UNHCR بۆ رووداو: زیاتر لە 100 هەزار کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاوارە بوون

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
ئاوارەبوونی کوردانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب لە چەند هەفتەی رابردوودا. وێنە: AFP
ئاوارەبوونی کوردانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب لە چەند هەفتەی رابردوودا. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییە، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاوارە بوون و دۆخی زستان ژیانی سەختتر کردوون. ئاشکراشی دەکات، کاروانێکی هاوکاری گەیشتووەتە کۆبانێ، بەڵام پێداویستییەکان زۆر لەوە زیاترن.
 
لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی رۆژی دووشەممەی رووداو دا، کە رێبوار عەلی پێشكێشی کرد، رۆلا ئەمین، گوتەبێژی UNHCR لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتی، "بەگوێرەی هەندێک ئامار، ژمارەی ئاوارەکان 100 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت،" هەرچەندە ژمارەکان ورد نین.
 
بە گوتەی رۆلا ئەمین، شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون دەستیپێکردووەتەوە و خەڵکێکی زۆر ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. تەنیا لە شاری حەسەکە زیاتر لە چوار هەزار خێزان لەنێو پەناگە و قوتابخانەکاندا دەژین، جگە لە هەزاران خێزانی دیکە کە لەلایەن کەسوکار و خزمەکانیانەوە لە شار و گوندەکان میوانداری کراون.
 
دۆخی کۆبانێ و گەیاندنی هاوکاری
 
سەبارەت بە دۆخی شاری کۆبانێ کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە گەمارۆدراوە، رۆلا ئەمین ئاشکرای کرد کە رۆژی یەکشەممە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کاروانێکی هاوکاری گەیشتووەتە شارەکە.
 
گوتەبێژەکەی UNHCR گوتی، "کاروانەکە لە 24 بارهەڵگر پێکهاتبوو و لە حەلەبەوە بەڕێکەوت؛ خۆراک، جلوبەرگی زستانە، بەتانی و پێداویستیی دیکەی تێدابوو." بەڵام جەختی کردەوە کە خەڵکی کۆبانێ و ئەو ئاوارانەی روویان لە شارەکە کردووە لە دۆخێکی سەختدان و پێویستیان بە ئاو، کارەبا و خۆراکی زیاترە.
 
سەرما و مەترسیی گیانلەدەستدانی منداڵان
 
سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە گیانلەدەستدانی منداڵان دەکەن بەهۆی سەرماوە، رۆلا ئەمین بە رووداوی گوت، "راپۆرتی پشتڕاستکراوەمان لەبەردەست نییە، بەڵام مەترسییەکان گەورەن."
 
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لە "چڵەی زستان"ـدایە و بەفربارین و سەرما دۆخەکەی بۆ ئاوارەکان دژوارتر کردووە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لەنێو چادر و پەناگەکاندا دەژین و ئامێری گەرمکەرەوە و سووتەمەنییان نییە.
 
بەربەستەکانی بەردەم تیمەکانی فریاگوزاری
 
رۆلا ئەمین باسی لەوە کرد کە دۆخی ئەمنی و بوونی بازگە و هێزی سەربازی لەسەر رێگەکان، وایکردووە گەیشتن بە هەموو ناوچەکان ئاسان نەبێت.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ رووداو، گوتەبێژەکەی UNHCR گوتی، "گەورەترین داواکاریی خەڵک ئاسایش و ئارامییە بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان، چونکە درێژەکێشانی ئاوارەیی و مانەوە لەم دۆخەدا دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی."
 
دەقی هەڤیپەیڤینی رووداو لەگەڵ رۆلا ئەمین، گوتەبێژی UNHCR لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست:

رووداو: ئێوە چی دەکەن بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؟

رۆلا ئەمین: بێگومان کۆمیسیۆن ماوەی چەندین ساڵە لە سووریایە و یارمەتیی هەموو ئەوانە دەدات کە پێویستیان بە هاوکارییە، بەتایبەتی ئەوانەی بەهۆی شەڕ و جەنگەوە لە ساڵانی رابردوو و ئێستاشدا ناچاربوون هەڵبێن؛ ئەوان لە چەقی کارەکانماندان. کۆمیسیۆن لە چەندین لایەنەوە کار دەکات و هەوڵدەدات ئەو پێداویستییانەیان پێبگەینێت کە ئێمە بە کەلوپەلی فریاگوزاریی سەرەتایی وەسفیان دەکەین و هەندێکجار ژیان رزگار دەکەن. پێداویستیی زستانە هەن، بەتانی، دۆشەک و جلوبەرگی زستانە هەن. هەروەها هاوکارەکانم لە گۆڕەپانەکە لە سووریا کار دەکەن بۆ پاراستنی ئەو ئاوارانەی ناچاربوون لە ترسی گیانیان ماڵەکانیان جێبهێڵن. هەوڵدەدەین بگەینە هەموو ئەوانەی دەتوانین پێیان بگەین، بەڵام بێگومان دەزانیت دۆخەکە لەوێ ئاڵۆزە و دۆخی ئەمنی جێگیر نییە، ئەمەش ئازادیی جووڵە و توانای ئێمە بۆ گەیشتن بە هەمووان سنووردار دەکات. بۆیە یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانەی کۆمیسیۆن جەختی لێ دەکاتەوە و هانی هەموو لایەنەکان دەدات بۆی، دابینکردنی رێگەی ئارامە بۆ هەموو کارمەندانی رێکخراوە فریاگوزارییەکان تاوەکو بتوانن بگەنە ئەو کەسانە. دوێنێ کاروانێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی دیکە هەبوو، 24 بارهەڵگر بوون کە خۆراک، کەرەستەی فریاگوزاریی سەرەتایی، جلوبەرگی زستانە، بەتانی، دۆشەک، پێداویستیی زستانە و داپۆشەری پلاستیکییان بۆ پەناگە و چادرەکان بارکردبوو. هەموو ئەمانە دوێنێ لە حەلەبەوە بەرەو کۆبانێ بەڕێکەوتن، ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەتایبەتی حکومەتی سووریا و دەسەڵاتدارانی ئەوێ کرا. هیوادارین کاروانی دیکەش هەبن، چونکە دۆخەکە لەوێ زۆر سەختە و ئەو خەڵکەی لەوێ ماونەتەوە و لەو دۆخە ئەمنییە ئاڵۆزەدا گەمارۆدراون، پێویستیان بە ئاوە، پێویستیان بە خۆراکە، پێویستیان بە کارەبایە؛ پێداویستییەکانیان زۆرن و دەبێت هەمووان کار بکەن بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستییانە بۆیان. بێگومان ئەو شتەی ئاوارەکان و هەموو خەڵکی سڤیلی سووریا زیاتر لە هەموو شتێک پێویستیانە، ئاسایش و ئارامییە. واتە وەستانی شەڕ و کەمکردنەوەی گرژیی ئەمنی گەورەترین داواکاریی هەموو سوورییەکان و ئاوارەکانیشە. دەبێت لەم دۆخە سەختانەدا رێگری لە ئازاردانی خەڵکی سڤیل بکرێت، دەبێت پاراستنیان و گەیشتنی هاوکارییەکان مسۆگەر بکرێت.
 
رووداو: هیچ زانیارییەکتان هەیە لەسەر دۆخی کۆبانێ و ئەو ئاوارانەی روویان لەو شارە کردووە؟
 
رۆلا ئەمین: من باسی دۆخەکەم کرد، بەڵام بێگومان دۆخیان سەختە. ئێمە باسی خێزان، منداڵ و ژنان دەکەین کە لەوێ گیریان خواردووە. وەک لە راپۆرتەکاندا پێمان دەگات، پچڕانی کارەبا و ئینتەرنێت هەیە، هەندێکجار کەمئاوی هەیە، پێویستیان بە خۆراک، بەتانی و پێداویستیی زستانە هەیە. ئێستا دەزانین لە چلەى زستانـین، واتە کەشوهەوای سارد و سەخت هەیە، بەفر هەیە، ئەمەش واتە پێداویستیی خەڵک زیاتر دەبێت و توانایان بۆ بەرگەگرتنی پرسی ئاوارەبوون کەمتر دەبێتەوە، بۆیە هاوکاریکردنیان زۆر زۆر زۆر پێویستە. دۆخەکە وەک دەزانیت ئاڵۆزە، کۆت و بەند لەسەر هاتووچۆ هەیە، گەیشتن بەو ناوچەیە ئاسان نییە، بەڵام هەوڵدەدەین و هیوادارین جگە لەو کاروانەی دوێنێ گەیشت، کاروانی دیکەش هەبن بۆ پێشکێشکردنی هاوکاریی زیاتر.
 
رووداو: کارەکانتان بە کوێ گەیشتوون بۆ کردنەوەی رێڕۆیەکی سەلامەت؟ چی بەربەستە لەبەردەم ئەمەدا؟
 
رۆلا ئەمین: گەیاندنی ئەو هاوکارییانە لە سایەی دۆخە ئەمنییە ئاڵۆزەکەدا ئاسان نییە. ‌هێزی سەربازی بە چڕی لەسەر رێگەکان هەیە، بازگە هەیە، ئاوارەکان زەحمەتی دەبینن لە هاتووچۆ و جووڵەکردندا. بۆ نموونە لە حەسەکە لە زیاتر لە 140 شوێندان، ئەوان لە زیاتر لە 140 شوێندان کە پێیان دەڵێین "پەناگەی بە کۆمەڵ"، بەڵام قەرەباڵخی هەیە، سەرمایەکی تووند هەیە، پێویستیان بە کەلوپەلی فریاگوزاری و خۆراکە. هەوڵدەدەین پێیان بگەین، بەڵام بابەتەکە ئاسان نییە. هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی گۆڕەپانەکە دەکەین و هەمیشە هانیان دەدەین بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ کارمەندانی رێکخراوە فریاگوزارییەکان تاوەکو بتوانین بگەینە هەمووان. بێگومان ئێستا دۆخی ئەمنی بەهۆی ئاگربەستەوە جێگیرە، بەڵام لای زۆربەی ئاوارەکان و دانیشتووانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ترس هەیە، دڵەڕاوکێ هەیە، دڵنیا نین دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت، ئایا شەڕ دەستپێدەکاتەوە؟ ئایا ئاگربەست دەچەسپێت؟ ئایا دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان؟ کەی دەگەڕێنەوە؟ ئایا ماوەی ئاوارەبوونیان درێژە دەکێشێت؟ ئەمە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و گرژییەکی زۆر لەنێو دانیشتوواندا. ئەوان پێویستیان بە سۆپایە، قەرەباڵخیش بابەتێکە کە ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ توانای بەرگەگرتنیان دروست دەکات. بۆیە ئێمە دەڵێین چەسپاندنی ئاگربەست، وەستاندنی ئەو شەڕانە، چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە سووریا داواکاریی زۆربەی هەرە زۆری سوورییەکانە. دەزانیت دوای ساڵانێک لە جەنگ و ساڵانێک لە شەڕ، خەڵک ماندوو بوون، زیاتر لە 7 ملیۆن ئاوارە لە سەرتاسەری سووریا هەن و پێداویستیی زۆریان هەیە. بێگومان گەورەترین پێداویستی ئەوەیە سەقامگیری هەبێت، ئاسایش و ئارامی بەرقەرار بێت، هەست بە ئارامی بکەن و بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان، بۆ گوندەکانیان، بۆ شارەکانیان. ئەمە ئاواتی زۆربەی سوورییەکانە و زۆر لە سوورییەکان تامەزرۆی ئەوەن بە ئاشتی بژین، ماڵەکانیان و ژیانیان بنیاد بنێنەوە. بۆیە کۆمیسیۆن لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ لایەنەکانی ناوخۆی سووریا و لایەنەکانی دەرەوەی سووریاش کە کاریگەرییان هەیە یان رێکخراوە فریاگوزارییەکان دابین دەکەن، هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی لە سووریا و گەڕانەوەی سەقامگیری گەورەترین داواکاریی هەموو سوورییەکانە. سوورییەکان پەرۆشن بۆ بنیادنانەوەی ژیانیان، بەڵام پێویستیان بە پاڵپشتییە و پێویستیان بەوەیە هەموو ئەو بابەتانەی جێی نیگەرانین بوەستێنرێن کە یاری بە ئاسایشیان دەکەن. ئەوان ئاگربەستی هەمیشەیییان دەوێت، چارەسەری سیاسییان دەوێت، دەخوازن گوند و شارەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، منداڵەکانیان بە ئارامی بنێرنە قوتابخانە. ئەمە داواکاریی زۆربەی سوورییەکانە و دەبێت یەکخستنی هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بێت.
 
رووداو: چەند ئامارێک بڵاوکراونەتەوە لە بارەی گیانلەدەستدانی خەڵک، لەنێویاندا بەهۆی سەرماوە، بە گوێرەی راپۆرت و ئامارەکانتان چەند کەس بەهۆی دۆخی مرۆییەوە گیانیان لەدەستداوە و چەندیان منداڵ بوون؟
 
رۆلا ئەمین: بەداخەوە سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە بەهۆی سەرماوە، راپۆرتی پشتڕاستکراوەمان لەبەردەست نییە و ناتوانم ئەو راپۆرتانە پشتڕاست بکەمەوە. بەڵام ئەوەی دەتوانم جەختی لێ بکەمەوە ئەوەیە هەر ئاوارەیەک و هەر کەسێک کە گیری خواردبێت، هەر خێزانێک لە ناوچەیەکدا گیری خواردبێت کە شەڕ یان گرژیی ئەمنیی تێدایە، رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبنەوە. کەلوپەلی پێویستیان نییە تاوەکو منداڵەکانیان لە سەرما بپارێزن، منداڵەکانیان لە شەڕ، لە گولـلە و بۆمب بپارێزن. ئەوان وەک ئامانجی یەکەم دەخوازن خێزانەکانیان بپارێزن، خۆراکیان بۆ دابین بکەن، گەرمییان بۆ دابین بکەن، سۆپا، غاز و نەوتیان بۆ دابین بکەن.. هەموو ئەمانە داواکاریی سەرەکین. ئەو زریانە بەفرییە و بارانبارینە سەختیی بەرگەگرتنیان زیاتر دەکات و پێویستییان توندتر دەبێت و مەینەتیی گەورە دەبێت. بۆیە ئێمە هەمیشە جەخت دەکەینەوە و دووبارەی دەکەینەوە؛ وەستانی شەڕ، گەیشتن بە چارەسەری سیاسی، پاراستنی خەڵکی سڤیل، دڵنیاییکردنیان و گەیاندنی هاوکاری بۆیان دەبێت کاری لەپێشینە بێت. دۆخەکە زۆر سەختە، خوا یاریمەتیدەری ئەو خەڵکە بێت بەتایبەتی ئاوارەکان. واتە مانەوە لەنێو چادر یان لە پەناگەیەکدا لەم رۆژە سەختانەی سەرمادا شتێکی زۆر ماندووکەر و تاقەتپڕووکێنە و دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی.
 
رووداو: ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە چەند کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؟
 
رۆلا ئەمین: بەگشتی.. بێگومان هەزاران خێزان هەن ناچاربوون ئاوارە ببن. زیاتر لە چوار هەزار خێزان لە پەناگەکانی حەسەکەدان، هەزاران خێزانی دیکە هەن کە کەسوکار، خزم و دۆستەکانیان میواندارییان کردوون و لە شار و گوندەکاندان. ژمارەکە بەگوێرەی هەندێک ئامار 100 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت، بەڵام ژمارەکان ورد نین. هەر رۆژێک ئەم گرژییە ئەمنییە بەردەوام بێت و دڵنیایی لە جێگیربوونی دۆخەکە نەبێت، خەڵکی زیاتر ناچار دەبن ئاوارە ببن. ئێمە پێش ئەم قەیرانە کارمان دەکرد بۆ هاندانی خەڵک و هاوکاریکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و گوندەکانیان، ئێستا شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونمان لە سووریا هەیە، ئەمەش کۆتا شت بوو کە هیوایمان بۆ دەخواست. دەبێت هەوڵەکان بۆ وەستاندنی ئاوارەیی و وەستاندنی ئەو شەڕانە چڕبکرێنەوە کە خەڵک ناچار دەکەن ماڵەکانیان جێبهێڵن، بە پێچەوانەوە دەبێت کار بۆ جێگیربوونی ئاسایش، کارکردن بۆ سەقامگیریی ئەمنی و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ خێزانەکان بکرێت، واتە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوند و شارەکانیان و ئەمە ئامانجە گشتگیرەکەیە. تاوەکو ئەوە دەکرێت، ئێمە لەوێین، هاوکارەکانم لە قامشلۆ، لە حەسەکە، لە دێرەزوور و لە رەققە هەن و هەوڵدەدەن بگەنە هەموو ئەوانەی پێویستیان بە هاوکارییە، بەڵام بێگومان وەک دەزانیت کێشەی کەمی سەرچاوەی دارایی هەیە، دۆخی ئەمنی لەسەر رێگەکان رەنگە یارمەتیدەر نەبێت بۆ گەیشتنی خێرا بە هەموو ئەوانەی پێویستیان بە هاوکارییە، بەڵام هەوڵدەدەین و بەردەوام دەبین لە گەیشتن بە هەمووان ئەگەر توانیمان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە