رووداو دیجیتاڵ
عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق بەوەکالەت رایدەگەیێنێت، لە چوار ساڵی داهاتوودا دەیانەوێت بگەنە هێڵی یەکسانبوونەوە، واتە بگەنە ئەوەی هاووڵاتی 24 کاژێر کارەبای هەبێت و یەدەگیشیان هەبێت بۆ کارەبا. هەروەها دەشڵێت، "30٪ـی وێستگەکانی کارەبای عێراق پشت بە گازی ئێران دەبەستێت."
ئەندازیار عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق بەوەکالەت لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتێح پێشکێشی کرد و رۆژی سێشەممە 26-04-2022 پەخشکرا، لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "ماوەی دوو مانگ و نیوە تێکڕای کارەبا لە عێراقدا جگە لە ئەنبار و بەشێک لە نەینەوا و کەرکووک نەبێت کە 18 بۆ 20 کاژێر کارەبایان هەیە، هەموو عێراق 23 بۆ 24 کاژێر کارەبای هەیە."
وەزیری کارەبای عێراق بەوەکالەت هەروەها باس لەوەش دەکات، لەگەڵ وڵاتی قەتەر گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دابینکردنی گازی شل لە وەرزی زستاندا و بڕیارە لە کۆتایی هاویندا بگەنە ئەنجام، دەشڵێت، "ئەو گازەی لە قەتەرەوە هاوردە دەکرێت، بە کەشتی دێت و گازی شلە؛ ئەوان تەکنۆلۆجیایەکی تایبەتیان هەیە و ئەو گازە وا لێدەکەن و ئێمەش لە بەندەرەکانی باشووری عێراق دەیبەستینەوە بە بۆرییەکانی عێراق و گازی لێوەردەگرین، بەڵام قەتەر ئەو بڕەمان دەداتێ کە ئێران ناتوانێت بۆمان پڕ بکاتەوە. قەتەر زۆربەی گرێبەستەکانی بۆ 15 تاوەکو 25 ساڵە، ئێمە تاوەکو ساڵی 2025 بڕێکی دیاریکراو وەردەگرین، دوای ئەوە دەتوانین بڕەکەی لەگەڵ قەتەر زۆر بکەین."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێزتان بەردەوام بە جل و بەرگی کارەوە وەکو ئەندازیارێک دەردەکەون، بەڵام ئەمڕۆ یەکەمجارە بە چاکەت و پانتۆڵەوە دەردەکەوی. هۆکارەکەی چییە؟
عادل کەریم: هەر دوای ئەم هەڤپەیڤینە لەگەڵ شاندێک دەچمە تاران بۆئەوەی لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا گفتوگۆ بکەین بۆ زیادکردنی ئەو بڕە گازەی دەیدەنە حکومەتی عێراق. ئێمە کورتهێنانێکی زۆرمان لە بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە، چونکە ئەو گازەی لەلایەن ئێرانەوە پێمان دەدرێت بەشمان ناکات. هەندێکی کێشەی دارایی و تەکنیکیمان هەن؛ ئومێد دەکەم بتوانین لەگەڵیان چارەسەریان بکەین.
رووداو: ئەوەی لە تێڕوانینی خۆتان هەیە کە دەچن بۆ بەغدا دەتانەوێت بگەنە چ رێککەوتنێک و چیتان دەستبکەێت لەگەڵ لایەنی ئێرانی؟
عادل کەریم: گرێبەستێکی دوورودرێژمان لەگەڵیان هەیە بۆ هاوردەکردنی گاز؛ ئێران وڵاتێکی نزیکە و لە هەموو حاڵەتەکاندا ئێران توانیویەتی گاز بداتە ئێمە، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ئابوورییە ناخۆشەی کە ئێرانی تێدابووە. ئێمە هەندێک دواکەوتنمان لە پێدانی پارە بە ئێران هەبووە، بە تایبەتی لە ساڵی 2020 کە بودجە لە عێراق دەنگی لەسەرنەدرا؛ هەروەها هۆکارێکی دیکەی ئەوەیە کە ئێمە ئەو پارەیەی پێیان دەدەین ناتوانین راستەوخۆ بیدەینە دەست وەزارەتی وزەی ئێران یان ئەو کۆمپانیایەی ئێمە گازی لێدەکڕین بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ئێران؛ پارەکە لە TBI دادەنرێت و ئەوان دەتوانن ئەو پێداویستییانەی پێ بکڕن کە ناچێتە نێو پیشەسازیی سەربازی یان بەکارهێنانی دوو رووی نییە. ئەمە کێشەی بۆ ئێمە دروستکردووە؛ ئەوان داوای پارەی خۆیان دەکەن و ئێمەش نەمانتوانیوە بیدەین. ئومێد دەکەم بتوانین لەگەڵیاندا بگەینە ئەنجامێک کە ئەو بڕەی دەماندەنێ، زیادی بکەن و بیکەنە دوو هێندە.
رووداو: بە گوێرەی رێککەوتنەکە ئێران دەبێت چەند گاز بۆ عێراق بنێرێت؟ ئێستا ئێوە رۆژانە چەند گازتان دەستدەکەوێت؟
عادل کەریم: رێککەوتنەکە جیاوازی هەیە لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی دیکە، بەڵام دەبێت ئێمە لە 1ـی 5ـەوە 55 ملیۆن مەتری سێجا وەربگرین؛ ئێستا 25 ملیۆن مەتری سێجامان بۆ دێت.
رووداو: عێراق بە گشتی چەند قەرزداری ئێرانە؟
عادل کەریم: نزیکەی ملیارێک و 690 ملیۆن دۆلار.
رووداو: لە میدیای عێراقیدا چەند ساڵێکە باس لە نرخی ئەو گازە دەکرێت کە بە عێراق دەدرێت؛ ئێران بە چەند گازی شل دەفرۆشێتە عێراق؟
عادل کەریم: لە جیهاندا نییە بڵێ بەوەندە گازت پێدەفرۆشم، گاز لە جیهاندا بە هاوکێشەیەک دەکرێت کە گرێدراوە بە نرخی نەوتەوە و بەرز و نزم دەکات بەپێی نرخی نەوت؛ ئەگەر ئەمڕۆ باسی بکەی ئەو گازەی لە ئێران دەیکڕین هەرزان دەکەوێت، بەهۆی نرخی گازی جیهانی؛ زۆر هەرزانە بۆ ئێمە. بە گشتی بەلای منەوە نرخەکە بەرز نییە؛ نرخێکی گونجاوە و دەتوانین سوودی لێ وەربگرین. هۆکاری سەرەکی ئەوەش کە گازمان لە ئێرانەوە بۆ دێت بریتییە لە دواکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق لە کۆکردنەوەی ئەو گازەی کە هەیە؛ ئەو گازەی لەگەڵ نەوتدا دەردێت و دەسووتێت یان ئەو پێکهاتە گازانەی کە گازیان تێدایە و نەتوانراوە وەکو پێویست سوودیان لێوەربگرن.
رووداو: لە ساڵانی رابردوودا یەکێک لەو کێشانەی کە عێراق رووبەڕووی دەبووەوە، ئەوەبوو لە وەرزی هاویندا ئێران هەناردەکردنی گازی رادەگرت یان زۆر کەمی دەکردەوە. ئەگەر لەم هاوینە ئەمە دووبارە ببێتەوە، بەرهەمهێنانی کارەباتان چەند کەمدەبێتەوە؟
عادل کەریم: ئومێدەوارین روونەدات، ئەگەر رووبدات ئێمە بەشێکی زۆر لە کارەبا ون دەکەین و بە راستی کێشەمان بۆ دروستدەبێت، هەرچەندە دەتوانین تا راددەیەک کۆنترۆڵی هەندێک لە شتەکان بکەین، بەڵام ناتوانین بە تەواوەتی، چونکە ئێمە بەشێکی زۆری وێستگەکانمان بە گاز کاردەکەن، نزیکەی 39 وێستگەی گازیمان لە هەموو عێراقدا هەن؛ بەشی زۆری ئەو وێستگانە بە گازی ئێرانی کاردەکەن؛ وێستگەی گرنگ و کاریگەریشن. هەموو ئەوانەی لە باشوور و ناوەڕاست و بەغدا و دەوروبەری هەن.
رووداو: دەتوانین بڵێین چەند لە سەتی بەرهەمهێنانی وزە لە عێراقدا پشت بە گازی ئێرانی دەبەستێت؟
عادل کەریم: لەم قۆناخە لانیکەم 30٪.
رووداو: جگە لە گاز، عێراق هێڵی گواستنەوەی کارەبای لەگەڵ ئێران هەیە. هیچ پلانێک هەیە بۆ ئەوەی لەم سەردانەدا لە رێگەی ئەو هێڵانەوە کارەبا هاوردە بکەن؟
عادل کەریم: چەندین ساڵە عێراق هێڵی کارەبای لەگەڵ ئێران هەیە؛ ئێمە کارەبایان لێدەکڕین. ئەویش بە هاوکێشەیەکە.. گفتوگۆمان لەگەڵ هاوکارانی ئێرانی هەیە و چەند جارێکیش لەگەڵ بەڕێز مەحرەبیان کۆبووینەوە؛ خەریکین دەگەینە ئەنجامێک و ئومێدەوارین پێی بگەین. ئەوان لە هاوین کێشەیەکی گەورەی بێکارەباییان دەبێت بەهۆی بێئاوییەوە. ئێمە چوار هێڵمان هەن، جێی داخە ساڵی رابردوو کە من هاتمە وەزارەت لە 1ـی 6ـەوە دەستبەکاربووم، هێڵەکانیان بە تەواوەتی بڕی تاوەکو کۆتایی هاوین؛ لە کۆتایی مانگی 10 کارەباکەیان پێداینەوە، چونکە خۆیان پێویستیان بە کارەبا بوو؛ ئومێد دەکەم ئەمساڵ بەو جۆرە نەکەن، چونکە ئەگەر وابکەن و لە هاویندا کارەبامان نەدەنێ، ئێمە ناتوانین ئەو گرێبەستە جێبەجێ بکەین لەگەڵیاندا؛ ئومێد دەکەم بتوانین لەگەڵ بەڕێز جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران و لەگەڵ بەڕێز مەحرەبیان، وەزیری کارەبای ئێران رێکبکەوین؛ ئومێدەوارین بگەینە ئەنجامێک سوودی بۆ هەردوولامان هەبێت.
رووداو: کەمبوونەوەی ئاو وایکردووە بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکان کەم بێتەوە، ئەم گۆڕانی کەشوهەوایە کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە، بە تایبەتی ناوچەی ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ وەکو خۆت باستکرد ئەمە وایکردووە ئێرانیش پێویستی بە گازی سرووشتی زیاتر هەبێت. ئەم گۆڕانی کەشوهەوایە چەند گفتوگۆکانی بۆ ئێوە ئەستەم کردووە؟
عادل کەریم: ئێران بەشێکی باشی کارەبای خۆی، دەتوانم بڵێم 15٪ و هەندێکجار زیاتر لە 20٪ کارەبای خۆی لە بەنداوەکانەوە بەرهەمدەهێنێت، بە تایبەت لەسەر رووباری کارون سێ وێستگەی کاریگەری کارەبای هەیە؛ ئەمساڵ بێئاوی کاریگەری زۆر دەبێت لەسەری، بێگومان ئەوەش کاریگەری لەسەر ئێمە دەبێت.
بەنداوەکانی کوردستان و عێراق دیسان ئاوی کەمیان تێدایە؛ خۆم ماوەیەکی زۆر بەڕێوەبەری وێستگەکانی کارۆئاوی بووم لە کوردستان لە دووکان و دەربەندیخان؛ پشتبەستنی سەرەکی لەسەر ئاستی ئاوەکەیە؛ دەتوانی لە ئاستی نزمیشدا وزەی لێ بەرهەمبهێنیت، بەڵام دەبێت بڕێکی زۆری ئاو بەربدەیتەوە. بۆیە هەم لە کوردستان و هەم لە عێراق و هەم لە ئێرانێش کێشە دروستدەبێت، بەڵام هەمیشە لە عێراق و لە کوردستانیش خەڵک پێداویستی زۆرە؛ وزەی ئاوی 5٪ـی ئەو وزەیە ناکات کە پێویستمانە، بەڵام لە ئێران زۆرە. هەندێک وڵات هەن بە تایبەتی ئەوانەی رووباریان هەیە و بەردەوام ئاوی لەبەر دەڕوات، کاریگەری زۆری دەبێت، بەڵام ئێمە لە لایەنێکی دیکەوە کاریگەری دەبێت کە پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە کە پلەکانی گەرما بەرزبووەوە خەڵک ئامێری کارەبایی بەکاردەهێنێت و خواست لەسەر کارەبا زۆر دەبێت، لەوەدا ئێمە کێشەمان بۆ دروستدەبێت.
رووداو: مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وزە دەکات لە عێراق؛ یەکێک لە سەرەکیترین کەس کە بەو کارانە هەڵدەستێت بەڕێزتی، پێشتر چەند جارێک باس لەوە کراوە کە ئەلتەرناتیڤ بدۆزرێتەوە بۆ گازی ئێرانی.. عێراق لە رووی وزەوە سەرچاوەکانی هەمەچەشن بکات. دیارترین ئەو ئەڵتەرناتیڤانە کە ئێستا عێراق کاریان لەسەر دەکات چین؟
عادل کەریم: وەکو باسم کرد جێی نیگەرانییە لە ساڵانی پێشوودا دەبووایە زۆر زووتر بکرابووایە، چونکە ئەم جۆرە کارانە کاتی دەوێت، بەڵام نەکراوە بەهۆی سەرقاڵبوونی عێراق یان هەر کێشەیەک کە هەبووبێت. ئێمە ئێستا هەوڵمانداوە و خۆم چوومەتە قەتەر و لەگەڵ قەتەرییەکان رێککەوتنێکمان هەیە و خەریکە کۆتایی پێدەهێنین بۆ ئەوەی بتوانین بەشێک لەو پێداویستیانەی خۆمان جێبەجێ بکەین، بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا کە ئێران ناتوانێت گازمان بداتێ و پێویستیان بە وزە هەیە بۆ خۆیان.
هەروەها لەگەڵ تورکمانستاندا لە دانوستاندنداین تاوەکو لە رێگەی ئێرانەوە بتوانین گاز بگوازینەوە. جگە لەوە، وەزارەتی نەوت پلانێکی چڕ و پڕی هەیە و هەندێک گرێبەستی لەگەڵ تۆتاڵدا کردووە، 600 مەق مەق کە دەتوانێت دوو هەزار مێگاوات کارەبا بۆ ئێمە دابین بکات کە لە ساڵی 2025 دێتە بەرهەم؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندێک گاز کۆدەکەینەوە، پێداویستی بۆ کارەبا زۆر دەبێت. پێویستە هەموو ساڵێک 1500 مێگاواتی زیادە بەرهەمبهێنین، ئەگینا دوا دەکەوین. بۆیە پلانێکمان هەیە و دوێنێ بۆ بەڕێز سەرۆکوەزیران خستمانەڕوو کە کاتی خۆی ناردبوومانە ئەنجوومەنی وەزیران، کە لە چوار ساڵی داهاتوودا چی بکەین.
لە چوار ساڵی داهاتوودا دەمانەوێت بگەینە هێڵی یەکسانبوونەوە، واتە بگەینە ئەوەی هاووڵاتی 24 کاژێر کارەبای هەبێت و یەدەگیشمان هەبێت بۆ کارەبا. ئەگەر بە پەلە کار بۆ ئەوە نەکەین.. بۆ نموونە دواکەوتنی بودجە، ئەو کێشە سیاسییانە کاریگەری زۆریان لەسەر وەزارەتی کارەبا دەبێت. بۆیە پلان هەیە، بەڵام پلانەکان وەکو گوتم پێویستی بە سەقامگیری هەیە، پێویستی بەوە هەیە حکومەتێکی سەقامگیر بۆ ماوەی چوار ساڵ کاری جیددی لەسەر بکات، پێویستی بە هاوکارییەکی زیاد لە سنووری وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی هەیە لە عێراق.
رووداو: وەکو باستکرد لێکتێگەیشتنێکتان لەگەڵ قەتەر هەیە و خەریکە دەگاتە رێککەوتنی کۆتایی، کەی بە ئەنجام دەگات؟ واتە کەی عێراق گاز لە قەتەرەوە هاوردە دەکات؟
عادل کەریم: ئێمە لە کۆتایی هاویندا پشتیوان بە خودا دەگەینە ئەنجام، چونکە ئەو گازە بە کەشتی دێت گازی شلە؛ ئەوان تەکنۆلۆجیایەکی تایبەتیان هەیە و ئەو گازە وا لێدەکەن و ئێمەش لە بەندەرەکانی باشووری عێراق دەیبەستینەوە بە بۆرییەکانی عێراق و گازی لێوەردەگرین، بەڵام قەتەر ئەو بڕەمان دەداتێ کە ئێران ناتوانێت بۆمان پڕ بکاتەوە. قەتەر زۆربەی گرێبەستەکانی بۆ 15 تاوەکو 25 ساڵە، ئێمە تاوەکو ساڵی 2025 بڕێکی دیاریکراو وەردەگرین، دوای ئەوە دەتوانین بڕەکەی لەگەڵ قەتەر زۆر بکەین.
رووداو: عێراق چەند ساڵێکە هەوڵ دەدات بە تایبەتی لەڕووی وزەوە خۆی بە کەنداو ببەستێتەوە، واتە تۆڕی کارەبای عێراق ببەسترێتەوە بە سعودیە و قەتەر، بەڵام لە عێراقدا بابەتی سیاسی تاوەکو چەند کۆسپن لەبەردەم ئەو پرۆژانە؟
عادل کەریم: ئەگەر وەکو خۆی باسی بکەم، لەوەتەی هاتوومەتە ئێرە ئەوەی ئوردنم واژۆکرد، کەس ناڵێت بۆ واژۆت کرد، ئەوەی تورکیامان واژۆکرد و کەس ناڵێت بۆ واژۆتان کرد، لەگەڵ ئێران دێین و دەڕۆین کەس ناڵێت.. لەگەڵ کەنداوییەکان لە دانوستاندنداین و کەس هیچ ناڵێت.. بەڕاستی تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک پێی نەگوتوومە؛ ئەگەر پێم گوترابایە لە راگەیاندن باسم دەکرد. هەندێکجار لەوانەیە هەندێک کەس شکستی خۆی گرێبدات بە کارێکی دیکەوە. عێراق پێویستی بەوەیە پەیوەندی هاوسەنگی لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبێت، وزە شتێکی ژیانییە، وزە دەماری ژیانە، ژیان لەسەر وزە بەندە. ئەوەتا شەڕی ئۆکراینا تاوەکو ئێستا ناتوانن گازەکە لە رووسیا ببڕن.
بۆیە عێراق پێویستی پێیەتی هەم بۆ سەقامگیری سیستمی کارەبایی و هەم بۆ ئەوەی ئێمە لە قۆناخێکدا لەوانەیە عێراق بگاتە ئاستێک پشتیوان بە خودا لە ساڵانی داهاتوودا 5 بۆ 7 ساڵی داهاتوو رۆژێک لە رۆژان ئەو بیداتە خەڵکی دیکە. بۆیە پێویستە ئێمە ئەو گرێدانە جێبەجێ بکەین، بەڵام هەندێکجار ئەو دانوستاندنانەی ئێمە دەیکەین، لەسەر بنەمایەکی زانستی و بازرگانی و تەکنیکیە. ئێمە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە دانوستاندنێکی دروور و درێژداین و تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەوەی لەسەر نرخ رێکبکەوین، هەم لەگەڵ کوێت و هەم لەگەڵ سعودیە. ئومێد دەکەم لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەینە ئەنجام لەگەڵ ئەوانیش، بەڵام هێڵی ئوردن دەستیان کردووە بە دروستکردن، هێڵی تورکیا تەواو بووە، پێرێ لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا بە تەلەفۆن قسەمان کرد، پشتیوان بە خودا لە رۆژانی داهاتوودا ئومێد دەکەم کە هێڵەکە گرێدراوە، بتوانین بیخەینە کار و کارەبای لێوەربگرین بۆ موسڵ.
رووداو: پێم وابێت رەزامەندی لایەنی تورکی ماوە بۆ هێڵی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای تورکیا بە عێراق؟
عادل کەریم: رەزامدنی نەماوە، رێککەوتنێک هەیە لەنێوانماندا پێویستە ئێمە واژۆی لەسەر بکەین، بەڕێوەبەرەگشتییەکەمان بەیانی نا دوو بەیانی دەچێت بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات؛ هیچمان نەماوە، چونکە هێڵەکە بەستراوەتەوە، لە رووی تەکنیکییەوە تێست کراوە و هیچ کێشەیەکمان نییە، هەر ئەوەندە ماوە ONـی بکەن.
رووداو: کەی ON دەکرێت؟
عادل کەریم: ئومێد دەکەم لە هەفتەی دوای جەژن، چەند رۆژێک دوای جەژن بە ماوەیەکی کەم ON بکرێت.
رووداو: رۆژی 20ـی مانگ لە پەرلەمانی عێراق بووی، وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارەکانت دایەوە؛ یەکێک لەو تێبینیانەی کە ژمارەیەک پەرلەمانتار باسی دەکەن، بە تایبەتی ئەو پرۆژانەن کە لەلایەن کۆمپانیای قەیوان و کارەوە لە عێراق دەکرێن. ئایا بۆچی هەست دەکەی ئەم ماوەیە زیاتر لە عێراق ئەو دوو بابەتە دەوروژێندرێت؟
عادل کەریم: لەسەر قەیوان هیچ باس نەکراوە، چونکە قەیوان هیچ پرۆژەیەکی لای ئێمە نییە. ئێمە تەنیا کارەبا لە قەیوان دەکڕین بۆ کەرکووک و نەینەوا، هیچ باس نەکراوە. لەسەر کار یەک کەس باسی کرد، وایان تێگەیاندوون کە کار دەچێت هەڵیاندەتەکێنێ و کارگەکان دەفرۆشێ و خراپە، هەڵە تێگەیشتنە. ئێمەش بۆمان روونکردنەوە کە ئەمە پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی گەورەیە و سوود بە خەڵکی باشووی عێراق دەگەیێنێت، زیاتر لە 1500 بۆ 1600 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت، ئەو گرێبەستەش لە ساڵی 2015ـەوە کراوە، واتە هیچ پەیوەندییەکی بەم حکومەتە و حکومەتەکەی پێشوو و پێشووتریش نییە، لە سەردەمی حەیدەر عەبادی کراوە، دانوستاندنەکە کۆتایی حکومەتەکەی مالیکی کراوە. راستییەکەی ئێستا شتەکە خاو بووەتەوە و کۆتایی پێهاتووە، ئێمە قسەمان لەگەڵ پەرلەمانتارەکان کرد و راستییەکەی تێگەیشتنێکی زۆرباشیان لەوبارەیەوە هەبوو. ئومێد دەکەم هیچ پاساوێکی لە پشتەوە نەبێت، بەڵام وەکو گوتم هەموو کێشەیەکی سیاسی کاریگەری دەبێت لەسەر کەرتی کارەبا و کەرتەکانی دیکەش. ئێستا ئەوە پەرلەمان رێکناکەون، حکومەت نییە، بودجە نییە کە بودجە نەبوو وەزارەتەکەی ئێمە زیان دەکات و وەزارەتەکانی دیکەش زیان دەکەن. ئومێد دەکەم دوای جەژن لایەنە سیاسییەکان بگەنە ئەنجامێک و هەموو بەشداری حکومەت بکەن و ئەو قۆناخەش تێپەڕێنین، چونکە بەڕاستی کێشەی قورس هەیە لە بواری خزمەتگوزاری لە عێراق دواکەوتنێکی گەورەی تێدایە؛ بێگومان لە کوردستانیشدا ئەوە هەیە، پێویست بەو رێککەوتنانە هەیە بۆ ئەوەی عێراق لەگەڵ خۆی و دەوروپشتیدا بژیت.
رووداو: رەنگە ئێستا کێشەی سیاسی لە عێراق لە هەموو کاتێک زیاتر بێت کە کاریگەری لەسەر ئێوە هەبێت. ئەو کێشە سیاسییانە لە چ لایەنێکەوە زۆرترین کاریگەری لەسەر وەزارەتەکەی تۆ هەیە؟
عادل کەریم: کاریگەری کەسی لەسەر من و وەزارەتەکەم نییە، بەس کاریگەری لەسەر بێ پارەیی و بێ بودجەییە. ئێمە بەرنامەیەکی تێروپڕمان هەیە بۆئەوەی ئەمساڵ کۆمەڵێک وێستگەی کۆمباین سایکڵ بونیاد بنێین و بەردی بناخەیان دابنێین کە پارە نەبێت چۆن دەتوانین، ساڵێک دوا دەکەوین. هەموو ساڵێک لە کارەبا دواکەوتنە. گرێبەست دەکەیت لەگەڵ کۆمپانیا، دانوستاندن دەکەی و کاتێکی دوورو درێژی دەوێت کارەبا بەس ئەوە نییە دەست بە سویچەکە بنێیت و بێت. کاریگەری قورسی لەسەر خزمەتگوزاری دەبێت لە کەرتی کشتوکاڵ، لە ئەنجوومەنی وەزیران هەموو وەزیرەکان کێشەی قورسیان هەیە لە نەبوونی بودجە، کەرتی ئاو، کەرتی تەندروستی کێشەی قورسیان هەیە، تەنانەت کەرتی بەرگری و هەموو کەرتەکانی دیکە کێشەیان هەیە، بۆیە دواکەوتنی بودجە کاریگەری قورسی لەسەر ئێمە دەبێت. ئەو وەزارەتەی ئێمە دوو ساڵ 2020 کە بودجە نەبووە تاوەکو ئێستاش کاریگەری لەسەر وەزارەتی کارەباوە دیارە.
رووداو: چەند پرۆژەیەکی هاوبەشتان لەگەڵ کۆمپانیای کار هەیە لە باشووری عێراق، نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا ژمارەیەک پەرلەمانتاری بەسرە بە دیاریکراوی، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، راگەیێندراوەکە لە دژی کار بوو. ئەمجۆرە راگەیێندراوانە و ئەو ململانێ سیاسییانە وایکردووە کەوا کارەکانی ئێوە یان ئەو هاوبەشیەی ئێوە لەگەڵ کار گرووپ لە باشووری عێراق هەتانە، هیچ کاریگەرییەک یان هەڕەشە بکەوێتە سەر ستافەکە؟
عادل کەریم: عێراق سیستەمێکی پەرلەمانی هەیە، پەرلەمانتارەکان سەربەستن لەوەی چی دەڵێن و چی دەکەن و بە ئازادی کارەکانی خۆیان دەکەن و لێپرسینەوەش لە هەموو وەزیرێک دەکرێت، پێویستە وەڵامیان بدرێتەوە. من ناڵێم کێشەی سیاسیی کاریگەری نییە، بەس بە شێوەیەکی گشتی هەندێکجار لە تێنەگەیشتن و هەندێکجا لە جوڵاندن، بەڵام ئێمە کاری خۆمان دەکەین، چونکە ئەو کارانەی لەسەر بنەمای زانستی و پاکی و دەستپاکی و رێک رۆیشتووە، چاودێری و دەستپاکی هیچ کێشەیەکیان لەسەر نییە دەڕوا، هەمیش ئەو کارانە دەوەستن کە گەندەڵی تێدایە و پێویستی بە وەستاندن و لێکۆڵینەوە هەیە. سوپاس بۆ خودا تاوەکو ئێستا لای ئێمە ئەوە رووینەداوە، لەوکاتەوە بەلایەنی کەمەوە ئەوەندی من لێرەم، هەرچەند ئەوانی پێشوو کێشەکان ماون و ئێستا خەریکن چارەسەری دەکەن. ئومێد دەکەم بتوانین لە داهاتوویێکی نزیکدا ئەو کێشە سیاسییانە چارەسەر ببێت و ئەو شتانەش نەمێنێت، بەڵام وەکو گوتم لەگەڵ کۆمپانیای کار لە ساڵی 2015ـەوە ئەو کارە کراوە پێش ئەوەی من بێم و پێش ئەوەی خەڵکی دیکەش بێنە ئەو وەزارەتە. بەشێکی زۆری سەرکردایەتی وەزارەت لێرە نەبوون ئەوەی کە وەزارەت بەڕێوەدەبەن. گرێبەستێکە و گرێبەستکەش بەڕاستی جێبەجێکراوە و کۆتاییشی پێهاتووە و ئێستا وێستگەکان کاردەکەن. ئومێد دەکەم ئەو کێشانە کەمبووبێتەوەو بەرەو کەمبوونەوەش دەچێت.
رووداو: لە رابردوودا پلانێکی کورتخایەن و مامناوەند و درێژخایەنتان پێشکەشکرد بۆ بابەتی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە عێراق، ئەگەر بە کورتی باسی بکەی پلانە کورتخایەن مامناوەند و درێژخایەنەکەتان چییە؟
عادل کەریم: کورتخایەنەکە تاوەکو مانگی 6ـی ئەمساڵ، مامناوەندی دوو ساڵە، ئەوەی دیکەش هەمووی بخەیتە سەر یەک چوار ساڵ و نیو بۆ پێنج ساڵە، چوار ساڵ و نیومان پێویستە بۆ ئەوەی بیگەیێنینە 55 هەزار مێگاوات، ئەگەر نەیگەیێنین بەو ژمارەیە تووشی کێشەیەکی قورس و کاریگەر دەبین. بۆیە ئەگەر بودجە بەشێوەیەکی خێرا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدرێت و حکومەت پێکنەهێندرێت کاریگەری زۆری لەسەر بەرنامەی ئێمە دەبێت. ساڵ و نیوێکە من لێرەم، ئەگەر پێت بڵێم لە میزانە قورسەی کە داوامانکردووە 12 ملیار دۆلار، من 150 ملیۆن دۆلارم وەرگرتووە بەهۆی ئەوەی بودجەی ساڵی 2021، 60٪ لە پەرلەمان لادرا، ئێمە یەک لەسەر 12 وەردەگرین هی ساڵی پار، لەبەر ئەوە هیچمان بەرناکەوێت.
رووداو: واتە لە 12 ملیار دۆلار 150 ملیۆن دۆلارتان وەرگرتووە؟
عادل کەریم: بەڵێ، بەڵام بە هیمەتی ئەو کارمەندانەی لێرە هەن و ئەو کارانەی کە تەواو نەکرابوون تەواومان کردن، من ناڵێم سوپەرمانم وەزیرەکانی دیکە کارمەندانی دیکە کاری گەورەیان کردووە، ئێمەش کارەکانمان تەواوکرد، ئەمساڵ توانیومانە لە دەوروبەی 4 بۆ 5 هەزار مێگاوات بخەینە سەر، پلانەکەی من 7 هەزار و 500 مێگاوات بوو. بەشێکی پەیوەندی بە وەزارەتی نەوتەوە هەیە نەیتوانی گاز بگەیێنێتە ئەو یەکانەی کە ئێمە تەواومان کرد و چاکمان کردەوە. ئێمە کاری زۆرترمان لە پێشە، ئومێد دەکەم بتوانین پلانە مامناوەندەکە جێبەجێ بکەین، ئەوکات عێراق نزیک دەبێتەوە لە 24 کاژێر کارەبا، دوای ئەوە بەرەو زیادبوون دەچێت دەبێت یەدەگی هەبێت.
رووداو: عێراق کەی دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری؟
عادل کەریم: ئەگەر ئەو پلانەی باسمکرد جێبەجێ بکرێت دەگەین بەمە، ئەگەر نەکرێت ناگەین. ماوەی دوو مانگ و نیوە تێکڕای کارەبا لە عێراقدا جگە لە ئەنبار و بەشێک لە نەینەواو کەرکووک نەبێت کە 18 بۆ 20 کاژێر کارەبایان هەیە، هەموو عێراق 23 بۆ 24 کاژێر کارەبای هەیە.
رووداو: تەنیا بە کارەبای نیشتمانی؟
عادل کەریم: بەڵێ تەنیا کارەبای نیشتمانی. ئەو کارانە چاودێری دەوێ، ئومێد دەکەم لە داهاتووێکی زۆر نزیکدا بتوانین بەشێکی زۆری کێشەکانمان چارەسەر بکەین.
رووداو: بۆچی ناوچەی سەوزی بەغدا کارەبای 24 کاژێری هەیە و عێراق نییەتی؟
عادل کەریم: ناوچەی سەوز هەندێک شوێنی زۆر هەستیاری تێدایە، ئامێری زۆر تایبەتی تێدایە کە ناتوانین بێ کارەبای بکەین، کە شتی تایبەتە من ناتوانم لێرە باسی بکەم. ئەو کارەبایەی لە ناوچەی سەوز خەرج دەکرێت زۆر کەمە. بە گشتی دادپەروەرییەکی باشمان لە عێراقدا جێبەجێ کردووە بە سیستمێکە کە کارەبا دەدەین بە هەموو پارێزگاکان. بە ئامادەبوونی هەموو پارێزگارەکان پێشی ئەوەی من بێم بۆ ئێرە بە چەند ساڵێک، ساڵی پاریش دووبارە کرایەوە، وەزارەتی پلاندانان و نەوت و ژینگەو تەندروستی و گەشتوگوزار و هەمووی کۆمەڵێک خاڵیان داناوە کە زیاتر لە 20 خاڵە، ژمارەی دانیشتوان، رووبەر، پلەی گەرما، شێ، شوێنی ئایینی، گەشتیاری، کشتوکاڵ، پیشەسازی هەموویان هاتوونەتە سەر هاوکێشەیەک هەر پارێزگایەک چەندی بەردەکەوێت، رێژەی چەندە؟ بۆ نموونە پارێزگا هەیە 6٪ی بەردەکەوێت لەگەڵ ئەو وزەیەی ئێمە بەرهەمی دەهێنین، هێز نییە بیکات بە 6 و نیو، من بۆم نییەو کەس بۆی نییە دەستوەردان بکات، کۆنترۆڵی ناوەندیمان هەیە بە دادپەروەریی دابەشی دەکات، دادپەروەرییەکی زۆر نزیکی تێدایە، چونکە ئێکە کە داتاکان دەخوێنینەوە زۆر لە یەکەوە نزیکن. ئومێد دەکەم ئەمساڵ بتوانین بە هاوکاری کارمەندانی کارەبا بڕێکی باش کارەبا بەرهەمبهێنین خەڵک کارەبای پێویستی هەبێت و کێشەکان کەمبکەینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ