تەحسین خەفاجی بۆ رووداو: سنوورەکانی عێراق و سووریا لە باشترین دۆخدان و بە سیستمی پێشکەوتوو دەپارێزرێن

20-11-2025
هۆرڤان رەفعەت
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، رایگەیاند کە دۆخی سنوورەکانی عێراق بە گشتی و سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا بە تایبەتی، ئێستا لە "سەقامگیرترین و باشترین دۆخدایە."
 
رۆژی چوارشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2025، لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو گوتی: "سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە هاوئاهەنگییەکی بەردەوامدان بۆ پاراستنی سنوورەکان و رێگریکردن لە هەر جموجۆڵێکی تیرۆریستی یان تاوانکاری."
 
خەفاجی وردەکاریی زیاتری خستەڕوو لەبارەی رێکارە نوێیەکانی پاراستنی سنوورەکانی عێراق و سووریا، کە درێژییەکەی 610 کیلۆمەترە. ئاماژەی بەوەدا کە خەندەقێک بە درێژایی سنوورەکە هەڵکەندراوە بە قووڵی سێ مەتر و پانی سێ مەتر، لەگەڵ دروستکردنی تاوەری چاودێری بەرز کە کامێرای چاودێری و گەرمی (حەراری) و چەکی پێشکەوتووی لەسەر جێگیر کراوە.
 
هەروەها گوتیشی: بەربەستی خۆڵی دروست کراون و سنوورەکە تەلبەند کراوە. جەختی کردەوە کە سنوورەکە "24 کاتژمێر لە ژێر چاودێریدایە و هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی لەم ساڵدا رووی نەداوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاشکرای کرد کە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە پلاندایە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بە ناوی "ئێم سام" (M-SAM) لە کۆریای باشوور بکڕێت.
 
ئەو سیستمە بە گوتەی خەفاجی "توانای پێکانی چەندین ئامانجی لە یەک کاتدا هەیە و سەرەتای ساڵی داهاتوو دەگاتە عێراق، کە ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق لە هەر هێرشێکی دەرەکی."
 
ئەو بەرپرسە ئەمنییەی عێراق دڵنیاییشی دا کە داعش "چیدی هەڕەشەیەکی گەورە نییە بۆ سەر عێراق، بەهۆی هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ پێشمەرگە و چالاکییە بەردەوامەکانی سوپای عێراق دژی ئەو گرووپە تیرۆریستییە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق:
 
رووداو: بەڕێز لیوا خەفاجی، پرسیاری یەکەمم دەربارەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، چۆن دەتوانن مەترسییەکانی سەری کەم بکەنەوە و سنوورەکان زیاتر بپارێزن؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: یەکەم، زۆر سوپاس بۆ رووداو بۆ ئەم دەرفەتە، بە دڵنیاییەوە پەیوەندی نێوان ئێمە و برایانمان لە پێشمەرگە زۆر بەرزە. لە ئاستی گواستنەوە، ئاستی کرداری و ئاستی ئاگاداری و کاری هاوبەش، پەیوەندییەکی باشمان هەیە لەگەڵ برا کوردەکانمان بۆ پاراستنی سنوورەکانی نێوانمان لەگەڵ سوپای عێراق. دوو لیوامان دروست کردووە، لیوای یەک و لیوای دووی تایبەت، بە هەماهەنگی لەگەڵ برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە. مەبەستەکانیشی یەکەم، بۆ ڕێگریکردنە لە هەموو جووڵەیەکی گرووپە تیرۆرستییەکان لەو ناوچانە. دووەم، کارکردنی هاوبەشە بۆ ڕێگریکردن لە تاوانباران و هەڵاتووەکانی دەست یاسا، وەک بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و هەموو تاوانبارێکی تر کە بیەوێت لە سنووری ناوچە کوردییەکان و عێراق دەرباز بێت. هەڵبەت ئەمە سەرکەوتوو بووە، بووەتە هاوبەشییەکی باش بۆ پاراستنی سنوورەکە بەگشتی، چونکە بەڕاستی هەماهەنگیمان زۆر باشە لە بابەتی ئاسایش و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەموو بابەتێکی تر. لەوەتەی ئەو دوو لیوایەمان دروست کردووە، هیچ پێشێلکارییەکی ئاسایشی ڕووینەداوە، بە پێچەوانەوە دۆخی ئاسایش و ئارامی سەقامگیرتر بووە.
 
رووداو: پرسیاری دووەم، دەربارەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیایە. ئێستا لە بەشێک لە ناوچە سنوورییەکان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کشاونەتەوە، پلانی ئێوە چییە بۆ پاراستنی ئەو ناوچە سنوورییانەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: ئێمە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، هەمیشە هەماهەنگی و پەیوەندی باشمان لەگەڵ برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە. بەڕێز سەرۆک ئەرکان و وەزیری بەرگریی عێراق لە میانەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان، جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە کاری هاوبەش و پەیوەندییەکانیان زیاتر بکەن لە پێناو پاراستنی ئارامیی ئەو سنوورانە. ئەو کارە هاوبەشانەش ئاستی پەیوەندییەکانمان دەباتە ئاستێکی بەرزتر و باشتر وادەکات لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕاهێنانیش پەیوەندییەکانمان زیاتر بێت. لە سەردانەکانی سەرۆک ئەرکان بۆ هەرێم و وەزیری پێشمەرگە بۆ عێراق، هەمیشە جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ یەکتر ئاگادارکردنەوە لە گۆڕانکارییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕاهێنان زیاتر بکرێت.
 
رووداو: کێ دەچێتە ئەو ناوچانە، بە نموونە سیدەکان و گاره؟ پەکەکە هەفتەی پێشوو و پێشووتر لەوێ کشانەوە، کێ دەچێتە جێگاکانیان بۆ پاراستنی سنوورەکان؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: بەدڵنیاییەوە، برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوان پلان و دید و بەرچاوڕوونیی خۆیان هەیە بۆ ئەو شوێنانە. هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش، کە هێزەکانی پاسەوانی سنوور سەر بەوانن، ئەوانیش لە ناوچەکە هەمیشە لە هەماهەنگیدان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە.
 
رووداو: سووریا. عێراق لەگەڵ سووریادا 600 کیلۆمەتر سنووری هەیە. ئێوە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا پەیوەندیتان هەیە، دەمەوێت بزانم لەگەڵ کامیان پەیوەندییەکانتان بەهێزترە؟ وە ئێستا لە ناوچە سنوورییەکان هێزەکانی حەشدی شەعبی لەوێن یان هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: رێگەم بدە بۆ جەنابت و کەناڵی رووداو و بینەرانی بەڕێزتان روونی بکەمەوە. ئێستا دۆخی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا لە باشترین دۆخدایە. سنوورەکە ئێستا کۆنترۆڵە لە لایەن فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور. هەروەها سنوورەکە توند و پارێزراو کراوە بە پێداویستیی زۆر پێشکەوتوو و باش بە هاوکاریی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و برایانمان لە حەشدی شەعبی. ئەوەش پشکداریی هەردوولامانی لە پاراستنی سنوورەکە زیاتر کردووە.
ئێستا خەندەقمان بە درێژایی سنوورەکە هەڵکەندووە، بە قووڵی 3 مەتر و بە پانی 3 مەتر. هەروەها چەندین تاوەری بەرزی چاودێریمان دروست کردووە کە کامێرای چاودێری و گەرمی (حەراری) و چەکیان لێ جێگیر کراوە. هەروەها بەربەستی خۆڵینیمان دروست کردووە و سنوورەکەمان تەلبەند کردووە. کاردەکەین هەمیشە لە ژێر سەرپەرشتیاریی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور. لە سەرەتای ناوچە سنوورییەکان ئەوان جێگیر کراون و لە پشتیانەوە هێزەکانی سوپای عێراقن، خوای نەکردە بۆ هەر حاڵەتێک ئامادەین. دڵنیاییت دەدەمێ هەموو سنوورەکە کە 610 کیلۆمەترە لە جەلباراوە هەتاوەکو فیشخاپوور پارێزراوە و سەقامگیرە. هەماهەنگیشمان زۆر باشە لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە سووریا و لە وڵاتانی دیکە. ناوچەکە 24 کاژێر لە ژێر چاودێریدایە، هەماهەنگیمان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و دانانی کەمینی هاوبەش و چاودێریی زەمینی و ئاسمانی. ئامانجەکەشی پاراستنی ناوچەکە و وڵاتەکەمان بە شێوەیەکی گشتی تاوەکو گەلەکەمان بپارێزین.
 
رووداو: هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی هەبووە لەو ناوچە سنوورییە لە هەردوو دیووەوە؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: ئەمەوێ ئەمەش روونبکەمەوە بۆ کەناڵی رووداو. لە سەرەتای ئەم ساڵەوە سەرکەوتنی زۆر گەورەمان بەدەستهێناوە بۆ پاراستنی زیاتری سەقامگیریی سنوورەکە لەگەڵ پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق، هەماهەنگییەکان زۆر باش بوون.
 
رووداو: مەبەستم لە لای سووریاوە بوو من!
 
لیوا تەحسین خەفاجی: بەڵێ، بەڵێ، لە سنوورەکان لەگەڵ سووریاش زۆر باش بووە هەماهەنگییەکان و هیچ پێشێلکارییەکی سنوور رووینەداوە، چونکە هەماهەنگیی باش هەیە لە نێوان هێزەکانی حکومەتی عێراق و پێشمەرگە و حکومەتی سووریاش. بەڵگەش بۆ ئەوە ئەو گەشتە ملیۆنییانەیە کە لە نێوان هاووڵاتییانی سووریا و عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵەوە روویداوە و دۆخەکە ئەوەندە هێمن بووە، گەرەنتیی ئەمنی وڵاتەکەمان کردووە بە گشتی. ئەوەتا دەیان کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەنجامدراون لە عێراق و لە کۆتا دانەش هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامدران. ئەوەش پەیامێکە کە دۆخی عێراق زۆر سەقامگیرە و گەلی عێراق دەتوانن دۆسیەی پاراستن و ئاسایشی خۆیان بەڕێوەببەن. هەروەها ئەوەش نیشانەی هەماهەنگیی بەرزی ئاسایشی و هەبوونی پەیوەندی باشە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێمان.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکەم هەیە دەربارەی سیستەمی پاراستنی ئاسمانی. بیستوومە کە وەزارەتی بەرگری پلانی هەیە سیستمێکی پاراستنی ئاسمانی لە کۆریای باشوور بکڕێت، ئەو پلانە چییە؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: بەڵێ، ئەوە زۆر گرنگە. وەزیری بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، داوای کڕینی سیستەمێکمان کردووە لە کۆریای باشوور کە بەدەستمان دەگات، ئەویش سیستەمێکە بە ناوی ئێم سام (M-SAM)، کە توانای پێکانی چەندین ئامانجی هەیە لە یەک کاتدا. ئەوەش لەسەر داواکاریی خۆمان بووە بەو پێویستییەی کە پێویستمانە بۆ پاراستنی ئاسمانەکەمان. سەرەتای ساڵی داهاتوو بە دەستمان دەگات بە پشتیوانیی خودا کە دەبێتە هاوکارێکی باش بۆ فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی ئاسمان لە هەموو هێرشێکی دەرەکی. دابەشی دەکەین لە هەموو عێراق.
 
رووداو: ئەو سیستەمەی کە کڕیوتانە تەنها بۆ پاراستنی ئاسمانە یان سیستەمێکی هێرشکاریشە و لە کام ناوچانە دایاندەنێن؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: نا، ئەو سیستمانەی کە ئێمە هەمیشە دەیانکڕین، پارێزگارین لەسەر داواکاریی خۆمانە، بۆ پاراستنی هەموو سنوورەکانە، لە باکوورەوە تا باشوور، لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات.
وە ئەو چەکە پارێزەرە گونجاوە لەگەڵ کەشوهەوا و پلەی گەرمی وڵاتەکەمان و جوگرافیاکەمان و ڕێکخستنی زۆر پێشکەوتووی تێدایە.
 
رووداو: مەبەستم لەوەیە مووشەکی تێدایە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: بەدڵنیاییەوە مووشەکی تێدایە کە ئامانجەکان دەپێکێت لە ئاسماندا.
 
رووداو: ئەوە لە ئاسمان بوو، ئەی لەسەر زەوی؟ ئێستا داعش هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: نەخێر، داعش ناتوانێت ببێتە هەڕەشە. توانای ئەوەی نەماوە کە هەڕەشە بکات، چونکە هەماهەنگیی ئەمنیمان زۆر باشە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەموو ناوچەکان و داعش وەک هەڕەشە نەماوە و لە ماوەی رابردوو لە هەر شوێنێک هەبووبن، چووینەتە سەریان و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان کردووە و سەرکردە و چەکدارەکانیانمان لە ناو برد و ناهێڵین ئەو گرووپە بچووکە تیرۆریستییانە ببنە هەڕەشە، چونکە لە شاخ و چیا و بیابان و قووڵایی بیابان چاودێرییان دەکەین و ناهێڵین لە هیچ شوێنێک ببنە مەترسی.
 
رووداو: دەربارەی رێژەی کورد لە ناو سوپای عێراق، ڕێژەی کورد مەبەستمە، ئەوەندەی من بیستوومە سەدا یەکیش نییە، نا؟ ئەی چەندە؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: رێژەی کورد لەناو سوپای عێراق، بە شێوەی پشکە، لە نێو وەزارەتی بەرگری لە بەشی فەرماندەیی پاراستنی ئاسمان، کۆلێژە سەربازییەکان و لە زۆرێک لە بەشەکانی دیکە، برایانمان بە شێوەیەکی گشتی لە نێو وەزارەتدا هەن، هەروەها هەماهەنگیی زۆر باشمان هەیە لەگەڵیان. ناتوانم ڕێژەی کەمیان بۆ دابنێم چونکە ئەوە ڕێژەی بەرکەوتەی نیشتمانییە.
 
رووداو: پرسیاری کۆتاییم، دەربارەی نیگەرانی و سکاڵای کوردانی خورماتوو و کەرکووکە، لە هەڵسووکەوتی خراپ و توندی سوپای عێراق، بە دیاریکراوی لە خورماتوو، کەرکووک و خانەقین، نموونەش هەڵسووکەوتی ئەو سەربازە عێراقییە بوو لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی لە خورماتوو، چی دەڵێن لەسەر ئەوە؟
 
لیوا تەحسین خەفاجی: ئێمە لە سوپای عێراق پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ برا کوردەکانمان لە هەموو عێراقدا. ئەو هەڵسووکەوتەی کە ئەو سەربازە کردوویەتی بە مانای ئەوە نییە هەموو سوپای عێراق ئاوا بێت. ئەوە هەڵسووکەوتێکی کەسی بووە و تەنیا دەلالەت بووە لە خۆی. وە ئێمە هەمیشە لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکەی ئێوە و هەموو شوێنێکەوە چاودێری دەکەین، هەڵسووکەوتی وامان ناوێت. وە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرکردەکانی کوردستان هەیە و دەمەوێت پێت بڵێم سوپای عێراق هەمووی یەک ناسنامەی هەڵگرتووە ئەویش ناسنامەی پاراستنی عێراق و گەلی عێراقە، وە ئەوەشی روویداوە سەرپێچییەکی کەسی بووە و لێکۆڵینەوەشی لێکراوە و سزا دراوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز لیوا، سوپاس بۆ کاتەکەت.
 
لیوا تەحسین خەفاجی: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە