووە بۆ ئەوەی هیچ نەبێت کەناڵێکی دارایی بدۆزنەوە بۆ کۆمپانیاکانی خۆتان لە کەرتی بانکیدا؟ هیچ نیازتان هەیە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بکەن لە عێراقدا؟
لارا هامپشایەر: پرسیارێکی باشە و دەمەوێت بڵێم ئەمە هێشتا کەرتێکی تاڕادەیەک نوێیە، بۆیە هێشتا کاری زۆرمان لەپێشە بۆ تێگەیشتن لە کەرتی دارایی و بانکی لە عێراق، بۆ ئەوەی بزانین لەکوێدا دەتوانین هاوکاریی عێراق بکەین، هەروەها بۆ دروستکردنی ئارەزوو لەلایەن بانک و دامەزراوە بەریتانییەکانەوە. پێموایە ئەو پرۆسەیە هێشتا زۆر لە سەرەتادایە و لە پەیوەندیداین. بەم دواییانە باڵیۆز لەگەڵ سەرکردەکانی کەرتی خزمەتگوزاریی داراییدا کۆبووەوە بۆ ئەوەی گوێبیستی ئەوە بێت کە ئاڵنگاری و دەرفەتەکان چین و لە کوێدا دەکرێت بتوانین هانی دەرفەتەکانی داهاتوو بدەین. بۆیە پێموایە هێشتا لە سەرەتای پرۆسەکەین. پێموایە ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەستە بە دڵنیابوونەوە لەوەی کە ستانداردەکانی رێکخستنی ئەو کەرتانە بەشی ئەوە دەکەن کە کۆمپانیا و دامەزراوە رۆژئاواییەکان رابکێشن، بەتایبەتی لە کەرتی بانکیدا کە ستانداردی پابەندبوونی زۆر بەرز هەیە، بەتایبەتی لە بەریتانیا و توانای دڵنیابوونەوە لەوەی کە یەکگرتوویی لە هەموو بوارەکاندا هەیە. بۆیە ئەمە شتێکە کە ئێمە هەم لەگەڵ دامەزراوە تایبەتەکاندا کاری لەسەر دەکەین، هەم لەگەڵ دامەزراوەکانی وەک بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتەکان. ئەمەش بۆ ئەوەی بزانین لە کوێدا دەکرێت ئەو گۆڕانکارییانە بکرێن تاوەکو لە کۆتاییدا هاوکاریی زیاتر لەو کەرتەدا ئاسان بکرێت.
رووداو: لارا خان لێم گەڕێ با پرسیارێکت لێ بکەم لەسەر پەیوەندی بازرگانی وەبەرهێنانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئایا ئەم پەیوەندییە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ وە تاوەکو چەند پێت وایە پەیوەندیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان تەواوکەری ئەو پەیوەندییە گشتییەتانە کە هەتانە لەگەڵ عێراقدا؟
لارا هامپشایەر: پێموایە پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە کاتێک دێتە سەر باسی بابەتی بازرگانی. لەبەر ئەوە کاتێکی زۆرمان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بزانین کەرتە سەرەکییەکانی هاوبەشی لە کوێدان. زۆر جێی دڵخۆشییە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بەڵگەنامەیەکی ئامانجە لەپێشینەکانی بازرگانیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد و تێیدا ئەو پیشەسازییە سەرەکییانە دیاریکران کە دەکرێت ببنە پڕۆژە. ئامانجی ئەم بەڵگەنامەیە بەڕاستی ئەوە بوو کە سەرنجمان چڕ بکەینەوە و بمانباتە سەر چەند کەرتێکی دیاریکراو. ئەو چوار کەرتە ستراتیژییەی کە دیاری کراون بریتین لە: تەندروستی، کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیای سەوز و بەرگریی شارستانی. ئامانج لەمەش ئەوەیە کە بتوانین پڕۆژەی زۆر ستراتیژی و ئاستبەرزیان بۆ دابین بکەین. کاتێک سەرکەوتن لەم کەرتانەدا بەدی دەکرێت، بزنسی زیاتر و زیاتر دەیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستان. بۆیە زۆر حەز دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک پڕۆژەی کوالێتی بەرز بهێنێتە سەر مێز بۆ ئەوەی ئێمە لێکۆڵینەوە بکەین و بزانین لە کوێدا دەتوانین کۆمپانیا بەریتانییەکان بهێنینە ناوەوە و چارەسەر لەو کەرتانەدا دابین بکەین. بۆیە پێموایە پەیوەندییەکە بەهێزە. بواری ئەوەی تێدایە بەهێزتر بێت. وەک چۆن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کار دەکەین کە ئارەزووی کارکردن لە عێراق دەکەن، پشتیوانییەکی زۆریش پێشکشش بەو کۆمپانیایانە دەکەین کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و دەیانەوێت وەک بازاڕێک بێنە ناویەوە.
رووداو: یانی ئێستا دەتوانین بزانین لە هەرێمی کوردستان، یانی هیچ کەرتێکی دیاریکراو هەیە کە دەرفەتێکی بەهێز بێت بۆ کۆمپانیا بەریتانییەکان بۆ ئەوەی بێن وەبەرهێنانی تێدا بکەن؟ یانی سەرنجی کۆمپانیا بەریتانییەکان رابکێشێت؟ هیچ چیرۆکێکی سەرکەوتوو هەیە لەم بواردا کە حەز بکەی سەرنج بخەیتە سەری؟
لارا هامپشایەر: بەڵێ، مەبەستم ئەوەیە، جگە لەو چوار کەرتەی کە باسم کردن و لە بەڵگەنامەی ئامانجە لەپێشینەکانی بازرگانی لەسەری رێککەوتووین، یەکێک لەو کەرتانەی کە سەرکەوتنی تایبەتمان تێیدا هەبووە و کۆمپانیا بەریتانییەکان بەشدارییەکی زۆریان تێدا کردووە، بواری خوێندن و پەروەردەیە، کە تێیدا بەڕاستی کوالێتیی بەرزی پێشنیازەکانیان پیشان داوە. خواستێکی زۆریش هەیە بۆ ستانداردەکانی خوێندنی بەریتانی. بۆ نموونە، سەرکەوتنێکی گەورە لەم بوارەدا زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانییە، کە لەلایەن زانکۆی لەندەنەوە پشتیوانی دەکرێت، کە خوێندن بۆ زۆرێک لە دانیشتووانە گەنجەکەی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکان و نەوەی داهاتوو دابین دەکات. ئێمە پێمانوایە ئەمە زۆر جێگەی دڵخۆشییە. زۆر بە باشی بەڕێوەچووە. پێموایە بەهۆی سەرکەوتن لەم کەرتەدا، دامەزراوە پەروەردەییە بەریتانییەکانی زیاتر و زیاتر دەبینن کە ئەمە کارێکی گونجاوە و ئارەزوویان لەسەر دەبێت. بۆیە ئەمە یەکێکی دیکەیە لەو کەرتانەی کە پێموایە توانای هاوکاریی زیاتری تێدایە و لە ئێستاشدا زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت.
رووداو: بەڵێ بەڕێز لارا. من لە بەغدا لە 28 بۆ 29ـی مانگی یەک بوو کۆنفرانسی IDP بەڕێوەچوو کۆنفرانسی وزە لە بەغدا و تیایدا باسی رۆڵی کۆمپانیا وەبەرهێنەرە بیانییەکان کرا. ئێستا کۆمپانیای BP یەکێکە لە کۆمپانیا گەورە بەریتانیاکان کە زۆر بەکارایی هاتۆتەوە ناو عێراق و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری دەکات بە کەرکووکیشەوە. دەمەوێت راو سەرنجی حکومەتی ئەمریکا بەریتانیا بزانم لەسەر ئەم بابەتە چۆن پشتیوانی دەکەن بۆ بەشدارییەکی گشتگیر و بەهێز لە بواری وزە و سەرمایەگوزاری لە وزەی پاک بەتایبەت؟
لارا هامپشایەر: وەک باست کرد، کۆمپانیای بی پی کۆمپانیایەکی زۆر سەرکەوتووە لە عێراق و ماوەیەکی زۆرە لێرەیە. بەڵام ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە سیاسەتی بەریتانیا لە مانگی ئاداری 2021ەوە ئەوەیە کە ئێمە بەشداریی هیچ گفتوگۆیەکی بازرگانیی تایبەت بە وزەی نەریتی ناکەین. بۆیە سیاسەتێکمان هەیە کە رێنماییمان دەکات کە ناتوانین بەشداری لەم جۆرە دانوستاندنانە بکەین. بۆیە کاتێک باس دێتە سەر کارەکانی بی پی لێرە لە بواری وزەی نەریتی، ئەوە شتێک نییە کە ئێمە تێیدا بەشدار بین. ئێمە بەشداریی گفتوگۆ یان دانوستاندنەکان ناکەین و ئەوە شتێک نییە کە پشتیوانیمان لێ کردبێت. وەک حکومەتی بەریتانیا، ئێمە فەرمان بەسەر کۆمپانیا بەریتانییەکاندا ناکەین کە چۆن کار بکەن یان چ جۆرە پڕۆژەیەکی بازرگانی ئەنجام بدەن. بۆیە ئێمە بەشداری ئەو پرۆسەیە نەبووین. تێدەگەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک نیگەرانیی هەبووە لەم پرۆسەیەدا، بەڵام وەک گوتم، ئێمە رۆڵمان لەو گفتوگۆیانەدا نەبووە و هانی لایەنەکانمان داوە دڵنیابنەوە لەوەی لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان قسە دەکەن.
رووداو: بەڵێ بەڕێز لارا خان با پرسیاری کۆتاییت لێ بکەم. ئێمە کۆمیتەیەکمان هەیە ئەنجوومەنێکمان هەیە بە ناوی ئەنجوومەنی کاری کوردستانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان. دەمەوێت باسی ئەوم بۆ بکەیت. وە پرسیاری کۆتاییم چ راوێژێکت بۆ ئەوە وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا هەیە؟ وە تاوەکو چەند ئەسڵەن ژینگەی وەبەرهێنان و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ ئەوەی کۆمپانیا بەریتانییەکان بێن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی تیا بکەن و برەو بەو کەرتە بازرگانیانە بدەن؟
لارا هامپشایەر: سەیرکە، پێموایە لە چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانکارییەکی زۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش روویانداوە، بەتایبەتی کاتێک باس دێتە سەر بوارەکانی وەک ئاسایش. کاتێک کۆمپانیا بیانییەکان دەیانەوێت لە بازاڕێکدا وەبەرهێنان بکەن، بە جیدی وەری دەگرن و بیری لێ دەکەنەوە. وەک دیارە، دۆخی ئەمنی ئێستا زۆر جیاوازە لە ساڵانی پێشوو. بۆیە ئەو نیگەرانییانەی کە کۆمپانیاکان پێشتر هەیانبوو، سروشتی ئەو نیگەرانییانە گۆڕاوە. پێموایە وەک باڵیۆزخانە دەتوانین دڵنیایی بدەین لەسەر ئەوەی دۆخی واقیعی چۆنە. دەتوانین زانیاری لەسەر ئەو دەرفەتانە دابین بکەین کە بەردەستن. دەتوانین هەندێک لەو گفتوگۆیانە ئاسان بکەین کە لەنێوان کۆمپانیا ئارەزوومەندەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، یان حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەن. پێموایە ئەو ئاسانکارییە، واتە رەخساندنی ئەو گفتوگۆیانە بۆ تێگەیشتن لەوەی پێداویستییەکان چین و قەبارەی پڕۆژەکان چۆن دەبێت و کۆمپانیا بەریتانییەکان دەتوانن چ کاڵا و خزمەتگوزارییەک دابین بکەن، ئەمە ئەوەیە کە لێرە دەیکەین و ئەنجامی سەرکەوتووی هەبووە. بۆیە ئەوەی دەمەوێت بە وەبەرهێنەرانی بڵێم کە ئارەزووی ئەم بازاڕە دەکەن ئەوەیە: وەرن و پەیوەندی دروست بکەن. پەیوەندییەکان زۆر گرنگن. وەرن و ببینن چی بەردەستە، وەرن و وەزارەتەکان ببینن، وەرن لە پێداویستییەکان تێبگەن و دەست بە گفتوگۆ بکەن. پێموایە لێرەدا زۆرترین سەرکەوتن دەبینین، ئەوەش کاتێک کۆمپانیاکان کاتیان بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندییانە تەرخان کردووە تاوەکو بە ئاسانترین شێوە بێنە ناو بازاڕەکەوە.
رووداو: دەزانی لارا خان خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر کەیفیان بە برەودان بە پەیوەندی بازرگانی دێت لەگەڵ بەریتانیا. بە گوێرەی داتاکانی لای ئێمە 50٪ـی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان لەسەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستان دێن و دەچن ئۆتۆمبێلە بەریتانییەکانن، وەکو لاندرۆڤەر و جاکوار و ئەمانە خواستێکی زۆر زۆری لەسەرە. حەز دەکەم ئەو سەرنجە بە هەند وەربگری کە بازاڕی کوردستان کەرتی دارایی کوردستان زۆر ژینگەیەکی لەباری هەیە بۆ ئەوەی سەرنجی کۆمپانیا بەریتانیاکان رابکێشێت حەز دەکەم تۆش ئەو ئەو حەز و خولیایەت هەبێت.
لارا هامپشایەر: باشە، ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە هەمیشە حەز دەکەین براندە بەریتانییەکان بە سەرکەوتوویی ببینین. بۆیە زۆر دڵخۆشم کە دەبیستم ئۆتۆمبێلی بەریتانی زۆرە لەسەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستان. ئەوە زۆر باشە. حەز دەکەین ئەوە ببینین و هیوادارین زیاتریشی ببینین.
رووداو: زۆر سوپاس..
لارا هامپشایەر: زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ