رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی عێراق دەڵێت، هەفتەی داهاتوو رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە رەوانەی وەزارەتەکەیان دەکرێن و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقدا بڵاودەکرێنەوە و دوای ئەوە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رۆژی سێشەممە، 18-7-2023، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات لەبارەی چەندین بابەت قسەی کرد. خالید شوانی لە بەشێکی بەرنامەکەدا گوتی، رێنماییەکانی تایبەت بە یاسای بودجە دەرچوون و لەوانەیە "رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو بگەنە وەزارەتی داد و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاویان دەکەینەوە. ئیدی رێوشوێنە یاساییەکان هەموویان تەواو دەبن. پێم وایە تائەو کاتەش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووی تەکنیکییەوە کارەکانیان تەواو دەکەن. ئەوکات یاسای بودجە جێبەجێ دەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستانیش رەوانە دەکرێت".
لەبارەی زەویی جووتیارانی کورد و تورکمانیش لە سنووری پارێزگای کەرکووک، خالید شوانی رایگەیاند، ئەمڕۆ "لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس لەبارەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک پەسندکرا".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خالید شوانی:
رووداو: پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس واتای چییە کە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا؟
خالید شوانی: بەدڵنیایی دۆسێیەکە دۆسێیەکی گرنگە، چونکە بەپێی ئەم بڕیارانە لەدوای ساڵی 1975ـەوە زیاتر لە 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی کورد و تورکمان داگیرکراوە و کراون بە ناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە، وەکو وەزارەتەکانی نەوت و بەرگری و دارایی و کشتوکاڵ. لەدوای ساڵی 2003 زۆر هەوڵدرا بۆئەوەی ئەو زەوییانە بگەڕێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و یاسای دەستەی ناکۆکی موڵکداری دەرچوو، دواتر یاسای داوای خاوەندارێتی دەرچوو، بەڵام ئەو دەستەیە نەیتوانی ئەم کێشەیە یەکلایی بکاتەوە؛ دواتر لە ساڵی 2012 پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەرچوو و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی کاروباری باکووریش ژمارە 29ی ساڵی 2012 دەرچوو. بەو هۆکارە سیاسییانەی کە هەبوون و ئەو رێگرییانەی کە دەکران بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و پرۆژەیاساکان، ئەوانە وەک خۆیان مانەوە و جێبەجێ نەکران. دەرئەنجامیش زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمان جارێکی دیکە کەوتنەوە ژێر هەڕەشەی بەعەرەبکردن و داگیرکردنەوە، بە تایبەتی ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە لە دادگەکانەوە دەردەچوێنرێن بۆ داگیرکردنی ئەو زەوییانە و دوورخستنەوەی کورد و تورکمان لەسەر زەوییەکانی خۆیان.
ئێمە هەر لە سەرەتای یەکەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ساڵی 2006ـەوە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، دواتر لە رێگەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـەوە ئەم دۆسێیە ئامادەکرا و زۆر ئاستەنگیشی بۆ دروستکرا تاوەکو لە دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی ناوەندی، پڕۆژەکەمان پێشکێش بە لایەنەکانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد و توانیمان هاوئاهەنگی لەسەر بکەین و مەرجێکمان دانا کە دەبێت ئەم پڕۆژەیاسایە بە هاوئاهەنگی پێکهاتەکانی کەرکووک تیبەڕێت. لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی ئەم حکومەتەشدا و لەسەر بنەمای کارنامەی حکومەتەکە و بەوپێیەش کە من شارەزایم لە دۆسێیەکەدا هەیە و هاوکات وەزیری دادی عێراقم، هەموو وەزیرە کوردەکان ئەرکەکەیان پێ سپاردم و سوپاسیان دەکەم کە ئەو متمانەیان پێم هەبوو؛ سەرئەنجام ئەو پڕۆژەیەی کە هەبوو هەندێ گۆڕانکاریمان تێدا کرد و لێکتێگەیشتن و سازانی لەسەر دروستبوو لەنێوان پێکهاتەکاندا.
چەندجارێک ئەم بابەتە خرایە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و لە کارنامەکە لادەبرا یان دوادەخرا بە هەندێک هۆکاری سیاسی و هەندێ لە پێکهاتەکانی سوننە پێیان وابوو پێویستە ئەم یاسایە لە کاتێکی گونجاودا دەربکرێت. دەرفەتی زۆرمان پێدان و پشوودرێژ بووین لەگەڵیان تاکو هەفتەی رابردوو لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیراندا گفتوگۆمان کرد و بە راشکاوی پێمان گوت کە دواخستنی ئەم دۆسێیە گەیشتووەتە ئاستێک چی دیکە قبووڵ ناکرێت و مەترسی هەیە پێکدادان دروستبێت لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک و خەڵک و جووتیاران و هێزە سەربازییەکاندا. سەرۆکوەزیران تێگەیشتنێکی زۆر باشی هەبوو و پشتیوانی داواکارییەکەی کردین و بڕیاریدا کە بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و لە بڕگەی یەکەمدا دانرابوو؛ هەربۆیە بێ مشتومڕ و بە کۆی دەنگ پەسندکرا و رەوانەی پەرلەمان کرا.
وردەکاریی پرۆژەکە هەڵوەشاندنەوەی 9 بڕیارە کە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعسن کە بەپێی ئەم بڕیارانە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمان لە ناوچەکانی مەخموورەوە تاکو دووزخوورماتوو دەگرێتەوە. بەپێی بڕگەی یەکەمی ئەم پرۆژەیەش هەموو ئەو زەوییانە دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان. لەبەرئەوەی پرۆژەیاساکە بە رێککەوتنیش دەرچووە بەو ئاراستەیە داڕێژراوە ئەو عەرەبانەی کە خەڵکی کەرکووکن نەک هاوردە، ئەگەر زەوییەکانیان لێ وەربگیرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان، ئەوا بە زەوییەکی دیکە کشتوکاڵی یان قەرەبووی دارایی قەرەبوو دەکرێنەوە.
رووداو: باسی سوننەکانت کرد کە هەندێک تێبینییان هەبووە لەسەر پڕۆژەیاساکە. گەرەنتیی تەواو لە سوننە وەرگیراوە کە کێشەی بۆ دروست نەکەن؟ چونکە لە رابردوودا زۆرجار سوننە گرفتی بۆ چارەسەری کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان دروستکردووە.
خالید شوانی: ئێستا دۆخەکە هاوشێوەی جاران نییە. لە رابردوودا کاتێک ئەم بڕیارانە دەردەچوون سوننە بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکرد، بۆیە کە پڕۆژەکە دەهاتە پەرلەمان و بڕیارەکان دەچوونە دامودەزگاکانی دیکە، ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی کە بەدەست سوننەوە بوون دژی بوون و نەیاندەهێشت رێوشوێنەکان بگەنە کۆتایی، بەڵام ئەمجارە لایەنە سوننەکان لەناو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتدان، چ لەکاتی پێکهێنانی حکومەت و چ ئێستاش لەناو حکومەتەکەدا. چۆن ئێمە داواکاریمان هەیە لەم حکومەت و پەرلەمانە، ئەوانیش بە هەمانشێوە داواکارییان هەیە، واتە ئێمە لە هەندێ دۆسێیەدا پشتیوانی ئەوانمان کرد و ئەوانیش لە بەرامبەردا رەزامەندییان لەسەر هەندێ دۆسێیە و داواکاریی ئێمە دەربڕی. ئەم حکومەتە حکومەتێکی هاوپەیمانییە و پێویستە هاوکاری یەکدی بین؛ بۆیە ئەمجارە ئەوانیش لەگەڵ ئێمەدا دەنگیان دا بێ بەرهەڵستی، چونکە پێشتر لێکتێگەیشتنمان هەبوو.
خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە هەندێ کارتی دیکە هەن وەکو تاکتیک ئێمە دەتوانین بەکاریان بهێنین، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی کە بەلای سوننەوە گرنگن و پێویستیان بە دەنگی کوردە، دەتوانین لەناو پەرلەمانیشدا هاوشێوەی حکومەت ئەم ئەزموونە دووبارە بکەینەوە و هاوکاری یەکدی بین.دەتوانرێت ئەم پرۆژەیە تێپەڕێندرێت، چونکە لایەنە شیعەکان پشتگیری دەکەن؛ کورد و تورکمان پشتگیری دەکەن؛ عەرەبی سوننەش دژی نین و لەگەڵماندا رێککەوتوون. بۆیە گەشبینم کە ئەمجارە لەناو پەرلەماندا تێدەپەڕێ، بەڵام پێش هەموو شتێک پێویستمان بە کۆدەنگی هێزە کوردستانییەکانە.
رووداو: چەند جارێک جەختت لە یەکهەڵوێستی هێزە کوردستانییەکان کردەوە. پێویستە لایەنە کوردستانییەکان چی بکەن بۆ پڕۆژەیاسایەکی لەمجۆرە کە دەبێتە بەشێک لە جێبەجێکردنی مادەی 140؟
خالید شوانی: بەداخەوە، ئەو ژانەی کە خەڵکی کەرکووک هەیەتی لەلایەک و کەمتەرخەمی هێزە کوردستانییەکانیش لەلایەکی دیکە؛ هیچکات خەڵکی کەرکووک وەک ئێستا رەوشی خراپ نەبووە و هیچکاتیش هێندەی ئێستا خەڵکی کەرکووک چاوەڕێی ئەوە نییە کە هێزە کوردستانییەکان یەکگرتوو بن، چونکە کەرکووک رووبەڕووی کۆمەڵێک پرسی گرنگ و هەستیار دەبێتەوە کە بەرپرسیارێتی مێژوویی لەسەر شانی ئەم هێزە کوردستانییانەیە بەداخەوە دۆسێیەکی گەورەی وەکو کەرکووک کە لە هەموو شۆڕشەکاندا کاری لەپیشینەمان بوو، ئێستا کە رووبەڕووی هەڵبژاردن دەبینەوە هەموو هێزەکانی دیکە خۆیان ئامادە دەکەن بەڵام هێزە کوردییەکان ئەوەندەی خەریکی رکابەری یەکدین ئەوەندە ئامادەنین یەکڕیز و تەبا بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی کورد.
ئێستا دەڵێین دیفاکتۆیەک دروستبووە کە هێزی سەربازی لە کەرکووکە و ئیدارەکە ناشەرعییە، بەڵام ئەگەر ئێمە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و هەڵبژاردندا ئەوشارە بدۆڕێنین بەهۆی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، ئەوا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەکەوێتە سەر شانی هێزە کوردییەکان کە بەمشێوەیە مامەڵە بکەن لە کەرکووک. پێویستە هەمووان یەکڕیز بن چ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کە تاقیکردنەوەیەکی قورسە و پێویستمان بە یەکگرتوویی هەیە، گوناهە ناکۆکی و ململانێیەکانی هەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ کەرکووک و بەمشێوەیە لەدەستی بدەین. کاتی ئەوەیە ناکۆکییەکانمان وەلابنێین. هەموومان رەخنەمان لە یەکتر هەیە، بەڵام کەرکووک لە هەمووان گەورەترە. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە هەموو هێزە کوردستانییەکان لە بابەتی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی بەعسدا پێکەوە کار بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەکەن، چونکە بابەتێکی نیشتمانییە.
رووداو: کەی ئەم پڕۆژەیاسایە لە پەرلەمان تێدەپەڕێت؟
خالید شوانی: با ئەم وەڵامە بمێنێ بۆ برادەرانی پەرلەمانتاران و ئەوان باشتر شارەزاری دۆخی ناو پەرلەمانن ئێستا. کاتێک پرۆژەکە بە فەرمی گەیشتە پەرلەمان، کاتی ئەوەیە ئەوان قسەی لەسەر بکەن و هەوڵی جیدی بدەن بۆ دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی لەبارەیەوە. ئەم پرۆژەیە بۆ ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەیە کە نزیکەی 400 هەزار دۆنم زەوییە و لەبارەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعسە، بەڵام ژمارەیەک بڕیاری لیژنەی کاروباری باکووریش هەن، لە ماوەی رابردوودا دوور لە چاوی راگەیاندنەکان کارمان لەسەر کردوون لە وەزارەتی داد و گەیشتوونەتە ئەنجامێکی باش و دەستمان کردووە بە رێوشوێنەکانی جێبەجێکردن، بەڵام لە ئێستادا لەمە زیاتر باس ناکەین لە راگەیاندندا.
رووداو: جیاواز لەم مژارە، بەو پێیەی ئێوە لە ئەنجوومەنی وەزیرانن هیچ هەواڵێکی نوێ لەبارەی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا هەیە؟
خالید شوانی: ئەوەی پەیوەندی بە بودجەوە هەیە ئەوە بودجە تێپەڕیوە و پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و سەرقاڵی دانوستاندنن و هەنگاویان بڕیوە و چەند لێژنەیەکی لاوەکییان دروست کردووە. ئەوەی ئێمە لەگەڵ بەرێز سەرۆکوەزیراندا باسمان کردووە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین، سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە کە هەموو کارئاسانییەک بکرێت بۆئەوەی رێککەوتنی کۆتایی بکرێت و لێژنەکان بە پەلە کارەکانی خۆیان تەواو بکەن تاکو پشکی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە خەرج بکریت.
رووداو: ئەی تاوەکو دەرچوواندنی رێنمایی و رێککەوتن بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، بەغدا بە قەرز پارە دەدات بە هەرێمی کوردستان؟
خالید شوانی: رێنماییەکان دەرچوون و رەنگە بۆ رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو بگەنە وەزارەتی داد و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاویان دەکەینەوە، ئیدی رێوشوێنە یاساییەکان تەواو دەبن. پێم وایە تا ئەو کاتەش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرووی تەکنیکییەوە کارەکانیان تەواو دەکەن. پێم وا نییە ئاستەنگی زۆر گەورە هەبێت لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە، بەتایبەتی کە ئەوەندەی من ئاگادار بم حکومەتی عێراق رێنمایی سیاسیی داوەتە تیمەکەی کە ئەوپەڕی کارئاسانی بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکان و لەسەر هەندێ وردەکاری گرفت دروست نەکرێت.
لەگەڵ زۆر لایەنیاندا قسەمان کردووە کە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی زۆر ناهەموارە و چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. ئێستا هەرێمی کوردستان نەوتیش هەناردە ناکات و بە پێی یاسا نەوتەکە رادەستی عێراق کراوە؛ بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بە ئەرکەکانی خۆی هەستێ. ئەوان تێگەیشتنی تەواویان هەیە و لەگەڵ ئەوەدان بڕگەکانی بودجە جێبەجێ بکرێن. دەمێنێتەوە سەر ئەوەی لیژنە تەکنیکییەکان کارەکانیان تەواو بکەن و پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ