رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە عێراق، لیلی کارلایل، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماری نوێی پەنابەران و ئاوارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتییەوە، ناچاربوون هاوکارییە داراییەکانیان بۆ 5,500 خێزانی هەژاری پەنابەر رابگرن.
کارلایل ئاماژەی بەوە کرد، لە عێراقدا زیاتر لە 340 هەزار پەنابەر و نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی نێوخۆیی هەن، کە سەرجەم 29 کەمپەکەیان دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستانەوە. گوتەبێژەکەی UNHCR ئاماژەی بە کەمبوونەوەی بودجەی رێکخەراوەکە کرد و گوتی کە "ساڵی 2025 تەنیا نزیکەی 30%ی ئەو پارەیەی پێویستمان بوو بەدەستمان گەیشت،" ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن وەکو پێویست بەدەم پێداویستییەکانی پەنابەران و ئاوارەکانەوە بچن، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێزان سڵاوتان لێ بێت.. سەبارەت بە دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەڤپەیڤینێکی تایبەتمان دەبێت لەگەڵ بەڕێز لیلی کارلایل، گوتەبێژی کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق. بەڕێز لیلی، سڵاو و رێز، سوپاس کە لەگەڵمانی.
گوتەبێژی UNHCR: سوپاس.
رووداو: سەرەتا لەوە دەست پێبکەین؛ لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقدا چەند کەمپتان هەیە و ژمارەی ئاوارە و پەنابەران چەند کەسن؟
گوتەبێژی UNHCR: ئێستا لە عێراقدا کەمێک زیاتر لە 340 هەزار پەنابەر هەن کە زۆربەیان لە ناوچە شارنشینەکان دەژین، بەڵام نزیکەی 30%یان لە نۆ کەمپی پەنابەراندا نیشتەجێن. جگە لە پەنابەران، هێشتا ئاوارەی نێوخۆییمان لە عێراقدا ماوە. ژمارەکە نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی نێوخۆییە، هەرچەندە نزیکەی ساڵێکە ئەم ژمارەیە نوێ نەکراوەتەوە، چونکە بودجەی پێویستمان لەبەردەست نەبووە بۆ ئەنجامدانی رووپێوێکی نوێ. بەڵام لەنێو ژمارەی ئاوارە نێوخۆییەکاندا، زیاتر لە 100 هەزار ئاوارە هەن کە لەنێو کەمپەکاندا دەژین.
رووداو: واتە ئێستا بە شێوەیەکی گشتی چەند کەمپتان لە عێراق هەیە و چەند کەمپتان لە هەرێمی کوردستانە؟
گوتەبێژی UNHCR: جگە لە نۆ کەمپەکەی پەنابەران، 20 کەمپی ئاوارەی نێوخۆییش هەن. واتە نۆ کەمپی پەنابەران و 20 کەمپی ئاوارەکانمان هەیە، کە بە کۆی گشتی دەکاتە 29 کەمپ و، هەمووشیان دەکەونە نێو سنووری هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.
رووداو: لەو پەنابەرانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، سەر بە چەند نەتەوە و وڵاتن؟
گوتەبێژی UNHCR: لە بنەڕەتدا زۆرینەی پەنابەران خەڵکی سووریان. نزیکەی 90%ی پەنابەران هاووڵاتیی سووریان. هەروەها پەنابەرمان لە وڵاتانی وەکو ئێران، تورکیا، فەلەستین و وڵاتانی دیکەشەوە هەیە.
رووداو: تاوەکو ئێستا چەند کەس لەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکاندا بوون، گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان؟
گوتەبێژی UNHCR: مەبەستت پەنابەرانە یان ئاوارە نێوخۆییەکان؟
رووداو: مەبەستم ئاوارەکانە.
گوتەبێژی UNHCR: سەبارەت بە پەنابەران، ئێمە کەمتر لە 7000 پەنابەری سووریمان هەبووە کە لای UNHCR تۆمار کراون و لە ساڵی 2025دا گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان. لە راستیدا ئەمە ژمارەیەکی کەمە بەراورد بەو گەڕانەوانەی لە ناوچەکانی دیکەوە بینیومانە، وەکو ئوردن و لوبنان و تورکیا. بۆیە ئێستا زۆربەی پەنابەرانی سووری پلانەکەیان ئەوەیە بۆ ماوەیەکی نادیار لە عێراق بمێننەوە. ئێمە وەکو UNHCR بەردەوام دەبین لە پشتیوانی و هاوکاریکردنیان تا ئەو کاتەی لە عێراق دەمێننەوە.
رووداو: سەبارەت بە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان لەم ساڵدا لە ساڵی 2025دا چەند پەنابەر گەڕاونەتەوە؟
گوتەبێژی UNHCR: سەبارەت بە پەنابەرانی سووری، بە کۆی گشتی 7000 کەس بوون کە گەڕاونەتەوە.
رووداو: بە شێوەیەکی گشتی هەم پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەم رۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستانیش؟
گوتەبێژی UNHCR: بەڵێ، 7000 پەنابەری سووری لە ساڵی 2025دا گەڕاونەتەوە.
رووداو: سەبارەت بە هاوکاریکردنی کۆچبەر و پەنابەران، رەخنە هەیە کە وەک پێویست هاوکاری ناکرێن، بۆچی؟
گوتەبێژی UNHCR: ئێمە لە UNHCR هەمیشە داواکاریی ساڵانەمان هەیە بۆ ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستمانە بۆ پشتیوانیکردنی پەنابەران و ئاوارە نێوخۆییەکان. ساڵی 2025 تەنیا نزیکەی %30ی ئەو پارەیەی پێویستمان بوو بەدەستمان گەیشت، ئەمەش وایکرد ناچار بین بەرنامەکانمان بەپێی گرنگی و کاری هەرە لە پێش ریزبەند بکەین و، هەندێکیشیان کەم بکەینەوە، بۆیە نەمانتوانی هەموو پێداویستییەکان دابین بکەین. وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێمە پشت بە بەخشینەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەستین، بەداخەوە لە ساڵانی رابردوودا و بەتایبەتی لە 2025دا بینیمان رێژەی ئەو پارانە کەمبووەتەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە ناتوانین بەو ئەندازەیەی دەمانەوێت بەدەم پێداویستیی پەنابەران و ئاوارەکانەوە بین لە عێراق. لە ساڵی 2026دا، بەردەوام دەبین لە داواکارییەکانمان بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی کارەکانمان بکات، بەڵام هێشتا پێشبینی دەکەین بڕی پارەکە کەمتر بێت لەوەی لە ساڵانی رابردوودا هەمانبووە.
رووداو: ساڵانە وەک رێکخراوەکەتان پێویستیتان بە چەند بودجە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن وەک پێویست هاوکاریی پەنابەران و ئاوارەکان بکەن لە عێراق و هەرێمی کوردستان؟
گوتەبێژی UNHCR: بۆ ساڵی 2026، وەکو UNHCR داوای نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار دەکەین بۆ پشتیوانیکردنی کارەکانمان لێرە لە عێراق.
رووداو: تاوەکو ئێستا هیچ گومانێک هەیە ئەو بودجەیەتان بۆ دابین نەکرێت؟
گوتەبێژی UNHCR: هێشتا سەرەتای ساڵە، بۆیە چاوەڕێین ببینین بەڵێنەکانی بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان چی دەبن بۆ پشتیوانیکردنی بەرنامەکانمان لێرە. وەکو گوتم، پارساڵ تەنیا نزیکەی 30%ی بودجەمان بۆ دابین کرا، بۆیە هیوادارین ئەم ساڵ زیاتر بێت، بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی پێشانی بدەین پارەکانیان چ کاریگەرییەکی دەبێت لە عێراق و، پێداویستییەکانی پەنابەران و ئاوارەکان چین.
رووداو: خاتوو لیلی، یەکێک لەو رەخنانەی کە هەیە ئەوەیە کە UNHCR لە عێراق وەک پێویست کار بۆ پەنابەران ناکات بە تایبەتی ئەو پەنابەرانەی کە لەلایەن رێکخراوەکەی ئێوەوە دانیان پێدانراوە بۆ ئەوەی کە رەوانەی وڵاتی سێیەم بکرێن. بۆچی؟
گوتەبێژی UNHCR: وەکو UNHCR لە عێراق، کاری لە پێشینەمان بریتییە لە تۆمارکردنی پەنابەران و دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەستیان بە بەڵگەنامەکان دەگات، بەڵگەنامەی UNHCR و بەڵگەنامەی حکومەت، چونکە ئەمە گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژیانیان لێرە لە عێراق بنیاد بنێنەوە. هەروەها بەردەوامین لە پێشکەشکردنی هاوکاریی یاسایی و پشتیوانیکردنی تێکەڵبوونیان لەنێو کۆمەڵگەدا. سەبارەت بە نیشتەجێکردنەوە لە وڵاتی سێیەم، بەداخەوە ئەو ژمارانەی بەردەستن بۆ نیشتەجێکردنەوە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمبوونەتەوە. بۆ نموونە لە ساڵی 2025دا، تەنیا 300 هەلی نیشتەجێکردنەوەمان بۆ هەموو پەنابەرانی عێراق هەبوو، کە ژمارەیەکی زۆر کەمە. هەرچەندە ئەمە پەیوەستە بە بەڵێنی وڵاتانی سێیەمەوە، وەکو ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا، کە ئامادە بن پەنابەران وەربگرن. بەداخەوە ئەو ئامادەییە رووی لە کەمبوونە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەنابەران لێرە لە عێراق دەتوانن ژیانیان بنیاد بنێنەوە لەو شوێنەی کە تێیدان، ئێمەش لە UNHCR بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان.
رووداو: ئێستا پشکی ساڵانەی ئێوە لە عێراقدا چەند کەسە کە دەتوانن بەڕێیان بکەن بۆ دەرەوە؟
گوتەبێژی UNHCR: هێشتا ژمارەی وردمان بۆ ساڵی 2026 لەبەردەست نییە بۆ نیشتەجێکردنەوە، بەڵام پێشبینی دەکەین هاوشێوەی پارساڵ بێت، واتە تەنیا نزیکەی 100 بۆ 200 دەرفەت هەبێت.
رووداو: بەشێک لەو پەنابەر و کۆچبەرانە کە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقن لە دۆخێکی خراپدان. ئێستا ئێمە لە وەرزی سەرماداین. پێداویستی سووتەمەنی هەیە و، هەروەها چەندین پێداویستی دیکە. تاوەکو چەند توانیوتانە ئەو پێداویستییانە بۆ پەنابەران و کۆچبەران دابین بکەن؟
گوتەبێژی UNHCR: لە ساڵی 2025دا، ئێمە وەکو UNHCR هاوکاریی ماددیمان پێشکەش بە خێزانە پەنابەرە هەرە هەژارەکان دەکرد کە لە دەرەوەی کەمپەکاندان، واتە ئەوانەی لە شار و شارۆچکەکاندا دەژین. ئەم هاوکارییەمان پێشکەش بە نزیکەی 5500 خێزان کرد کە زۆرترین پێداویستییان هەبوو، وەکو خاوەن پێداویستیی تایبەت، بەساڵاچووان و دایکانی تەنیا، بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەکانی رۆژانەیان دابین بکەن. بەداخەوە بەهۆی کەمیی بودجەوە، ناچار بووین لە کۆتایی 2025دا ئەم پرۆگرامە رابگرین، چونکە پارەی پێویستمان نییە بۆ دەستپێکردنەوەی لە ساڵی 2026دا. ئەوە بەشێکە لە داواکارییەکانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی بودجە تاوەکو بتوانین پرۆگرامەکە دەست پێ بکەینەوە، چونکە سەرچاوەیەکی گرنگی پشتیوانییە بۆ خێزانەکان. وەکو ئاماژەت پێ دا، بەتایبەت لە زستاندا خێزانەکان ئەم پارەیە بۆ کرێی خانوو، هەروەها کڕینی گاز، سووتەمەنی و گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان بەکار دەهێنن.
رووداو: هاوئاهەنگیتان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆنە بۆ هاوکاریکردنی زیاتری پەنابەران و کۆچبەران؟
گوتەبێژی UNHCR: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی رێککەوتنێکی هاوبەشی داراییمان لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان (JCC) هەیە کە بەڕێوەبردنی کەمپی پەنابەران و ئاوارەکان لە ئەستۆ دەگرێت. ئێمە بودجە دابین دەکەین بۆ بەڕێوەبردنی رۆژانەی کەمپەکان، هەروەها لەگەڵ حکومەت کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ. وەکو UNHCR، باوەڕمان وایە دەبێت سێ چارەسەری بەردەوام بۆ ئاوارەکان هەبێت، بەتایبەت ئەوانەی لە کەمپەکانن: گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان، تێکەڵبوون لەگەڵ ئەو شوێنەی ئێستا لێی دەژین، یان گواستنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵات وەکو چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئاوارەیی. ئێمە بەردەوامین لە داکۆکیکردن لەم بابەتە و، لە نزیکەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاوارەکان.
رووداو: بەڕێز لیلی، هەندێک لەو پەنابەرانە ماوەی چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەژین، هەیە تەمەنی 30 ساڵە و پەنابەرە لێرە. ئەمانە تاوەکو ئێستا ناسنامەیەکیان نییە. هەندێک لەو پەنابەرانە داوای ناسنامەی عێراقی دەکەن. ئێوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق لەو بارەوە هیچ گفتوگۆیەکتان هەبووە؟
گوتەبێژی UNHCR: بەڵگەنامەی پەنابەران لە عێراق بەپێی رێنماییە کارگێڕییەکان رێکخراوە، کە ئێمە وەکو UNHCR لە ساڵی 2024 لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و هەرێم واژۆمان کردووە. ئەو رێنماییانە پرۆسەی وەرگرتنی بەڵگەنامە بۆ پەنابەران دیاری دەکەن. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە پەنابەران دێن و لای ئێمە تۆمار دەکرێن و بڕوانامەی تۆمارکردنی UNHCRیان پێدەدرێت. دواتر بەو بەڵگەنامەیەی UNHCR دەتوانن سەردانی دامودەزگاکانی حکومەت بکەن، جا لە ئاستی فیدراڵی بێت یان هەرێم، بۆ ئەوەی بەڵگەنامەی حکومەتیان پێبدرێت. کاتێک ئەو بەڵگەنامەیەی حکومەتیان دەست دەکەوێت، ئەوا...
رووداو: ئێوە ئەم داواکارییەتان گەیاندووەتە حکومەتی عێراق؟
گوتەبێژی UNHCR: ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرۆسەی پێدانی بەڵگەنامە بە پەنابەران رێککەوتووین و ئەمەش لە رێنماییە کارگێڕییەکاندا دیاری کراوە، لە راستیدا زۆرێک لە پەنابەران هەردوو بەڵگەنامەکەیان هەیە.
رووداو: باشە ئێستا بۆ نموونە پەنابەرێک لە هەرێمی کوردستان بیەوێت ناسنامەی عێراقی وەربگرێت و ببێتە هاووڵاتییەکی عێراقی، چۆن دەبێت ئەم داواکارییە پێشکێش بکات؟
گوتەبێژی UNHCR: پەنابەران لە هەرێمی کوردستان دەتوانن لای UNHCR تۆمار بکرێن و بڕوانامەکە وەربگرن، دواتر دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی نشینگە لە هەرێم بکەن و "کارتی ناسنامەی کەسی"یان پێ دەدرێت، کە بەڵگەنامەیەکی حکومییە و مافی مانەوەیان پێ دەدات لە هەرێمی کوردستان پێدەدات. وەکو هاووڵاتیی وڵاتی سێیەم، پەنابەران ناتوانن رەگەزنامە وەربگرن.
رووداو: ئەمە تایبەتە بە پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی UNHCR: بەڵێ، پێیدەگوترێت "کارتی ناسنامەی کەسی"، ئەمە بەڵگەنامەیەکی حکومییە لە هەرێمی کوردستان کە بە پەنابەران دەدرێت.
رووداو: ئەمە تایبەتە بە مۆڵەتی نیشتەجێبوون. من مەبەستم رەگەزنامەی عێراقییە.
گوتەبێژی UNHCR: بۆ ئەوەی ئەو پەنابەرانەی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتی سێیەمن بتوانن رەگەزنامەی عێراقی وەربگرن، ئەمە بە تەواوی پەیوەستە بە یاسای رەگەزنامەی عێراقییەوە.
رووداو: بەشێک لەو ئاوارانەی کە لەنێو کەمپەکاندان لە دۆخی ئەو شوێنانەی زێدی خۆیانە ناڕازین، چی کراوە بۆ ئەوەی کە بتوانن ئەو ئاوارانە بەزووترین کات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟
گوتەبێژی UNHCR: ئێمە وەکو UNHCR ناوبەناو رووپێوی لەنێو پەنابەرانی سووری لە عێراق ئەنجام دەدەین بۆ زانینی نیازیان بۆ گەڕانەوە. لە مانگی حوزەیرانی 2024دا، رووپێوییەکمان کرد بۆ ئەوەی بزانین ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە یاخود نا. تەنیا %4ی پەنابەرانی سووری گوتیان کە ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە بۆ سووریا لەماوەی 12 مانگی داهاتوودا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بۆ ئێستا زۆربەیان پلانیان هەیە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بمێننەوە. بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تاوەکو ئەو کاتەی لێرە دەمێننەوە، چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆر ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ سووریا.
رووداو: ئەمە تایبەت بوو بە پەنابەران و کۆچبەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کە لە هەریمی کوردستاندان. ئەی پلانتان بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان چییە، ئەوانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندان؟ هۆکاری نەگەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان چییە؟
گوتەبێژی UNHCR: لە ساڵی 2025دا، بینیمان نزیکەی 1500 ئاوارەی ناوخۆیی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەڕانەوە شوێنی خۆیان. ئەگەر بەراوردی بکەین، لە ساڵی 2024دا نزیکەی 10 هەزار ئاوارە گەڕابوونەوە. واتە رێژەی گەڕانەوە لە کەمپەکان لە 2025دا زۆر کەمتر بووە لە ساڵی پێشوو. کاتێک دەربارەی گەڕانەوە پرسیار لەو ئاوارانە دەکەین کە ماونەتەوە، زۆربەیان دۆخی ئەمنی وەکو هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەیان دەخەنە روو. هەروەها باسی کێشەکانی نیشتەجێبوون و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچەکانیان دەکەن. بۆیە وەکو UNHCR بەردەوامین لە داواکردنی دابینکردنی چارەسەری جۆراوجۆر بۆ ئاوارەکان، جگە لە گەڕانەوە، دەکرێت بژاردەی هەبێت وەکو تێکەڵبوون لەو شوێنەی لێی ئاوارەن یان گواستنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.
رووداو: سەبارەت بە کوردانی ئێزدی ئەوانەی کە لە کەمپەکاندان، دەڵێن ناوچەکانی خۆیان خزمەتگوزارییان بۆ نەگەڕاوەتەوە. حکومەتی عێراقیش لەولاوە دەیەوێت کەمپەکان دابخات. ئێوە وەکو "UNHCR" لەم بارەوە بە نیازن چی بکەن؟
گوتەبێژی UNHCR: ئێستا هیچ پلانێکی کۆنکرێتی نییە بۆ داخستنی ئەو 20 کەمپەی ئاوارەکان کە لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە. ئەمە 15 کەمپەکەی پارێزگای دهۆکیش دەگرێتەوە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی ئێزدین. بۆیە ئێستا کوردانی ئێزدی دەتوانن لەو کەمپانە بمێننەوە کە تێیدا دەژین.
رووداو: پلانی ئێوە وەکو "UNHCR" بۆ ساڵی 2026 چییە بەتایبەت ئەوەی کە سەرۆکی نوێی "UNHCR" دکتۆر بەرهەم ساڵح دیاریکراوە و کەسێکی کوردە؟
گوتەبێژی UNHCR: وەکو ئاماژەت پێدا، کۆمیساری باڵای نوێی UNHCR دکتۆر بەرهەم ساڵح هەڵبژێردرا و لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە دەستبەکار بوو. نزیکەی هەفتەیەکە پۆستە نوێیەکەی وەرگرتووە، بەڵام ئێمە لە UNHCR بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی پەنابەران.
رووداو: ئایا ئەمە پێشبینیکراو بوو کە کوردێک ئەم پۆستە وەربگرێت؟
گوتەبێژی UNHCR: سەبارەت بە هەڵبژاردنی کۆمیساری باڵای UNHCR، پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی زۆر ورد و توندوتۆڵ هەیە کە تێیدا وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کەسەکە هەڵدەبژێرن. ئەم پرۆسەیە لە کۆتایی 2025 ئەنجام درا و، وەکو بینیمان دکتۆر بەرهەم هەڵبژێردرا. پێموایە هەموومان زۆر بە پەرۆشین ببینین چی پێشکەش دەکات، بەتایبەتی کە خۆی لە نزیکەوە ئەزموونی پەنابەرێتیی هەیە.
رووداو: پلانی ئێوە بۆ ساڵی 2026 چییە؟ ئێستا کە کوردێک و هاووڵاتییەکی عێراقی سەرۆکی ئێوەیە، ئەمە تاوەکو چەند دەتوانێت هاوکار بێت بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی رەنگە ئێوە بێتە پێشتان؟
گوتەبێژی UNHCR: ئێمە لە UNHCR لە ساڵی 2026دا بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی پەنابەران و ئاوارەکان لەم وڵاتەدا. ئەمەش دڵنیابوونەوە لە پاراستنیان و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانیان دەگرێتەوە. وەکو باست کرد، بە هەڵبژاردنی کۆمیسارە نوێیەکەمان، هیوادارین ئەم کارانە زیاتر پەرە بسێنن و لە ساڵی داهاتوودا پێشهاتی ئەرێنیی زۆر ببینین.
رووداو: پەنابەرێک یان ئاوارەیەک کە سەریری ئەم هەڤپەیڤینەی ئێمە دەکەن، پەیامی ئێوە چییە بۆیان؟ ئێوە بۆ ئەم ساڵ بە نیازی چین بۆیان؟
گوتەبێژی UNHCR: بۆ پەنابەران، پەیامم بۆ زۆربەی ئەوانەی ناتوانن یان نایانەوێت ئەم ساڵ بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان ئەوەیە کە دەتوانن بەردەوام بن لە بنیادنانی ژیانیان لێرە لە عێراق. کاتێک تۆمار دەکرێن و بەڵگەنامەی حکومەتیان دەبێت، دەتوانن خزمەتگوزارییەکان بەدەست بهێنن، کار بدۆزنەوە و ژیانیان بنیاد بنێنەوە. هانیان دەدەین ئەوە بکەن و بەشداری لە کۆمەڵگەی دەوروبەریان بکەن و، لەم کاتە هەستیارەدا عێراق بکەنە ماڵی خۆیان. ئێمەش وەکو UNHCR بەڵێنیان پێدەدەین کە لە هەر جێگەیەک بۆمان بکرێت و بودجە رێگە بدات بەردەوام بین لە هاوکاریکردنیان، هەروەها لەگەڵ حکومەت و لایەنەکان کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانیان.
رووداو: ئێوە وەک خۆتان هەوڵی دۆزینەوەی هەلی کار دروستکردنی دەرفەتی کاریشیان بۆ دەدەن؟
گوتەبێژی UNHCR: کاتێک پەنابەران بەڵگەنامەکانیان دەبێت، دەتوانن وەکو هەر هاووڵاتییەکی عێراقی داوای کار بکەن. ئێمە لەگەڵ ژمارەیەک هاوبەش و ئاژانسی جیاوازی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکەین بۆ رەخساندنی هەلی کار و بووژاندنەوەی گەشەی ئابووری لە رێگەی کارسازيیەوە، کە هەم بۆ عێراقییەکان و هەم بۆ پەنابەران بەردەست بێت.
رووداو: ئەگەر ئێوە لە بودجەکەتان بۆ ئەم ساڵ تووشی کورتهێنان ببن کە هیوادارم وانەبێت، چۆن دەتانەوێت پڕی بکەنەوە؟
گوتەبێژی UNHCR: وەکو UNHCR هەمیشە دەبێت پارەکانمان بەپێی کاری لەپێشینەمان دابەش بکەین و دڵنیابین کە دەگاتە دەستی ئەو پەنابەرانەی زۆرترین پێداویستییان هەیە و بۆیان خەرج دەکرێت. ئەرکی سەرەکیی ئێمە پاراستنی پەنابەرانە، ئەوە هەمیشە کاری لە پێشینە و یەکەممان دەبێت. ئێستا ئەو کارانە لە عێراق بریتین لە دڵنیابوونەوە لە تۆمارکردن و بەڵگەنامەی پەنابەران، پێشکەشکردنی هاوکاریی یاسایی و پشتیوانیکردنی چارەسەرەکان. هیوادارین ئەگەر بودجە رێگە بدات، ئەمانە بە درێژایی ساڵی 2026 وەکو کاری هەرە لەپێش بمێننەوە.
رووداو: زۆر باشە، گەلێک سوپاس بەڕێز لیلی کارلایل، گوتەبێژی کۆمێسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کە لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵماندا بوویت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ