رووداو دیجیتاڵ
د. بەشارە بەحبەح، نێوەندگیری فەڵەستینی-ئەمریکی و ئەندامی شاندی ترەمپ بۆ ئاگربەستی غەززە، وردەکارییەکانی پشت پەردەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل ئاشکرا دەکات. بەحبەح باس لەوە دەکات کە چۆن حەماس هەر لە سەرەتاوە ئامادەبووە هەموو بارمتەکان ئازاد بکات لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵام ئیسرائیل چەندین جار هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە و پرۆسەکەی بۆ چەندین مانگ درێژ کردووەتەوە.
د. بەحبەح تیشک دەخاتە سەر داهاتووی کەرتی غەززە لە دوای ئاگربەستەکە، لەوانە پرسی چەکدانانی حەماس و پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنۆکراتی فەڵەستینی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری غەززە. هەروەها ئاماژە بە پلانێک دەکات بۆ هاتنەناوەوەی هێزێکی ئەمنی عەرەبی-ئیسلامی بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی، کە بە گوتەی ئەو، حەماسیش ئامادەیی بۆ ئەم گۆڕانکارییە نیشانداوە تاوەکو رۆڵی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا نەمێنێت.
ئەو نێوەندگیرە چارەنووسی چارەسەری دوو دەوڵەت و هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لەم بارەیەوە دەخاتەڕوو، هاوکات نیگەرانی خۆی لەبارەی دۆخی کەرتی رۆژئاوا و چالاکییەکانی ئیسرائیل دەردەبڕێت بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر فەڵەستینییەکان.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دکتۆر بەشار بەحبەح
رووداو: بەڕێز بەشار. دەمەوێت لەوەوە دەست پێبکەم کە بەڕێزتان هەر لە سەرەتای ئامادەکردنی رێککەوتنەکەوە هاوکار بوون، چۆن دەڕواننە ئەو رێککەوتنە و چۆن توانیتان حەماس رازی بکەن کە هەموو بارمتەکان ئازاد بکات؟
بەشارە بەحبەح: کاتێکی زۆرمان پێچوو تاوەکو گەیشتینە ئەم رێککەوتنە. حەماس، یەکەمجار کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ پەیوەندیم پێوەکردن، ئامادەبوون هەموو بارمتەکان رادەست بکەنەوە لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە، بەڵام ئیسرائیل رەتیکردەوە. ئیسرائیل گوتی، دەیەوێت بەرەو رێککەوتنێکی لاوەکی بڕوات. بۆیە بۆ ماوەی چەند مانگێک کارمان کرد، واتە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا رێککەوتنێکی لاوەکی ئامادەبوو و هەمووان لەسەری رێککەوتبوون، بەڵام بەداخەوە ئەو رۆژەی گەیشتە ئیسرائیل، ئیسرائیل هەڵیوەشاندەوە. ئێستا دوای ئەوە قسەی نوێ هاتە ئاراوە، دواترینیان لە مانگی ئابی ئەمساڵ بوو، ئیسرائیل بە رێککەوتنێکی لاوەکیی رازی بوو. حەماس دوای هەفتەیەک بە هەمان رێککەوتن رازی بوو، بەڵام ئەو کاتە ئیسرائیل رای خۆی گۆڕی و گوتی 'ئێمە رێککەوتنی لاوەکیمان ناوێت، رێککەوتنێکی گشتگیرمان دەوێت'. واتە داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە بەرامبەر ئازادکردنی هەموو دیلەکان، هەر لە مانگی ئادارەوە هەبوو، بۆیە ئەمە شتێکی نوێ نییە، چونکە حەماس دەیویست شەڕ کۆتایی پێبێت. سوپاس.
رووداو:بەڕێز بەحبەح، لەدوای ئاگربەستەکە لە چەند رۆژی رابردوودا چەند کەسێک لە کەرتی غەززە کوژراون، ئایا هیچ گوشارێک هەیە لەسەر ئیسرائیل کە ئەو هێرشانە رابگرێت؟
بەشارە بەحبەح: بەداخەوە، ئەزموون لەگەڵ ئیسرائیل دڵنیاکەرەوە نییە. بۆ نموونە، ئەو رۆژەی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئاگربەست راگەیێندرا و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو، حەماس پێی راگەیاندم کە یەک فیشەکیشیان بە ئاراستەی ئیسرائیلییەکان نەتەقاندووە، لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا زیاتر لە 77 هاووڵاتیی سڤیل لە غەززە کوژران. واتە ئەوەی روودەدات، بەداخەوە بەپێی ئەزموونی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل پێشبینیکراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا هیوادارین هەمووان پابەند بن، چونکە ئاگربەست زۆر زۆر گرنگە و خەڵکی غەززە ماندوو بوون و پێویستە غەززە دەست بە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی بکاتەوە. بۆیە ئەگەر لە هەفتەی داهاتووشدا ئەم پێکدادانانە رووبدەن، پێم سەیر نابێت.
رووداو: بەڕێز بەحبەح، باسی ئەوەتان کرد کە دڵنیا نین لەوەی ئیسرائیل پابەندی رێککەوتنەکە بێت. ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی دەروازەی رەفەح دابخات تاوەکو تەرمی هەموو بارمتەکان وەردەگرێتەوە؛ ئایا ئەمە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە نییە، یان لە رێککەوتنەکەدا ئەو مافە بە ئیسرائیل دراوە؟
بەشارە بەحبەح: بارمتە زیندووەکان گەیێندرانە ئیسرائیل، بەڵام حەماس گوتی (هەمووانیش ئەمەیان دەزانی، بە لایەنی ئەمریکی و ئیسرائیلیشەوە) کە دۆزینەوەی تەرمەکان کارێکی قورسە. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە هەندێک تەرم لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە لەژێر خاک نێژراون و دواتر ئەو کەسانە تیرۆر کراون یان کوژراون. بۆیە لێرەدا تاوەکو ئیسرائیل هەموو 28 تەرمەکە بەدەستدەهێنێتەوە، کاتی دەوێت. منیش سەرم سوڕماوە، هەموو جیهان گرنگی بە دیلە ئیسرائیلییەکان و تەرمەکانیان دەدات و لە بیریان کردووە کە ئیسرائیل 11 هەزار زیندانیی فەڵەستینی هەیە، نزیکەی 1950 کەسیان ئازادکران و نزیکەی 9000 زیندانیی فەڵەستینی ماونەتەوە، ئەوانیش هەر بارمتەن. ئایا ئەوان بە ویستی خۆیان چوونەتە زیندانەکانی ئیسرائیل؟ ئایا بە پێی خۆیان چوونەتە ژوورەوە؟ نەخێر، ئیسرائیل رفاندوونی و خستوونیەتە زیندانەکانەوە.
رووداو: بەڕێز بەحبەح، یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە دەبێت حەماس چەک دابنێت. هیچ ئەگەرێک هەیە کە حەماس پابەندی ئەو خاڵە نەبێت؟ چونکە چەند جارێک رایانگەیاندووە کە ئامادە نین چەک دابنێن. ئێوە هیچ زانیارییەکتان لەسەر ئەوە هەیە کە ئایا حەماس ئامادەیە چەک دابنێت؟
بەشارە بەحبەح: پێشتر قسەکە لەسەر ئەوە بوو کە بابەتەکە پەیوەستە بە پێناسەی چەککردنەوە، واتە ئایا چەککردنەوە تەنیا بە واتای رادەستکردنی چەکی قورس دێت؟ پەرەپێنەدانی هیچ چەکێک؟ بەقاچاخنەبردنی هیچ چەکێک؟ ئایا چەککردنەوە رێگە بە مانەوەی چەکی تاکەکەسی دەدات لەگەڵ خەڵک لە غەززە؟ بیرکردنەوەی ئەمریکییەکان ئەوە بوو کە رادەستکردنی چەکە قورسەکان بە لایەنێکی عەرەبیی فەڵەستینی و بەڵێنی حەماس بە پەرەنەدان بە هیچ چەکێک یان بەقاچاخنەبردنیان، بە جێبەجێکردنی پێناسەی چەککردنەوە دادەنرێت لەلایەن حەماسەوە. بەڵام سەبارەت بە چەکی تاکەکەسی، وەکو تفەنگ، رەنگە کەسێک بتوانێت لە کاتی هێرشدا بەرگریی پێ لە خۆی بکات. بۆیە ئەمە سەبارەت بەو پێناسەیەی کە باسی لێوەدەکرا، قبووڵکراو بوو.
رووداو: ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە داهاتوودا هیچ رۆڵێک بۆ حەماس لە کەرتی غەززەدا نییە، ئایا حەماس بەوە رازییە و ئەمە لە رێککەوتنەکەدا جێی کراوەتەوە؟
بەشارە بەحبەح: حەماس چەند مانگێک لەمەوبەر، پێش رێککەوتنە ئێستاییەکە، پێشنیازی کردبوو کە کاروباری بەڕێوەبردنی غەززە رادەستی لیژنەیەکی سەربەخۆی تەکنۆکراتی فەڵەستینی بکرێت. ئەم پێشنیازە لە هەندێک لە رەشنووسی ئەو رێککەوتنانەدا هەبوو کە کارمان لەسەر دەکردن، بەڵام باوەڕ بکەیت یان نا، ئیسرائیل ئەو بڕگەیەی سڕییەوە. بۆچی؟ چونکە ئیسرائیل دەیەوێت حەماس بمێنێتەوە بۆ ئەوەی پاساو بۆ بەردەوامبوونی شەڕ لە غەززە بهێنێتەوە. بۆیە لە روانگەی منەوە، حەماس ئامادەبوو و دووبارە ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ رادەستکردنی ئەم کاروبارانە بە لێژنە تەکنۆکراتەکە. من بەم دواییانە زانیومە کە لیژنەیەک لە 15 کەسی سەربەخۆی فەڵەستینی پێکهێنراوە و لەسەر ناوەکانیان رێککەوتوون، هەروەها لەلایەن رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین و دەسەڵاتی فەڵەستینی و حەماس و میسرییەکانیشەوە پەسندکراون، ئیسرائیلیش سەیری ناوەکانی کردووە و دژیان نەوەستاوەتەوە. کەواتە لایەنەکە چییە؟ مەبەستم لایەنی بەڕێوەبردنی رۆژانەی غەززەیە، هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە بەرپرسیاریێتییەکە لە حەماس وەربگیرێتەوە و بدرێتە ئەو لیژنەیە.
ئێستا بابەتەکە پەیوەندی بەو رۆڵەوە هەیە کە حەماس لە کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی غەززەدا دەیگێڕێت. ئێستا دۆخی غەززە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و پێشتریش هەر وا بووە. واتە ئیسرائیل هانی گرووپ و چەند باندێکی سەر بە خێڵ و عەشیرەتەکانی داوە و پارەی بۆ دابینکردوون بۆ ئەوەی دژی حەماس بوەستنەوە. ئێستا خاڵی یەکلاکەرەوە بۆ هەنگاوی داهاتوو، چوونەژوورەوەی هێزێکی عەرەبی - ئیسلامی و هێزی پۆلیسی فەڵەستینییە بۆ غەززە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاسایش. ئەوەی ئەمڕۆ پێمگەیشتووە ئەوەیە کە باس لەوە دەکرێت ئەمریکا پێشنیازێک بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش کە رێگە بە دامەزراندنی ئەم هێزە عەرەبی - فەڵەستینی - ئیسلامییە سەربەخۆ یان ئەمنییە بدات، چونکە هەندێک وڵات رایانگەیاندووە کە بەبێ رەزامەندیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەبێ بانگهێشتی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین و دەسەڵاتی فەڵەستینی، رەتیدەکەنەوە بچنە نێو غەززە یان هێزی ئەمنی رەوانە بکەن.
رووداو: مەبەستتان ئەوەیە لەدوای ئەم قۆناغە هێزێکی نێودەوڵەتی دەچێتە غەززە و لەڕووی ئەمنییەوە غەززە بەڕێوە دەبات؟
بەشارە بەحبەح: هێزێکی ئەمنیی نێودەوڵەتی، واتە ئیدارەی کەرتی غەززە لە دەستی لێژنە سەربەخۆ فەڵەستینییەکەی 15 کەسیدا دەبێت، بەڵام ئیدارەیەکی ئەمنییش دەبێت. ئیدارە ئەمنییەکە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبێت و پێکهاتەکەی زۆربەی میسری و هەندێک وڵاتی دیکەی عەرەبی و فەڵەستینی و رەنگە هەندێک وڵاتی ئیسلامیش بن. ئەمانە کاروباری غەززە لە رووی ئەمنییەوە بەڕێوەدەبەن، هەروەها لێژنە فەڵەستینییەکەش هەیە کە کاروباری ژیانی رۆژانەی غەززە بەڕێوەدەبات.
رووداو: دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بڕیارە تۆنی بلێر بکرێتە حاکمی غەززە، ئایا شتێکی لەو شێوەیە جێبەجێ دەکرێت و راستە؟
بەشارە بەحبەح: بەو پێیەی تۆ عێراقیت، دەزانیت کە ناوی تۆنی بلێر بەوەوە لکاوە کە لە عێراق روویدا و کوژرانی ملیۆنێک هاووڵاتیی سڤیلی عێراقی لێکەوتەوە. بۆیە چەندین پێشبینی هەن. واتە هیچ حاکمێک بۆ غەززە نابێت، هیچ کەسێک نابێتە حاکمی غەززە. رەنگە رۆڵی لە لیژنەی جێبەجێکار یان لیژنەی ئاشتیدا هەبێت کە سەرۆک ترەمپ سەرۆکایەتیی دەکات، رەنگە رۆڵی هەبێت چونکە ماوەی چەندین مانگە کار لەسەر پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکات و ئەم پلانانە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکادا باسکراون و گوتوویەتی کە بەدڵی بووە. لەم سۆنگەیەوە، ئەگەر رۆڵێکی هەبێت، رۆڵێکی جێبەجێکاری دەبێت نەک وەکو حاکمی غەززە، هەروەها لە سەرەتا و کۆتاییدا لە غەززە نابێت.
رووداو: بەڕێز بەحبەح، چارەنووسی چارەسەریی دوو دەوڵەت چی دەبێت بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپی بەم دواییانە دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەمریکا و بەتایبەتی ئیسرائیل بە توندی رەتی دەکەنەوە. ئایا ئەگەری هەیە ترامپ بۆچوونی لەو بارەیەوە بگۆڕێت؟
بەشارە بەحبەح: بەپێی زانیارییەکانی من، سەرۆک ترەمپ هیچ گرفتێکی ئایدیۆلۆژی یان کرداریی نییە بۆ داننەنان بە دەوڵەتی فەڵەستین. ئیدارەی ئێستای ئەمریکا پێیوایە هەر دانپێدانانێک رەنگە وەکو پاداشتێک بۆ حەماس و ئەو کارانەی کردوویەتی لێکبدرێتەوە. ئەمەش شتێکی ئاساییە کە هەڵەیە؟ واتە ئەوەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر کردی، هەڵە بوو. بۆیە ئەوەی بڵێین داننەنان بە دەوڵەتی فەڵەستین سزادانی هەموو گەلە لەبەرامبەر ئەوەی حەماس کردوویەتی، ئەمەش هەڵەیە. من پێموایە پلانی ترەمپ کە پەسەند کراوە و لە 20 خاڵ پێکدێت، باسی رێڕەوێک دەکات کە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین. ئەمەش هیوای ئێمەیە کە کۆتایی بە چیرۆکی غەززە بهێنین، کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی، دواتر تیشک خستنە سەر ئەوەی لە کەرتی رۆژئاوا روودەدات. کەرتی رۆژئاوا رۆژانە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە وردە وردە داگیر دەکرێت، بەم دواییانە ئامارێکم بینی ئاماژەی بەوە دەکرد کە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، نیشتەجێیە ئیسرائیلییەکان 38 هەزار چالاکییان دژی فەڵەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا ئەنجامداوە. ئەمەش قبووڵکراو نییە. واتە لە کۆتاییدا تاکە گەل لە جیهاندا کە دەوڵەتی نییە، گەلی فەڵەستینە و ئەم پرسە دەبێت کۆتایی پێبێت.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز د. بەشار بەحبەح، نێوەندگیری فەڵەستینیی ئەمریکی و ئەندامی شاندی ترامپ بۆ ئاگربەستی غەززە، کە لە واشنتنەوە لەگەڵمان بوویت.
بەشارە بەحبەح: سوپاس بۆ میوانداریتان، زۆر سوپاس بۆ ئێوە، سڵاوم بۆ خەڵکی عێراق هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ