رووداو دیجیتاڵ
عومەر ئۆجەلان دەڵێت، پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە چەندین هەنگاوی ناوە، ئیدی "دەبێت دەوڵەت هەنگاوی بەرجەستە بنێت." لەبارەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان "لە نزیکەوە چاودێری دەکات."
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی چەندین پرسی سەبارەت بە هەنگاوەکانی پەکەکە بۆ پرۆسەی چارەسەری، شێوازی قسەکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دیدگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی باشووری کوردستان و چەند پرسێکی دیکە کرد.
عومەر ئۆجەلان لەبارەی ئەو زمانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دیدارەکەیان لە ئیمراڵی قسەی پێکردووە دەڵێت، لە کۆی پێنج دیداریان، "زیاتر لە کاژێرێک بە کوردی و بە شێوەزاری کورمانجی بوو، نیو کاژێری کۆتاییش بە تورکی بەردەوام بووین."
عومەر ئۆجەلان لەبارەی دیدگەی ئۆجەلان لەبارەی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "توانای پارتەکە زۆر زۆرە بەوپێیەی نزیکەی 6 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە، سەرۆک ئاپۆ لەمە رازی نییە، دەیەوێت ئەم توانایەی دەم پارتی هەیەتی، گەورەتر بێت، فراوانتر بێت و لایەنە تورکییەکانیش قبووڵی بکەن".
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئاشکرای کرد، لە دیدارەکانیان، ئۆجەلان باسی باشووری کوردستانیشی کردووە و "لە نزیکەوە چاودێریی دەکات، لەڕووی دیموکراسییەوە هەڵسەنگاندنی دەکرد، باسی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، باسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشی کرد، ئەم شتەشی گوت، گوتی پارتی لەنێوخۆی حیزبیشدا دیموکراسی هەیە، پێویستە ئەم دیموکراسیەیان بەهێزتر بکرێت، گرنگی بە باشووری کوردستان دەدات، گرنگی بە سەرکردایەتیی باشووری کوردستان و خاکی باشووری کوردستان دەدات."
دەقی هەڤپیەڤینی رووداو لەگەڵ عومەر ئۆجەلان:
رووداو: ئەم قۆناخەی پرۆسەی ئاشتی، بە چوونتان بۆ ئیمراڵی دەستیپێکردبوو، دواجار دیسان ئێوە چوون و دیدارتان لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامدا، بەڵام وەکو خێزان لە 31ی مانگی رابردوودا سەردانی ئیمراڵیتان کرد، با لەم پرسیارەوە دەستپێبکەم: دیدارەکەتان بە کوردی بوو یان بە تورکی؟
عومەر ئۆجەلان: راستە، یەکەم دیدارمان لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 بوو، دوایین دیداریشمان لە 31ی تشرینی یەکەمی 2025 بوو، وەکو خانەوادە چووین، دوای 11 ساڵ خوشکی سەرۆکیش هاتبوو، دیدارەکەمان زیاتر لە کاژێرێک بە کوردی و بە شێوەزاری کورمانجی بوو، نیو کاژێری کۆتاییش بە تورکی بەردەوام بووین.
رووداو: نێوەڕۆکی گفتوگۆ کاژێرییەکەتان بە کوردی چی بوو؟
عومەر ئۆجەلان: زیاتر باسی خێزان کرا، باسی گوندی کرد، باسی روهای کرد، باسی ئەندامانی خێزان و هاوڕێیانی کرد، سەرۆک ئاپۆ پەیوەندیی لەگەڵ گوندەکانی دەوروبەر هەبوو، باسی هاوڕێیانی گوندەکانی دەوروبەری کرد، باسی گوندە تورکمانەکانیشی کرد، کە زۆر لە شەڕڤانەکانیان کە هاتبوونە ناو پەکەکە و ژیانیان لەدەستدابوو، باسی ئەو خێزانانەی کرد، بەڵام سیاسەتیش بە کوردی هەڵسەنگێندرا.
رووداو: دەمویست ئەوەش بپرسم، کوردییەکەی لەبیر نەکردبوو؟ چونکە ماوەی 27 ساڵە لەوێ بە کوردی قسەی لەگەڵ نەکراوە، هەڵبەتە ماوەیەکی زۆرە دیداری لەگەڵدا نەبووە، کوردی لەبیرکردبوو؟، شتێکی لەو شێوەیەتان هەستپێکرد؟
عومەر ئۆجەلان: بەڕاستی قسەکردن و کوردییەکەی سەرۆک ئاپۆ، هەم ناوچەیی و هەم لە رووی ئەکادیمییەوە بەهێزتر بوو، شێوەزاری ناوچەیی زیاتر تێدابوو، بەڵام کوردییەکی ئەکادیمیشی بەکاردەهێنا، لە رووی لەبیرچوونەوە هیچ شتێک نەبوو، باسی هاوڕێیانی 50 ساڵ و 40 ساڵ لەمەوبەری دەکرد، هەروەها باسی یەکەمین شەهیدەکانیشی دەکرد، لە رووی لەبیرچوونەوە هیچ شتێک نەبوو، لە رووی هۆشمەندی و هەڵوێستەوە بەهێز بوو، یادەوەرییەکی بەرفراوانی هەبوو.
رووداو: گوتت لە دیدارەکەماندا باسی بابەتە سیاسییەکانیشمان کرد، دەمەوێت بە شێوەیەکی روون وەڵام بدەیتەوە، ئۆجەلان و دەوڵەت لەسەر چ بنەمایەک رێککەوتوون؟
عومەر ئۆجەلان: ئێمە دەتوانین ئەوە بڵێین، ساڵێک بەسەر ئەمەدا تێپەڕی، پارتی کرێکارانی کوردستان چەندین هەنگاوی نا، بانگەوازی سەرۆک ئاپۆ کرا، لە بەرامبەر ئەو بانگەوازەدا، پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی دا، کۆنگرەی بەست و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لە کۆنگرەدا دەرکرد، بە شێوەیەکی هێماییش بێت چەکیان سووتاند، زۆر لە ئەندامانی پەکەکە و لە بەڕێوەبەرانی پەکەکەی تێدا بوو، لە دوایین هەنگاویشدا بڕیاری کشانەوە لە باکووری کوردستان درا، دەبێت لە ئێستا بەدواوە دەوڵەتیش هەنگاوی بەرجەستە بنێت، بەڵام سەرۆک ئاپۆ هیچ کاتێک ئەم شتانە ناخاتە بەرباس، بەڵکو دەڵێت ''ئایا کورد چۆن ئەمە دەکەن، چۆن داهاتووی کورد بە شێوەیەکی ستراتیژی دابڕێژین؟'' زیاتر ئەم شتانە شرۆڤە دەکرێن، راستە لایەنێکی ئەم پرسە دەوڵەتە، کۆماری تورکیایە، دەبێت دەوڵەتیش بەپێی ئەم هەنگاوانە هەنگاو بنێت. ئەمانە زیاتر تەکنیکین و زیاتر شتی رۆژانەن، بەڵام دەبێت لەو هەنگاوە رۆژانانە داهاتووی کوردیش دیاریبکرێت.
رووداو: واتا رێککەوتنێکی روون نییە؟ بۆ نموونە داهاتووی کورد چۆن دەبێت؟ ئەو ستاتۆیەی کە ساڵانێکە پارتەکەتان باسی دەکرد، هەمان ستاتۆیە یان ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی بۆ دۆزراوەتەوە؟
عومەر ئۆجەلان: بێگومان دەتوانین بڵێین گۆڕان و وەرچەرخان لەنێو پارت و لەنێو هۆشیاریی کوردیشدا روودەدات، بۆ سەت ساڵ دەگۆڕدرێت و هەروەها سیاسەت دەگۆڕدرێت، زۆربەی لایەنەکانی خەبات و تێکۆشان دەگۆڕدرێن، هەڵبەتە خەباتی کورد بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوام دەبێت، هۆشیارییەکی کوردی بۆ داهاتوو دروستکراوە، هێزێکی دینامیک و هێزێکی چالاکە، بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە، کورد ئەکتەری سەرەکییە، لەو رووەوە رۆڵ و ئەرکی خۆیان دەگێڕن، بەڵام هەندێک هەستیاری هەن، دەبێت ئەم هەستیارییانە لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام ئێستا کورد کەوتووەتە قۆناخێکەوە، لەم قۆناخە گەڕانەوە نییە، تێکۆشانی خۆیان، ئاستەکەی دەگۆڕن، بەخۆیاندا دەچنەوە، گۆڕان و وەرچەرخان دەکەن، کورد بۆ داهاتوو بە ستراتیژێکی نوێ هەنگاو دەنێت، کورد 40 ساڵ، 50 ساڵ پێش ئێستا، هیچ حیسابێکی بۆ نەدەکرا، ئێستا بوونی کورد قبووڵ دەکرێت، ناسنامەی کورد قبووڵ دەکرێت، بەڵام ئەو شتانەی ئێمە باسیان دەکەین، لە داهاتوودا دێنە باسکردن، چۆن ئێستا پێویستی بە هەنگاوی خێرا هەیە، دەبێت ئەم هەنگاوە خێرایانە بنرێن، لە ماوەی درێژخایەندا، چارەسەری ئەم پرسە دێتە باسکردن، چارەسەرکردنی کێشەیەکی 100 ساڵە، شەڕی 41 ساڵە، تێکۆشانی 52 ساڵە، بڕوا ناکەم لە ساڵێکدا چارەسەر بکرێت، هەنگاو بە هەنگاو، بەردەوام دەبێت.
رووداو: ئێستا کەس نازانێت چی روودەدات، نە رۆژنامەڤان دەزانن، نە پەرلەمانتاران دەزانن، نە خەڵک خۆی دەزانێت، هەموو کەسێک لەسەر ئەگەرەکان شرۆڤە دەکات، لەبەرئەوەی ئێوە زۆرترین سەردانی ئیمراڵی دەکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبنەوە، بۆیە من پرسیار دەکەم، واتە ئایا کورد وەکو نەتەوە دەمێنێتەوە؟ کورد چۆن نەتەوە و زمانی خۆی دەپارێزێت، واتە گەرەنتییەکەی چییە؟
عومەر ئۆجەلان: گەرەنتییەکەی خودی کوردن، کورد چەندە تێکۆشانی خۆیان بەرەوپێش ببەن، ئەوەندە داهاتووی خۆیان دروست دەکەن، ئێوەش رۆژنامەڤانن، مافی خۆتانە هەموو پرسیارێک بکەن، بەڵام ئێمە لێرەوە مانشێت دروست ناکەین، سیاسەتی پۆپۆلیستی و میدیایی ناکەین، راستی و حەقیقەتی کوردستان و کورد چی بێت، لەسەر ئەوە سیاسەت دەکەین و تێکۆشانێک بەڕێوەدەبەین، کورد لەبەر ئەم هۆکارە باجی قورسی داوە، من 41 ساڵە لەنێو ئەم دۆزەدام، نەک تەنیا لە باکووری کوردستان، لە هەر چوار پارچەی کوردستان سیاسەتی چەپەڵ لەسەر سڕینەوەی کورد بەڕێوەچوو، بەڵام ئێستا دەوڵەتی تورکیا دەڵێت "من کورد بە ناسنامەی خۆیان و بە هەبوونیان و بە زمانیانەوە قبووڵ دەکەم" داواکاریی ئێمەش هەر ئەمەیە.
رووداو: دەوڵەت وا دەڵێت، رێککەوتنێکی وا هەیە؟
عومەر ئۆجەلان: نکۆڵی نییە، ئەمە هەنگاوی یەکەمە، سەرۆک ئاپۆش وەک لە دیدارەکانیدا باسی دەکات ، قسەیەکی چینییەکان هەیە "گەشتی هەزار کیلۆمەتر بە هەنگاوێک دەستپێدەکات"، پێویستە ئەم هەنگاوە بنرێت، ئەمە 1,000 کیلۆمەترە و ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت، ئێستا هەنگاوی یەکەم نراوە، راستگۆیی دەردەکەوێت، ئیدی کاری بۆ دەکرێت، لەو رووەوە گومانم نییە کورد خۆی دروست دەکاتەوە، بەڵام هەندێک هەنگاویش هەن، کە دەبێت دەوڵەت بیانهاوێژێت، ئێمە ناتوانین هەموو شتێک بخەینە ئەستۆی گەلی کورد، دەبێت دەوڵەتیش بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات.
رووداو: دەوڵەت چی دەکات بۆ نموونە؟ دەوڵەت دەبێ چ هەنگاوێک بنێت؟
عومەر ئۆجەلان: یەکەم، هەڤاڵانی زیندانیکراو هەن، ئەندام و چالاکڤانی پارتی کرێکارانی کوردستان هەن، پێویستە یاسایەک بۆ ئەوان دەربکرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بەشداریی سیاسەتی دیموکراتی بکەن، ئێمە متمانەمان بە خۆمانە، ئەم هۆشمەندییە پڕ لە متمانەبەخۆبوونە، کاتێک قەدەخەی لەسەر هۆشمەندییەکە هەڵبگیرێت هەنگاو بە هەنگاو پرۆسەکە دەڕواتە پێشەوە، تاوەکو ئێستا لە گۆڕەپانی جیهانیدا دژی کورد و لەسەر سیاسەتی کورد بەتیرۆرستکردنێک هەبوو، دیپلۆماسیی تورکیاش لە هەر چوار لای جیهان لەسەر بنەمای سڕینەوەی کورد بەڕێوەدەچوو، کاتێک ئەو قەدەخەیە هەڵدەگیرێت، ئەو بەتیرۆرستکردنەی سەر کورد نەمێنێت، کورد لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەنگاوی گەورە دەنێن و خۆیان دروست دەکەنەوە.
رووداو: لێرەدا ئەو هەنگاوانەی باست کردن کە پێویستە دەوڵەت بیانهاوێژێت، ئەنجامی ئەم کێشەیەن، واتە هەنگاوە سەرەکییەکان چی دەبن؟ ئێوە هەرگیز باسیان ناکەن؟ لەسەر مامەڵەیەک، گەرەنتییەک...
عومەر ئۆجەلان: لە سیاسەتدا مامەڵەکردن دەبێت لەسەر بنەمای متمانەبەخۆبوون بێت، ئەوەی ئێوە باسی دەکەن من تێدەگەم، زمان، ناسنامە، وڵات، بەڕێوەبەریی خۆجێیی! ئەو شتانە بۆ ئێمە شتی سەرەکین، لە سیاسەتدا ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین، ئێمە ئەم جۆرە خەباتە بەڕێوەدەبەین، سەرۆک ئاپۆش بنەمای ئەم شتە ئامادە دەکات، 27 ساڵە لەوێیە، هەموو کاری خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد تەرخان کردووە، پەیوەندییەکی 1,000 ساڵەش هەیە، مرۆڤ دەبێت ئەوەش ببینێت، ئێستا نەک تەنیا بۆ باکووری کوردستانە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە کورد چۆن لەگەڵ گەلانی دیکە بژین، لەگەڵ عەرەب و فارس چۆن بژیێت ، هەروەها کورد لەێو نێوخۆیاندا چۆن دەژین، ئەمەش شتێکی گرنگە..
رووداو: ئەو شتەی کە زۆرترین پرسیاری لەبارەوە دەکرێت و هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارەمان بە راستەوخۆیی وەرنەگرتووە، کاتێک ئەو پرۆسەیە دەستیپێکرد لە سووریا، لە رۆژئاوای کوردستان قۆناخێکی زۆر ناسک و هەستیار هەبوو، ئایا ئێستا چەکدانانی پەکەکە تەنیا بۆ تورکیایە یان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە؟ هیچ کاتێک باسی ئەوەتان کردووە؟
عومەر ئۆجەلان: پەکەکە بەناوی خۆیەوە قسە دەکات، رێبەری پەکەکەش قسە دەکات، بڕیارەکەی پەکەکەش دیار و ئاشکرایە، بەڵام کورد تەنیا لە باکووری کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیا ناژین، لە رۆژئاوا، لە سووریا، لە عێراق، باشووری کوردستان و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەژین، پێویستە کوردی سووریا، لە رۆژئاوا یان باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا با ئەوان بڕیاری خۆیان بدەن، با پەیوەندییان لەگەڵ رژێمی سووریاش دروست ببێت و پێویستە ئەوان رێکبکەون، ئێستا لە کۆماری تورکیاش سووریا زۆر دەخرێتە بەرباس، کوردی ئەوێش، هی سووریا، برای ئێمەن، کاتێک ئەوان(تورکیا) باسی چارەسەرییەک لەگەڵ کوردی باکووری کوردستان دەکەن، دەبێت هەستیاریی دۆخی رۆژئاواش لەبەرچاو بگرن، بابەتی چەک، ئەگەر ئەوان لە رۆژئاوا چەکیان پێیە با بڕیاری خۆیان بدەن.
رووداو: واتە هیچ گفتوگۆ و مامەڵەیەک لەنێوان ئیمراڵی و دەوڵەتدا نییە لەوبارەیەوە؟
عومەر ئۆجەلان: ئێمە شتێکی وا نابینین، بەڵام دەکرێ هەندێک دانوستاندنیش هەبن، گفتوگۆی نێوان دەوڵەتانیش هەیە، بەڵام راستییەکیش هەیە، کوردستان چوار پارچەیە، چوار پارچە لەسەر چوار دەوڵەت دابەشکراوە، بێگومان کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەیە و ئەو راستییەش دەبینین، بەڵام با بڕیارەکانی رۆژئاوا بدەنە دەست کوردی رۆژئاوا خۆیان، کوردی رۆژئاوا باجێکی زۆر گەورەیان دا، نزیکەی 20 هەزار کوڕ و گەنجی خۆیان لەوێ وەکو شەهید بەخشی، کورد تیرۆری داعشیان لە کۆبانێ راگرت، ئەوروپا و جیهانیش ئەوە دەبینێت، من پێموایە با کوردی رۆژئاوا و سووریا خۆیان پاشەرۆژی خۆیان دیاری بکەن، چونکە ئەوان بۆ سووریاش گرنگن، ئێستا رژێمی سووریاش پێویستی بە کوردی سووریا هەیە، لەبەر ئەوە دەڵێین، گەلی کورد گەلێکی زانا، پێشکەوتوو و دیموکراتە کە کورد سوود بە سووریاش دەگەیەنێت بەڵام دەبێت لەنێو یەکڕیزییەکدا ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.
رووداو: لەسەر بابەتی سووریا، گوتت لەوانەیە گفتوگۆی لەسەر کرابێت و دانوستاندنیش کرابێت، مەبەستت چی بوو لەوە؟
عومەر ئۆجەلان: تێکۆشانی رۆژئاوا، بۆ ئێمە تێکۆشانێکی زۆر تایبەت و پیرۆزە، باجێکی زۆر لەوێ درا، ئێمە ناڵێین مامەڵە لەسەر سووریا و کوردی سووریا بکرێت، ئێمە بەشتێکی ئاواش ناوی نابەین، بەڵام کاریگەریی سەرۆک ئاپۆ لە رۆژئاوا و لە سووریاش هەیە، دەبێت بابەتی سووریا لەگەڵ رژێم چارەسەر بکرێت، کاتێک کێشەیەک لە سووریا هەبێت، دەبێت ئەو دەوڵەتبوونە لەوێ هەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاشەوە قبووڵ بکرێت، دەبێت ئەو دانوستاندنە لەگەڵ رژێمی سووریا و کوردی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بکرێن، دیداریان لەگەڵ بکرێت، بەڵام کاریگەری سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەیە، لەم چەند ساڵەی دواییدا شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، پرسی ئێران و شەڕەکەی، زۆر لەو رووداو و پێشهاتانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەرییان لەسەر پرسی کورد هەبووە، بەڵام کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕست پێموایە رێکخراوە و لە رووداوەکانی 100 ساڵی رابردوو کورد وانەی وەرگرتووە، ئێستا یەکگرتنێکی گەورە هەیە، بەڵام ئەوەش دەزانین کە لەو نێوەندەدا تەنیا کورد نییە، هێزی عەرەبیش هەیە، خەڵکی زۆر جیاواز، ناسنامەی جیاواز و باوەڕی جیاوازیش هەیە، کوردی سووریا دەتوانن کێشەی خۆیان لەگەڵ رژێمی سووریا چارەسەر بکەن، بەڵام پێویستە دەوڵەتی تورکیاش نەرمتر بێت و زیاتر تێبگات، لە چی تێبگات؟ دەبێت تێبگات کە کوردی سووریا برای ئێمەن و لەنێوان پرسووس و کۆبانێ بۆ ئێمە هیچ جیاوازییەک نییە.
رووداو: ئەگەر رێککەوتنێک هەبێت، بۆچی ئەنقەرە لەگەڵ قامشلۆ دانوستاندن ناکات و لەگەڵ شام دانوستاندن دەکات؟
عومەر ئۆجەلان: ئێمە زۆر جار ئەم شتەمان بە راگەیاندنەکانیش گوتووە و باسمان کردووە، لە جیاتی ئەحمەد شەرع، پێویستە دەوڵەتی تورکیا بتوانێت لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ قسە بکات، پێویستە بتوانێت لەگەڵ ساڵح موسلیمیش قسە بکات، پێویستە لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد و ئاڵدار خەلیل و فەوزا یوسفیش قسە بکات، بەڵام ئەم سیاسەتەی سەد ساڵەیە هێشتا بەردەوامە، بوونی کورد بۆ هیچ گەلێک مەترسی نییە، واتە بوونی ئەوانیش بەرامبەر کورد نابێت مەترسی بێت و دەبێ بەو تێگەیشتنە هەنگاو بنێن، تاوەکو ئێستا هەنگاو بە هەنگاو تێگەیستن بۆ بابەتەکە درووست دەبێت، بەڵام پێویستە لەناو چوارچێوەیەی رێککەوتنەکەدا تورکیاش رۆڵی ئەرێنیی خۆی بگێڕێت و بۆ کوردی باکووری کوردستان چارەسەرییەک بهێنێت، پێویستە لەگەڵ کوردی سووریاش رێکبکەون و قبووڵیان بکەن دەبێت ناسنامە، بوون، زمان و وڵاتیان قبووڵ بکرێت.
رووداو: ئایا هیچ سکرتارییەک لە ئیمراڵی دامەزراوە؟
عومەر ئۆجەلان: لە دوورگەی ئیمراڵی ئێستا چوار کەس هەن، سێ کەس لەوانە چەند ساڵێکە لای سەرۆک ئاپۆ بوون، لەنێوانیان هەڤاڵ وەیسی ئازاد کرا، یەکێکی دیکەشیان باری تەندروستیی باش نەبوو هێنایانە دەرەوە و دوای وەرگرتنی چارەسەریی دیسان گەڕێندرایەوە شوێنی خۆی، ئێستا تەنها چوار هاوڕێی زیندانیکراو لەگەڵ سەرۆک ئاپۆن، جگە لەوان هیچ کەسێکی دیکەی لێنییە، من هەر ئەوە دەزانم.
رووداو: جگە لە شاندی ئیمراڵی لە دەرەوە کەس نایەت و ناڕوات؟
عومەر ئۆجەلان: وەکو خانەوادە، ئێمە دەچین. شاندی ئیمراڵی شاندی دەم پارتییە، ئێمە هیوادارین لە داهاتوودا کۆمیسیۆنی پەرلەمانیش، کە لە 51 کەس پێکدێت، ئەگەر چەند نوێنەرێکیشیان بێت، بچنە دوورگەی ئیمراڵی و گوێ لە سەرۆک ئاپۆ بگرن.
رووداو: سکرتاریەتێکی هەیە یان نا؟
عومەر ئۆجەلان: نازانم، بەڵام پێموانییە سکرتاریەتی هەبێت.
رووداو: بۆیە دەپرسم، چونکە داواکارییەک هەبوو بۆ دامەزراندنی سکرتاریەتییەک بۆی.
عومەر ئۆجەلان: راستە، ئەمە شتێکی پێویستە، دەبێت لە داهاتوودا کاتێک رێککەوتن دەکرێت و چارەسەرییەک دێتە پێشەوە، دەبێت کۆمەڵگەی تورکیاش ئەم شتانە قبووڵ بکات، ئێستا ئەو پرۆسەیەی ساڵێکە دەستیپێکردووە، ساڵێک لەمەوبەر ژیان لە دوورگەی ئیمراڵی چۆن بوو، کە ئێستاش بەو شێوەیەیە، هاتووچۆی خێزان هەرچەندە کەمیش بێت بەڵام هەیە، شاندی دەم پارتی هاتووچۆی دەکات، ئەوەی ئێستا هەیە ئەمەیە.
رووداو: لە دیدارەکەی نێوان تۆ و ئۆجەلاندا هیچ باسی ئازادکردن یان ئازادبوونی خۆی کرد، یاخود نا؟
عومەر ئۆجەلان: باسی ئازادکردنی خۆی نەکرد، 5 جار لەگەڵ سەرۆک ئاپۆ هەڤدیتنمان ئەنجامداوە، باسی ئەو شتانەی نەکردووە، کاتێک هاوڕێکانمان دەچن، شاندی دەم پارتیش دەچێت، بەگوێرەی ئەوەی ئێمە دەیزانین باسی ئەو شتانە ناکات، لەو رووەوە، پرسی کوردی لەپێش هەموو شتەکانی دیکەوە دەبینێ، چارەسەریی لەپێش هەموو شتێکەوە بینیوە، بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستانیش لەو بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردۆتەوە، داواکاریی گەلی کوردیش بۆ ئازادیی رێبەر ئۆجەلانە، کاتێک چارەسەرییەک بێتە ئاراوە، کاتێک ئەو شەڕەی ساڵانێکە بەردەوامە کۆتایی دێت، پێویستە هەموو شتێک لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەر رێککەوتن بێت دەبێت سەرکردەی ئەم راپەڕینەش لە بارودۆخێکی ئازاددا بژی.
رووداو: باشە، ئێستا ئەو و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاگاداری یەکدین؟ واتە نامە بۆ یەکدی دەنێرن، پەیام بۆ یەکدی دەنێرن؟
عومەر ئۆجەلان: 5 جار چاوپێکەوتنمان ئەنجامداوە، لەو چاوپێکەوتنانەدا باسی بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش نەکرا.
رووداو: ئەمەشیان بپرسم، لە چاوپێکەوتنەکەتاندا هیچ باست لە دەم پارتی کرد؟ چونکە دەگوترێت پێویستە دەم پارتی بەگوێرەی داواکارییەکانی ئۆجەلان کراسەکەی بگۆڕێت، کراسێکی نوێ لەبەر بکات، ئەمە بەپێی پرۆسە نوێیەکە، کەی دەم پارتی دێتە سەر هێڵی ئۆجەلان؟
عومەر ئۆجەلان: ئێستاش دەم پارتی لەسەر هێڵی ئۆجەلانە، لە 5 چاوپێکەوتنەکەشماندا باسی دەم پارتی کراوە، چونکە توانای پارتەکە زۆر زۆرە بەوپێیەی نزیکەی 6 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە، سەرۆک ئاپۆ لەمە رازی نییە، دەیەوێت ئەم توانایەی دەم پارتی هەیەتی، گەورەتر بێت، فراوانتر بێت و لایەنە تورکییەکانیش قبووڵی بکەن، زۆر جار گفتوگۆ لەبارەی دەم پارتی، لەبارەی بەڕێوەبردن و رێکخستنییەوە دەکرێت، پێیوایە هەل و دەرفەت هەیە کە لە هەموو شارێکی تورکیا سیاسەتێکی بەهێزیی کوردی پەیڕەو بکەن، لە تورکیا سێ باڵی سیاسەت هەن: یەکێکیان ئەوانەن کە پشتیان بە ئایینیی ئیسلام بەستووە و ئاکپارتی نوێنەرایەتییان دەکات، ئەوەی دیکەیان نەتەوەپەرستییە و جەهەپە بۆ هێلی دووەم نوێنەرایەتیی دەکات، دەم پارتیش نوێنەرایەتیی هێڵی سێیەم دەکات، ئەمیش هێڵی دیموکراسییە، دەیەوێت لە تورکیا خۆی فراوانتر و گەورەتر بکات، توانای هەیە بۆ ئەوەش پێویستە بارودۆخی خۆیشی بەگوێرەی ئەمە بگۆڕێت، بۆ ئەم مەبەستە داواکارییەکان زۆرن، هەروەها جاروبار رەخنە، جاروباریش پێشنیاز لەلایەن رێبەر ئۆجەلانەوە دەکرێن.
رووداو: رەنگە رۆژێک بێت ئۆجەلان ببێتە هاوسەرۆک یان سەرۆکی گشتیی دەم پارتی؟
عومەر ئۆجەلان: پێگەی سەرۆک ئۆجەلان، سەرۆکایەتیی دەم پارتی تێدەپەڕێنێت، من وای دەبینم ئەمە هەڵسەنگاندنی منە، هۆشمەندییەکی زۆر گەورەی پەرەپێداوە، زیاتر لە سیاسەتی رۆژانە و قسەی رۆژانە بە ستراتیژییەتێک هەڵسوکەوت دەکات، لە نەبوونەوە هێناوییەتییە ئەم خاڵە، بەڵام نازانین لە داهاتوودا چی دێتە پێشمان و چۆن دەبێت، راستە ئێستا دەم پارتی کار دەکات و خەباتێک بەرەوپێشەوە دەبات، بەڵام پێگەی سەرۆک ئاپۆ بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان گرنگە.
رووداو: لە چاوپێکەوتنەکەتاندا هیچ باستان لە هەرێمی کوردستان، یان باسی باشووری کوردستانتان کردووە؟
عومەر ئۆجەلان: زۆر جار باسی هەرێمی کوردستانی دەکرد.
رووداو: چی دەڵێت؟
عومەر ئۆجەلان: سڵاوی خۆی بۆ ناردبوون، ئێمە بە بەرپرسانی سەرکردایەتیی باشووری کوردستانمان گەیاندن، لە نزیکەوە چاودێریی دەکات، لەڕووی دیموکراسییەوە هەڵسەنگاندنی دەکرد، باسی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، باسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشی کرد، ئەم شتەشی گوت، گوتی پارتی لەنێوخۆی حیزبیشدا دیموکراسی هەیە، پێویستە ئەم دیموکراسیەیان بەهێزتر بکرێت، گرنگی بە باشووری کوردستان دەدات، گرنگی بە سەرکردایەتیی باشووری کوردستان و خاکی باشووری کوردستان دەدات.
رووداو: من پرسیارێکی نافەرمی دەکەم، ئۆجەلان پێشتر زۆر حەزی لە تۆپی پێ بوو و یانە سەرەکییەکەشی گەڵاتاسەرای بوو، ئێستا ئامەدسپۆریش هەیە، ئێوە قەت باسی ئەم بابەتەتان کردووە؟
عومەر ئۆجەلان: لەسەر بابەتی وەرزش قسەمان نەکرد، بەڵام ئەوەی من دەیزانم سەرۆک ئاپۆ گرنگی بە وەرزش دەدات، ئاگاداری ئامەدسپۆرە، ئەوەی من دەیزانم، بەڵام هەموو کەسێک دەزانێت کە سەردەمانێک هاندەری گاڵاتاسەرای بوو، ئێستا نازانم لەوانەیە کاتی نەبێت گرنگی بەمە بدات، بەڵام لەڕووی رێکخستنیشیەوە ئەگەر هەشت خاڵی سەرەکی هەبن، ئەوا لەنێو خاڵی رێکخستنی بواری کۆمەڵایەتیدا وەرزشیشی تێدایە.
رووداو: واتە گرنگیی بە ئامەدسپۆر دەدا؟
عومەر ئۆجەلان: بە هەموو شێوەیەک گرنگیی بە ئامەد دەدا.
رووداو: با ئەمەش بپرسم و کۆتایی پێبهێنم، لە یارییەکی ئامەدسپۆردا، پۆستەرێک لەبارەی یادکردنەوەی مستەفا کەمال ئەتاتورک بەرزکرایەوە، تۆ کاتێک ئەوەت بینی، هەستت چی بوو؟ ئەمە یەک، دووەم، ئایا رۆحی پرۆسەی ئاشتی بەم شێوەیە و پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، یان ئەوەی کرا لە دەرەوەی هێڵی پرۆسەکەدا بوو؟
عومەر ئۆجەلان: بابەتی مستەفا کەمال دەتوانین لە زۆر رووەوە گفتوگۆی لەبارەوە بکەین، لە دامەزراندنی کۆماری تورکیادا سەرەتا هاوپەیمانی لەگەڵ کورد کرا، دواتر کورد لە دەرەوەی سیستمەکە هێڵدرانەوە، لە سیستمەکەدا کورد چەندین جار سەرکوت کراوە، ئەمە نەک تەنیا لای من، لای گەلی کوردیش لەبیر ناکرێن، بەڵام ئێمە ئامەد و ئامەدسپۆریشمان خۆشدەوێت، دەمانەوێت ئامەدسپۆر بە سەرکەوتوویی سەربکەوێتە سوپەرلیگ و خەباتێک بکات کە لە بواری وەرزشیدا ببێتە ئەڵتەرناتیڤ و نوێنەرایەتیی کورد و وەرزشی کورد و کولتووری کوردیش لە گۆڕەپانی جیهاندا بکات، بەڵام ئەم بابەتانە کەمێک درێژخایەنن، نازانم نزیکبوونەوەی کورد لەچیدا بێت، هەڵوێستی ئێمەش هەر ئەوە دەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ بەشداربوونت.
عومەر ئۆجەلان: زۆر سوپاس، سەرکەوتن بۆ هەمووتان و رێز و سڵاوم هەیە بۆ بینەرانی رووداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ