رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی دەڵێت: حکومەتی خۆجێی کەرکووک حکومەتێكی پەککەوتووە و نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە ناکات.
حەسەن تۆران، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە دۆخی ئێستای پارێزگای کەرکووک دەکات و پێیوایە حکومەتی خۆجێی لەو پارێزگایە بە ناتەندروست پێکهێنراوە، هەربۆیە سەرکەوتوو نەبووە.
رەخنەش لە سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: یەکێتی تەنانەت لە سیاسەتی مام جەلال لایداوە لەبەرامبەر پێکهاتەکانی کەرکووک.
دەقی گوتەکانی حەسەن تۆران، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ:
رووداو: سەرەتا دەمەوێت بۆچوونتان لەبارەی دۆخی ئێستای کەرکووک بزانم، بەتایبەتی سەبارەت بە حکومەتی خۆجێی، ئێستا دۆخەکە چۆن دەبینیت؟
حەسەن تۆران: بێگومان من هیواخوازبووم دوای 18 ساڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 2005 تاوەکو 2023، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی خۆجێی هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن، پێشتر لەوبارەوە هۆشداریمان دا و خستمانەڕوو لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دواتریش لە پەرلەمان، گوتمان حکومەتی کەرکووک، بەبێ گوێدانە ئەنجامەکان، پێویستە پێکهاتبێت لە هەمووان، تورکمان و کورد و عەرەب و خوشک و برایانی کریستیان، بەداخەوە، ئێمە وەکو لیستی بەرەی تورکمانیی عێراقی یەکگرتوو، بیرۆکەی بەشداریکردنی هەموومانمان خستەڕوو بۆ بەڕێوەبردنی 32%ـی پۆستەکان بە شێوەیەکی یەکسان و گۆڕینەوەی پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرانی پارێزگار لەنێوان پێکهاتەکاندا، بەداخەوە ئەم پێشنیازە قبووڵ نەکرا، ئەمڕۆ حکومەتێک پێکهێنراوە بەبێ پێکهاتەیەکی سەرەکی کە پێکهاتەی تورکمانە، بەبێ نیوەی عەرەبەکان کە لیستی سەروەرییە، هەروەها بەبێ بوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێکهاتەی حکومەتەکەدا، پێموایە حکومەتێکی پەککەوتووە، حکومەتێکە هەموو لایەنەکانی خەڵکی کەرکووک لێی ناڕازین، بۆیە پێموانییە سەرکەوتوو بووبێت، سەرکەوتوو نابێت مادام لەسەر بنەمای پەراوێزخستن دامەزراوە.
رووداو: ئایا ئەو کەسانەی لە تورکمانەکانن و لە حکومەتەکەدان، بە سیاسەتڤانی تورکمانی هەژماریان ناکەن؟ ئایا ئەوان لە پشکی تورکمان هەژمار ناکرێن؟
حەسەن تۆران: ئەو کەسەی بەشدارە، لە بنەڕەتدا لەلایەن ئەندامانی ئێستای ئەنجوومەنی پارێزگاوە بەربژێر نەکراوە، هەروەها لەلایەن لیستی بەرەی تورکمانیی عێراقی یەکگرتووەوە بەربژێر نەکراوە جگە لەوەش بەهۆی وەرگرتنی ئەم پۆستەوە لە حیزب دەرکراوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی ئێمە ناکەن.
رووداو: ئەم دۆخە لە کەرکووک چۆن رەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەبێت؟
حەسەن تۆران: بە پێچەوانەوە پێموایە دەبێتە هۆی پاراستنی جەماوەرەکەمان، دەبێت بەشدار بین بۆ راستکردنەوەی ئەم واقیعە هەڵە و دۆزەخییەی پارێزگاکە پێیدا تێدەپەڕێت، لە رێگەی بەشدارییەکی فراوانەوە لە هەڵبژاردنەکان، بەشدارییەکی فراوان دەبێتە وەڵامێک لەلایەن ئەو فراکسیۆنانەی رێگەیان پێنەدراوە بەشداریی حکومەتی خۆجێیی بکەن، بۆ خۆسەلماندنیان، هەروەها سەلماندنی بەهای راستەقینەی خۆیان لە هاوکێشەی کەرکووکدا.
رووداو: لە چوارچێوەی هاوکێشەی سیاسیی کەرکووکدا، تورکمانەکان لە کوێ دەبینیت؟ لە چ هاوبەشێکەوە نزیکن؟ چونکە کاتێک باسی کورد دەکەین، چەندین لایەن هەن، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، هەروەها عەرەبیش هەن عەزم و سیادە هەردووکیان لە کەرکووکن، کێ بە نزیکترین دەبینیت لە بۆچوونی تورکمانەکانەوە بۆ بەڕێوەبردنی کەرکووک یان بۆ هاوپەیمانییەکانی داهاتوو؟
حەسەن تۆران: پێش پێکهێنانی ئەم حکومەتە، بەڕێز سەرۆکوەزیران دەستپێشخەرییەکی راگەیاند بە ناوی دەستپێشخەریی کەرکووک، ئێمە سێ کۆبوونەوەمان کرد، بەم بۆنەیەوە ئەم حکومەتە خۆجێیەی ئێستا تەنانەت دەستپێشخەریی سەرۆکوەزیرانیشی پووچەڵکردەوە، مەبەست لە کۆبوونەوەی دەستپێشخەری کەرکووک ئەوە بوو کە هەموو لیستە براوەکان بەشدار بن، من پڕۆژەی دەستاودەستکردنی پۆستە گرنگەکانی پارێزگای کەرکووک کە بریتین لە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرانی پارێزگارم خستەڕوو، تەنیا ئەوانەی پشتگیرییان کردم نزیکی منن لە خستنەڕووی پڕۆژەی دەستاودەستی پۆستی پارێزگار و ئەوەی لەنێوان تورکمان و کورد و عەرەبدا بێت، لیستی "سیادە" شێخ خەمیس خەنجەر رەزامەندیی پێشاندا، پارتی دیموکراتی کوردستانیش رەزامەند بوو، بەداخەوە ئەوانەی دژایەتییان کردم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون و گوتیان قبووڵی دەکەین بەڵام تەنیا لەنێوان کورد و عەرەبدا بێت بەبێ تورکمانەکان، نیازیان بۆ پەراوێزخستنی پێکهاتەی تورکمان روون بوو، بۆیە ئەوانەی لێم نزیکن ئەوانەن باوەڕیان بە پڕۆژەکەم هەیە، پشتگیریی ئەوە دەکەن من خستوومەتەڕوو، بەم بۆنەیەشەوە من هیچ شتێکم نەخستووەتەڕوو تەنیا ئەوە نەبێ باوەڕم وایە کەرکووک و داهاتوو و ئاسایشی بە یەکلایەنە و بە پەراوێزخستن نایەتەدی، پێویستی بە یەکگرتنی نەتەوەکانی تورکمان و کورد و عەرەب هەیە، بەڵام ئەگەر لایەنێک بە تەنیا پارێزگاکە بەڕێوە ببات، پێموایە ئەمە رێگەیەکی هەڵەیە، ئەمڕۆ یەکێتی تەنانەت لە سیاسەتی مام جەلالیش دوورکەوتووەتەوە، من بەرپرسم لە قسەکانم، مام جەلال بۆچوونی بۆ کەرکووک 32% بوو بۆ هەر نەتەوەیەک، لە دیدارێکی پێشتردا گوتی من لەگەڵ بیرۆکەی دەستاودەستی پۆستی پارێزگار و پۆستە گرنگەکانی کەرکووکدام، ئەمڕۆ یەکێتی تەنانەت لە سیاسەتی مام جەلالیش لایداوە
رووداو: ئایا پێتوایە لە کۆتایی ئەم ساڵ گۆڕانکاریی لە پۆستی پارێزگار دەکرێت؟
حەسەن تۆران: گرنگتر لە گۆڕانکاریی پۆستی پارێزگار، باوەڕییە بە بەڕێوەبردنی هاوبەش لە پارێزگای کەرکووک، پارێزگاکە هی هەموومانە و هیچ لایەنێک بە تەنیا دەست بەسەر دەسەڵاتدا نەگرێت، هیواخوازم دەستاودەستی پۆستی پارێزگار بکرێت.
رووداو: لە ساڵانی رابردوودا جۆرێک لە پەرتەوازەییمان لە دەنگی تورکماندا بینی، بۆ نموونە دوای 2003، تاکە لایەن کە نوێنەرایەتیی دەنگی تورکمانەکانی دەکرد بەتایبەتی لە کەرکووک، بەرەی تورکمانیی عێراقی بوو، بەڵام پارتەکانی دیکە هاتنە سەر هێڵ و کورسییەکانی تورکمانەکانیان لە کەرکووک برد، ئەوانەش لە بەرەی تورکمانیی عێراقی نەبوون، هۆکار چییە؟ ئایا پێتوایە ئەمە ئەنجامێکی سیاسیی سرووشتییە یان دەستێک لە پشت پەرتەوازەکردنی دەنگی تورکمانەوە هەیە؟
حەسەن تۆران: پێموایە هۆکار زۆرن، بەشێکی گەورەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان، لەو حکومەتەدا کورتی ناکەمەوە بەڵکو تەنانەت لە کاتی عادل عەبدولمەهدیشەوە دواتریش ئەو حکومەتە، تەنانەت پۆستی وەزیر و بریکاری وەزیر، سەرەڕای ئەوەی ئێمە تاکە لیستی تورکمانیین لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پۆستە گرنگەکانی دەوڵەتمان پێنەدرا، هەروەها وەکو گوتت ویستێک هەیە بۆ پەرتەوازەکردنی ریزەکانی تورکمان، بەڵام پێموایە دەنگدەرانی تورکمان هۆشیارن، بۆیە لە 2023دا هاوکێشەکە یەکێک بوو، زۆرینەی تورکمانەکان تەنیا دەنگیان بە لیستی بەرەی تورکمانیی عێراقی یەکگرتوو دا، هیواخوازم لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووشدا بە هەمان شێوە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ