رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دەڵێت: لەدوای ساڵی 2003ـەوە بە بەهای 21 ملیار دۆلار قەرز و هاوکارییان پێشکێشی عیراق و هەرێمی کوردستان کردووە و ئێستاش قەبارەی هەناردەی کاڵای ژاپۆنی بۆ عێراق ساڵانە لە یەک ملیار دۆلار نزیکبووەتەوە.
ئاکیرا ئێندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، باس لە پەیوەندییە ئابووری و دیبلۆماسی و کولتوورییەکانی تۆکیۆ لەگەڵ بەغدا و هەولێر دەکات و ئاشکراشی دەکات کە هەم کورسی خوێندن بۆ خوێندکارانی عێراق و هەرێمکی کوردستان لە وڵاتەکەیان دابین دەکەن و کارئاسانی زۆریش بۆ گەشتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ وەرگرتنی ڤیزای گەشتیاریی وڵاتەکەیان.
دەقی گوتەکانی ئاکیرا ئێندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ:
رووداو: دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و عێراق چۆنە؟
ئاکیرا ئێندۆ: بێگومان وەکو دەزانن، ژاپۆن و عێراق خاوەنی پەیوەندییەکی بێگومان باش و دۆستانە و مێژووین، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٩، بۆیە ئەمساڵ ٨٥ـەمین ساڵیادی پەیوەندییەکانمانە، جا ئێمە، گەلانی هەردوو وڵات، خاوەنی چەندین لێکچوون و هەستی نزیکین ژاپۆن لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە بە تایبەتی بە شێوەیەکی بەهێز پشتیوانیی عێراقی کردووە، ئێمە پشتیوانیی گەلی عێراق بە گشتی و بێگومان گەلی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەکەین.
رووداو: ئامانجە سەرەکییەکانی ژاپۆن چین لە هاوبەشی لەگەڵ عێراق؟
ئاکیرا ئێندۆ: ئێمە جەخت دەکەینە سەر دروستکردنی پەیوەندیی لە نێوانماندا کە تێیدا هەردوولامان براوە بین لە هەموو ئاستەکان، وەکو ئاگادارن عێراق سەقامگیرییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و ئابوورییەکەی لە فراوانبووندایە لەگەڵ گەشەی خێرای دانیشتووانی نەوە گەنجەکان، بۆیە ژاپۆن هەم لە کەرتی گشتی و هەم لە کەرتی تایبەت ئامادەیە ئەزموون و تەکنیک و سەرچاوەکانی پێشکێش بە کۆمەڵگەی عێراقی بکات، تاوەکو خەڵکی عێراق بتوانن چێژ لە سەقامگیریی و گەشەی درێژخایەن وەربگرن، کەواتە بێگومان ئەمە تەنیا بە سەرچاوە داراییەکان سنووردار نییە، بەڵکو شارەزایی و تەکنیکیش لەخۆدەگرێت.
رووداو: بازرگانی لە هەر پەیوەندییەکدا لەنێوان هەر دوو وڵات زۆر گرنگە، کاڵا و بەرهەمە ژاپۆنییەکان لێرە بە کوالێتییەکەیان ناسراون، دەمەوێت بزانم قەبارەی ئێستای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ژاپۆن چەندە و پلانەکان بۆ فراوانکردنی ئەم هاوبەشییە یان زیادکردنی بازرگانییەکە چین؟
ئاکیرا ئێندۆ: بۆ نموونە لە رووی ئامارییەوە قسەبکەین، لە ساڵی ٢٠٢٤، هەناردە لە ژاپۆنەوە بۆ عێراق گەیشتە نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار و ئەو بەرهەمە سەرەکییانەی کە هەناردەی عێراق دەکرێن بریتین لە ئۆتۆمبێل، پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل، ئامێری میکانیکی، بۆریی نەوت و پەمپ.
لە لایەکی دیکەوە، هەناردەکردن لە عێراقەوە بۆ ژاپۆن نزیکەی ١٧ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو و زۆربەی هاوردەکانمان لە عێراقەوە نەوتە.
پێموایە ئەم ژمارانە ئەوەندە کەم نین، بەڵام بێگومان باوەڕمان وایە کە توانایەکی دیاریکراو هەیە بۆ گەشەکردن هەروەها پێموایە هەردوو حکومەتی ژاپۆن و عێراق گفتوگۆیان لەسەر رێگەکانی باشترکردنی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکان کردووە، لەوەش زیاتر باڵیۆزخانەکەمان بە خودی خۆشمەوە، هانی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان دەدات کە بەرهەم و خزمەتگوزارییە بەکوالێتییەکانیان بخەنە ناو بازاڕی عێراق و پێشکێش بە خەڵکی عێراقی بکەن.
رووداو: کاڵا و بەرهەمە ژاپۆنییەکان بە کوالێتییەکەیان ناسراون، نێوبانگێکی زۆر باشیان لە عێراق هەیە، بەڵام ئایا ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم کاڵای ژاپۆنی لە بازاڕی عێراقدا چین؟
ئاکیرا ئێندۆ: دەزانم کە بەرهەمە ژاپۆنییەکان لە بازاڕی عێراقدا زۆر خواستیان لەسەرە و نێوبانگێکی ئێجگار باشیان هەیە، بەڵام وەکو دەزانیت کاڵای ژاپۆنی هەندێکجار لەوانەیە گران بێت بەهۆی کوالێتییە بەرزەکەیەوە، بەڵام دەزانم کە لە بازاڕی عێراقدا پێشوازییەکی باشیان لێدەکرێت.
بەداخەوە ئاڵنگارییەکە ئەوەیە کە بەرهەمە ژاپۆنییەکان وەک چاوەڕوان دەکەین بە بەرفراوانی بەردەست نین و لەوانەیە ئەمە زیاتر لەبەر ئەوە بێت کە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان زۆرجار دوودڵن لە چوونە ناو بازاڕەکەوە، بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکان و کەشی گشتیی وەبەرهێنانەوە، هەروەها رووبەڕووی بەربەستێکی گەورە دەبنەوە لە دۆزینەوەی هاوبەشی عێراقیی جێی متمانە بۆ ئەوەی وەک بریکاری فرۆشتنیان کاربکەن.
رووداو: ژاپۆن لە دوای ساڵی 2003ـەوە بەخشەرێکی سەرەکی بووە بە عێراق، کۆی گشتیی بەخشین و قەرزەکانی ژاپۆن بۆ عێراق تاوەکو ئێستا چەند بووە؟
ئاکیرا ئێندۆ: لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە ژاپۆن هاوکاریی پێشکێشی عێراق کردووە و لە قۆناخی سەرەتادا سەرنجمان لەسەر هاوکاری مرۆیی بوو، بەڵام بەهۆی گەشەی ئابووریی عێراقەوە ئێستا سەرنجمان لەسەر پڕۆژەی قەرزە هاوکارییەکانمان بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە گەیشتووەتە ٢١ ملیار و نزیکەی نیوەی قەرزی یەنە، سەرەڕای دۆخی دارایی سەخت کە ئێمە لە ژاپۆن رووبەڕووی بووینەتەوە، ژاپۆن بەردەوام بووە لەوەی ببێتە یەکێک لە بەخشەرە هەرە لەپێشەکان لەنێو بەخشەرانی هاوکاری گەشەپێدانی فەرمیدا.
رووداو: ژاپۆن پشتیوانی ژێرخان و پرۆژە مرۆییەکانیشی لە عێراق کردووە، کام پرۆژانە هەن کە زۆرترین شانازییان پێوە دەکەن؟
ئاکیرا ئێندۆ: لەنێو شێوازی جۆراوجۆری هاوکاری دوولایەنە کە پێشکێشی دەکەین، پرۆژەی قەرزی یەن گەورەترین رێژەی هاوکارییەکانمان پێکدەهێنێت، وەکو گوتم بەهۆی گەشەسەندنی ئابووریی عێراقەوە، پرۆژەی قەرزی یەن چەندین لایەنی باشی هەیە بۆ وڵاتانی وەرگر وەکو عێراق.
یەکەم، پرۆژەی قەرزی یەن، بە تایبەتی کاتێک لەلایەن کۆمپانیا ژاپۆنییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، یارمەتی عێراق دەدات لە رووی ئابوورییەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئەوەش بە زووترین کات لە رێگەی دروستکردن و بەڕێوەبردنی ژێرخان کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت.
دووەم، پرۆژەی قەرزی یەن وا دەکات کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بتوانن تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانیان بگوازنەوە بۆ عێراق، با ئاماژە بە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەی بەسرە بدەم ئەمە لە راستیدا گەورەترین پرۆژەی قەرزی یەنە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کۆمپانیای ژاپۆنیی JGC لەسەر کارەکانی بەردەوامە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا، ئەم پرۆژەیە بە شێوەیەکی بەهێز پشتیوانیی گەشەی ئابووریی مامناوەند و درێژخایەنی عێراق دەکات و هەروەها بە بەهای نزیکەی هەشت ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرهەمی نەوتی بەرهەم دەهێنێت.
رووداو: لە هەرێمی کوردستانیش پرۆژەتان هەیە، پرۆژە سەرەکییەکانی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کامانەن؟
ئاکیرا ئێندۆ: ئێمە بە سەرکەوتوویی هەندێک پرۆژەی قەرزی یەنمان تەواو کردووە، سەرباری پرۆژەکانی دیکە، پرۆژەکانی قەرزی یەن بۆ نموونە، لە کەرتی کارەبا، دابینکردنی ئاو و نەوت بوون و یارمەتیدەر بوون بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی سەرەکی بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
دەمەوێت ئاماژە بە یەک نموونەی بەردەوامی ئەم جۆرە پرۆژانە بکەم، ئەم مانگە لە رۆژی ٩ی مانگدا، بەشداریمکرد لە رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی پرۆژەیەکی نوێ کە پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆیە لە هەرێمی کوردستان، بە قەرزی یەن پارەدار کراوە بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی بەرزی پێشبینیکراوی گەشەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان، باشترکردنی سیستمی ئاوەڕۆ کارێکی لەپێشینەی بەپەلەیە، ئەم پرۆژەیە چارەسەری کێشە هەستیارەکانی پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی و رووبارەکان بەهۆی ئاوی ئاوەڕۆوە دەکات و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ خەڵکێکی زۆر، لەوانەیە ٢.٤ ملیۆن کەس لە هەولێر و دەوروبەری.
رووداو: عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا کاری لەسەر پرۆژە کردووە بۆ گواستنەوە لە پشتبەستن بە نەوتەوە بۆ ئابوورییەکی هەمەجۆرتر، ژاپۆن چۆن یارمەتیی عێراق دەدات لەم گواستنەوەیەدا لە پشتبەستن بە نەوتەوە بۆ ئابوورییەکی هەمەجۆرتر؟
ئاکیرا ئێندۆ: ئێمە پێزانینمان هەیە بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو هەمەجۆرکردنی ئابووری بۆ پشتیوانیکردن لەم دەستپێشخەرییانە، ژاپۆن هاوکاری کردووە لە گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان لە سەرجەم بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە ڕێگەی چوارچێوەی هاوکاریی تەکنیکیی جایکاوە (ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی)، گەنجانی عێراقی کە داهاتووی عێراق لە ئەستۆ دەگرن، بێگومان دەیانەوێت فێری تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بیانی ببن و لە هەوڵەکانی بونیاتنانی وەڵاتەکەیاندا بەکاری بهێنن، بۆیە لەم روانگەیەوە و لە وەڵامی داواکاریی عێراقدا ژاپۆن لە رێگەی ئەم پرۆگرامەی جایکاوە بانگهێشتی حکومەتی عێراق و گەنجان و کەسانی دیکەی کردووە بۆ ژاپۆن بۆ هاوبەشکردنی ئەزموون و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ژاپۆن و ئەو شتانە.
رووداو: ژاپۆن چۆن دەڕوانێتە ئەو ئاستەنگە ئەمنییانەی کە عێراق رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ تیرۆر و گرژییە هەرێمییەکان؟
ئاکیرا ئێندۆ: راستییەکەی ئەمە پرسیارێکی کەمێک قورسە، بەڵام پێگەی جیۆپۆلەتیکی عێراق لە ناوچەکەدا مەبەستم ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی هێزە هەرێمییەکان بە شێوەیەکی ئاڵۆز تێکەڵ بوون، بۆیە ئەم پێگەیە وا لە عێراق دەکات کە ئاسانتر بکەوێتە ناو گرژییە هەرێمییەکانی نێوان ئەم هێزانەوە.
لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت ستایشی هەڵوێستی بنەڕەتیی حکومەتی عێراق بکەم لە سیاسەتی دەرەوەیدا کە پشت بە دیپلۆماسییەت و بەدواداچوونی کاری هاوبەش و هاوئاهەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبەستێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێ و گەیشتن بە ئاگربەست، جا لەبارەی هەڕەشەی تیرۆرەوە ژمارەی رووداوە تیرۆریستییەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە و ئەمە چوارەم جارمە لە عێراق کاردەکەم و پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٤ لە سامەرا کارم کردووە، هەروەها دووجاریش لە بەغدا کارم کردووە، بۆیە ئەگەر بەراورد بکرێت بەو کاتانە من بە شێوەیەکی ئەرێنی سەرسامم بەوەی کە سەقامگیریی عێراق چەندە باشتر بووە.
رووداو: باشە دوور لە سیاسەت، دەمەوێت باسی فەرهەنگ بکەین، پلانەکان چین بۆ برەودان بە ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی نێوان ژاپۆن و عێراق؟
ئاکیرا ئێندۆ: بێگومان ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی یەکێکە لە ئاڵوگۆڕە زۆر گرنگەکانی نێوان گەلان، بەڵام راستییەکەی باڵیۆزخانەکەمان پێشوەختە بەشداریی لە مەودایەکی بەرفراوانی چالاکییە فەرهەنگییەکاندا کردووە. بۆ نموونە، ئێمە هاوکاریمان لەگەڵ زانکۆ جیاوازەکانی عێراقدا فراوانتر کردووە و زانایانی هەردوو وڵات سەردانی یەکتریان کردووە، چ لە عێراق یان ژاپۆن، هەروەها ئەمساڵ کۆمەڵێک کتێبمان لەسەر ژاپۆن پێشکێش بە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی کردووە.
نموونەیەکی دیکە ئەوەیە کە باڵیۆزخانەی ژاپۆن یارمەتیی چالاکییەکانی شوێنەوارناسانی ژاپۆنی و عێراقی دەدات لە رووپێویی شوێنەواری و پاراستنی میراتی فەرهەنگی، هەروەها ئێمە میوانداری چەندین بۆنەی فەرهەنگیمان کردووە وەکو نمایشی ئامادەکردنی چای و رازاندنەوەی گوڵ بەمەبەستی پەرەپێدانی تێگەیشتن لە فەرهەنگی ژاپۆنی لەنێو خەڵکی عێراقدا، بێگومان دەمانەوێت ئەم چالاکییانە لە هەرێمی کوردستانیش فراوانتر بکەین.
رووداو: چ دەرفەتێک هەیە بۆ خوێندکاران، خوێندکارانی عێراقی و کورد، بۆ خوێندن لە ژاپۆن لەژێر ناوی سکۆلەرشیپ یان پرۆگرامی ئاڵوگۆڕدا؟
ئاکیرا ئێندۆ: لەلایەن خۆمانەوە حکومەتی ژاپۆن ساڵانە ئەوەی پێی دەگوترێت سکۆلەرشیپی مێکست (MEXT) پێشکێش بە خوێندکارانی عێراقی دەکات، بە شێوەیەکی گشتی ساڵانە دوو خوێندکار لە هەرێمی کوردستانەوە ئەم سکۆلەرشیپەیان پێ بەخشراوە، سکۆلەرشیپی مێکست دەرفەت دەدات بە خوێندکارانی عێراقی بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی ژاپۆن و هیچ سنووردارکردنێک نییە لەسەر بابەت و پسپۆڕییەکان کە بەم سکۆلەرشیپە بخوێنرێن، هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە دەرچووانی ئەم پرۆگرامە ئێستا بەشداری دەکەن لە گەشەپێدانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە بەکارهێنانی ئەو زانیاری و شارەزاییەی کە لە ماوەی خوێندنیان لە ژاپۆن بەدەستیان هێناوە، داواکاری بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٧ لە بەهاری داهاتوودا دەکرێتەوە بۆیە تکایە چاوتان لەسەر ماڵپەڕی باڵیۆزخانەکەمان بێت ئەگەر ئارەزووتان هەیە.
رووداو: کەواتە ئێستا خەڵک دەزانێت کە هەموو ئەو گەنجانەی دەیانەوێت داواکاری پێشکێش بکەن، کەی بوو ساڵی داهاتوو، وایە؟
ئاکیرا ئێندۆ: بەهاری داهاتوو.
رووداو: کەواتە ماوەیەکی زۆر نییە. بەهاری داهاتوو بڕۆن فۆڵۆوی ماڵپەڕی ژاپۆن بکەن لە عێراق، باڵیۆزخانەی ژاپۆن و بەختی خۆتان تاقی بکەنەوە و لە رووی گەشتیارییەوە، دەزانم ژاپۆن وڵاتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، خەڵکێکی زۆر لە کوردستان و عێراقەوە گەشت بە دەوری جیهان دەکەن و دەچنە ئەورووپا، بەڵام ئێوە چۆن کارئاسانی بۆ کارەکانی ڤیزا دەکەن بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی تاوەکو بۆ گەشتیاری سەردانی ژاپۆن بکەن؟
ئاکیرا ئێندۆ: راستییەکەی، جۆرێک لە تێگەیشتنی هەڵە هەیە لەنێو خەڵکی عێراقدا کە پرۆسەی داواکردنی ڤیزای ژاپۆن ئاڵۆزە، کاتێکی زۆر دەخایەنێت و تێچووی زۆرە، بەڵام ئەوەی راستی بێت ئەو پارەیەی بۆ داواکردنی ڤیزای ژاپۆن وەردەگیرێت بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی دیکە گران نییە، باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە ماوەی پێنج رۆژدا داواکارییەکان جێبەجێ دەکات، کەواتە ئێوە دەتوانن لە رێگەی ئەو کۆمپانیا گەشتیارییە دیاریکراوانەی ئێمەوە کە لە هەردوو شاری بەغداد و هەولێرن، داوای ڤیزای ژاپۆن بکەن، تکایە بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی ماڵپەڕی باڵیۆزخانەکەمان بکەن ئەگەر ئارەزووتان هەیە، تەنیا دەمەوێت ئەوە زیاد بکەم کە حکومەتی ژاپۆن هانی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات بۆ سەردانیکردنی ژاپۆن لە رێگەی دروستکردنی ژینگەیەکی "دۆستانە بۆ مسوڵمانان" لە ژاپۆن، بۆیە هیوادارم ژمارەیەکی زیاتری گەشتیار لە عێراقەوە سەردانی ژاپۆن بکەن و وەکو دەزانیت، بەهۆی کۆڤیدەوە ژمارەی گەشتیاران کەمی کرد، بەڵام ئێستا خەریکە چاک دەبێتەوە، بۆیە هیوادارین خەڵکی زیاتری عێراقی سەردانی ژاپۆن بکەن.
رووداو: کەواتە پرۆسەیەکی ئاسانە؟
ئاکیرا ئێندۆ: بەڵێ هیچ قورس نییە، لەوانەیە لە رابردوودا قورس بووبێت، بەڵام ئێستا پرۆسەیەکی زۆر جێگیر و ئاسانمان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ