وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی کورد

16-02-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
تۆبایەس لیندنە، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا.
تۆبایەس لیندنە، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە وەزیرە ئەڵمانیەکە بە رووداوی راگەیاند، بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی کورد و گرنگیشە هەموو پێکهاتەکانی سووریا بەشداری لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیدا بکەن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 16ی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و تۆبایەس لیندنە، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا کۆبوونەوە. 
 
وەزیرە ئەڵمانییەکە لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، "بێگومان ئەمە تەنیا دیدارێکی دیکە و هەنگاوێکی دیکە بوو. ئێمە بە بەردەوامی گفتوگۆ دەکەین. لە ماوەی ئەرکەکەمدا هەوڵم داوە ساڵی جارێک سەردانی هەولێر بکەم. بە بەردەوامی پەیوەندی تەلەفۆنیمان هەیە. بێگومان باسمان لە دۆخی ناوچەکە کرد، هەم لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش."
 
لیندنە لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر کوردانی وڵاتەکەی گوتی، "پێموایە بۆ هەمووان روونە کە ئەڵمانیاش بەرژەوەندییەکی گەورەی هەیە، بەتایبەتی لەبەر رەوەندی گەورەی کوردی کە لە وڵاتەکەماندا هەیە، کە کوردەکانی سووریا لە ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا بژین و بەشداری لە بنیاتنانی سیاسەتی داهاتووی وڵاتەکەیاندا بکەن." 
 
ئەو هەڵوێست و  کارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە کرد، "هەڵسەنگاندنی بەڕێز بارزانی بە سروشتی زۆر زۆر گرنگە بۆ ئێمە. هەروەها گرنگە کە چۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و وڵاتانی دیکە هەڵدەسەنگێنێت. لەم بارەیەوە گفتوگۆمان کرد، هەروەها بۆ ئەوەی بزانین لە کوێ دەتوانین پێکەوە کار بکەین و لە کوێ دەتوانین پەیامی هاوشێوە یان یەکسان بۆ لایەنەکانی دیکە بنێرین."
 
یەکێک لە پرسە گرنگەکانی ئێستای سووریا ئامادەکارییە بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی و ئەمڕۆش یەکەمین کۆبوونەوەی ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاری بەڕێوەچوو. لەبارەی ئەم کۆنفرانسەوە لیندنە بۆ رووداو گوتی، "بۆ ئێمە گرنگە کە وتەکانی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بە کردەوە جێی خۆی بگرێت. ئێمە لەسەر کردەوەکانیان هەڵیاندەسەنگێنین. زۆر گرنگە پرۆسەیەکی گشتگیرمان هەبێت. واتە هەموو نەتەوە و ئایینەکان، هەموو سورییەکان - چ کورد بن، مەسیحی بن، عەلەوی بن، دروزی بن، موسوڵمان بن - بەشداری لە ئامادەکاری و دیالۆگی نیشتمانیدا بکەن، چونکە دەمانەوێت هەموو سوورییەکان لە داهاتوودا دەنگیان لە داهاتووی وڵاتەکەیاندا هەبێت." ئەمە لەکاتێکدایە کورد و درووزەکان هیچ نوێنەرێکیان لە لیژنەی ئامادەکاریدا نییە. 
 
لە کۆتایی قسەکانیدا وەزیرە ئەڵمانییەکە جەختی لە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ کورد کردەوە و گوتی، "بێگومان ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە کورد، چ لە عێراق یان سووریا، پەیوەندییە چڕوپڕەکانمان دەپارێزین."
 
ئەمە 61ـــەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بوو؛ کۆنفرانسەکە سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە، کە تاوەکو 16ـی شوبات، بە بەشداری بەشێکی زۆری سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەورووپا و جیهان بەڕێوەدەچێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات