قەدەخەکردنی 'مەدخەلییەت' لە عێراق لەنێوان پاراستنی ئاسایش، ململانێی تائیفی و مەزهەبی

27-05-2025
شیراز رەئوف
د. یاسین تەها. لێکۆڵینڤانی بواری گرووپە ئیسلامییەکان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ).
د. یاسین تەها. لێکۆڵینڤانی بواری گرووپە ئیسلامییەکان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ).
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسراوێکی نهێنی ئاشکرا بووە، دەریدەخات حکومەتی عێراق 'سەلەفییە مەدخەلییەکان' بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیی دادەنێت و بڕیاریداوە وەکو گرووپی قەدەخەکراو رووبەڕوویان ببنەوە. لێکۆڵینڤانێکی بواری گرووپە ئیسلامییەکانیش پێیوایە وێڕای ئەوەی بڕیارەکەی عێراق بۆ قەدەخەکردنی 'رەوتی مەدخەلی' ئاڵۆز و ناڕوونە.
 
د. یاسین تەها. لێکۆڵینڤانی بواری گرووپە ئیسلامییەکان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) گوتی: مەدخەلییەکان لە دوای رووخانی رژێمی بەعس داوایان لە سوننەکانی عێراق دەکرد بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی نەکەن و لە دیدی ئەوانەوە خۆگونجاندن لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵات گونجاوتر و شیاوترە لە بەرەنگاربوونەوە و خوێنڕشتن، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا بوونە ئامانجی گرووپە چەکدارە تووندڕۆکانی وەکو قاعیدە و چەند جارێک هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتەکانیان.
 
ئەو لێکۆڵینڤانە گوتیشی، ئێستا حکومەتی عێراق و دەزگا ئەمنییەکان بڕیاری قەدەخەکردنی ئەو رەوتەیان داوە ئەو رەوتە هیچ مەترسییەکی لەسەر دەوڵەت دروست نەکردووە، بەڵام گرووپێک بەناوی 'ریباتی محەممەدی' کە گرووپێکی سوننە مەزهەبن، بەڵام نزیکن لە شیعە و حەشدی شەعبییەوە بەردەوام ستایشی بڕیارەکە دەکەن، بۆیە بە روونی دەردەکەوێت ئەم گرووپە لە پشتی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقەوەن بۆ قەدەخەکردنی مەدخەلییەت و بڕیارەکەش سیاسی و تائیفیی و مەزهەبییە.
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، رۆژی 27ـی نیسانی 2025 بە نووسراوێک بڕیاریدا رێکاری پێویست دەرهەق بە رەوتی مەدخەلیی سەلەفی بگیرێتەبەر و قەدەخە بکرێت. بە "مەترسی بۆ سەر ئاسایش نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی" دەزانێت.
 ئەو بڕیارە پاڵپشتە بە رەزامەندی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە کۆبوونەوەی یەکی ئاداری 2025. 
 
"مەدخەلییەکان چۆن گەیشتنە عێراق و هەرێمی کوردستان"
 
رەوتی سەلەفیی مەدخەلی لەدوای رووخانی رژێمی بەعس و پرۆسەی ئازادی عێراق زیاتر دەرکەوتن، بەڵام بە گوتەی د. یاسین تەها رەوتی مەدخەلی لە سەردەمی سەدام حوسێنیش ناوبەناو ئازادبوون و بانگەوازیان کردووە. 
 
د. یاسین دەڵێت: لە سەردەمی سەدام حوسێن، کتێبی محەممەد عەبدولوەهاب لە عێراق چاپکراوە، زۆر کاتیش ئازادبوون کە بانگەواز بۆ رەوتەکەیان بکەن بەتایبەت ئەوکاتانەی کە عێراق 'هەڵمەتی ئاینیی' دەکرد و رێگەی بە تەوژمە ئایینییەکان دەدا، هەندێکجاریش سەرکوتکراون و دەستگیرکراون، لە هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی 1985ـوە سەلەفی بەشێوەیەکی ئاشکرا لە سلێمانی بانگەوازی سەلەفی هەبووە لە مزگەوتەکانی 'عەبدولقادری گەیلانی و مزگەوتی ئیمان' بەڵام لەدوای 2003 کە رژێمی بەعس رووخا هەموو گرووپە ئایینییەکان بووژانەوە و چالاکییەکانی خۆیان لە مزگەوتەکان دەستپێکرد، سەلەفییەکان لە مزگەوتەکانی پشتێنەی بەغدا و لە پارێزگای سەڵاحەدین زۆر چالاک بوون لەنێو سوننەکان. بەوپێیەی رەوتێکی ئیسلامیی بانگخوازین و گوتارەکەیان روون و سادەیە و خەڵک زووتر لێی تێدەگات بۆیە زۆر زوو گەشەیان کرد.
 
ئەو لێکۆڵینڤانە باسی لەوە کرد، "لە بەرامبەر پەرەسەندن و بوونی سەلەفیی مەدخەلی لە پارێزگا سوننەکانی عێراق قاعیدە و داعش و حیزبی ئیسلامی عێراقی و گرووپی دیکە هەبوون، لە سەلاحەدین کەسێک هەڵکەوت بەناوی 'ئەبو مەناری عەلەمی' و رێبەرایەتیی سەلەفییەکانی گرتەدەست و خۆی دان بەوەدا دەنێت کە دوو بۆ سێ جار رەبیع بن هادی مەدخەلی بینیوە لە سعودیە کە رابەر و سەرچاوەی ئیلهامی رەوتی مەدخەلییەکانە، رۆڵێکی زۆر گرنگی بینی لە عێراق دوای ساڵی 2003 لە هاندانی سووننەکان تاوەکو بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی نەکەن، بەهۆی ئەمەشەوە لەگەڵ (حارس زاری) و ئەوانەی دیکە کەوتە کێشە و مشتومڕی زۆرەوە و پاڵپشتیی دەوڵەتی دەکرد".
 
گوتیشی: 'ئەبو مەناری عەلەمی' کتێبێکی هەیە و باس لەوە دەکات کە لەسایەی کافریشدا دروستە موسڵمانێک ئەگەر کافر دایبنێت و بیکات بە وەلی ئەمری تۆ دروستە شوێنی بکەویت و پەیوەندیت لەگەڵی هەبێت کە مەبەستی پۆل برێمەر، حاکمی مەدەنی ئەوکاتی عێراق و ئەو عێراقییانەی کە دایناون لە دەسەڵات وەکو جەعفەری، عەلاوی و بەدوایدا مالیکی و ئەوانی دیکە و لە دیدی ئەوەوە بەوە دەگوترێت زاڵ بوون".
 
"کاردانەوەی بەرفراوان"
 
بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ قەدەخەکردنی رەوتی سەلەفیی مەدخەلی کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە و هاوپەیمانی سیادەی سوننە رایگەیاند، دەستدرێژییەکی گەورەیە بۆسەر ئازادی بۆچوون و باوەڕ کە دەستوور گەرەنتی کردووە.
 
سیادە دەشڵێت: "ئەم بڕیارە هەڕەشەیە بۆسەر فرەیی هزریی لەناو سوننە و رەنگە وا لە مەدخەلییەکان بکات زیاتر دابخرێن و بەرەو پەڕگیری بچن".
 
هەر لەوبارەیەوە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 23ـی ئایاری 2025 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "رەوتی سەلەفی مەدخەلی کە بە جامیەش ناسراوە، دژایەتی حکومەتی نەکردووە، بەڵکو دەرچوون لە فەرمانی حکومەت و فەرمانڕەوا بە رەوا نازانێت و لە ساڵی 2003ـەوە هانی چوونە ناو ریزەکانی سوپا و پۆلیسی داوە".
 
بە گوتەی مەشهەدانی، پەرلەمان لەسەر ئەو بڕیارە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت، کە لە ئەندامانی لیژنەکانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، یاسایی، ئاسایش و بەرگری و مافی مرۆڤ پێکدێت.
 
رەوتی مەدخەلی چییە؟
 
رەوتێکی سەلەفییە کە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا لە سعودیە سەریهەڵدا و دواتر بۆ وڵاتانی دیکەش پەرەی سەند. ئەم رەوتە لە بانگەواز و میتۆدی خۆیدا پشت بە دوو بنەمای سەرەکی دەبەستێت: یەکەمیان، دڵسۆزی رەها بۆ دەسەڵاتی حاکم، گوێڕایەڵی تەواو بۆ فەرمانڕەوایان، بەرگریکردن لە هەڵوێست و سیاسەتەکانیان هەرچۆنێک بێت. دووەمیان، هێرشی بەردەوام بۆ سەر نەیاران، بەتایبەتی رەوتە ئیسلامییەکانی دیکە.
 
لەبارەی گوێرایەڵیی یان پابەندبوون بە فەرمانڕەوا کە سەلەفییەکان بە 'وەلی ئەمر' ناوی دەبەن، د. یاسین تەها لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: مەدخەلییەکان بە تایبەت و سەلەفییەکان بە گشتی بەردەوام پابەندن بە فەرمانڕەواو و هیچکات بەرەنگاربوونەوەیان تێدا نییە بەرامبەر دەسەڵات، چونکە لە دیدی ئەوانەوە تەنیا کاتێک دەتوانیت بەرەنگاری دەسەڵات ببیتەوە کە لە خودی دەسەڵاتەکە بەهێزتر بیت، ئەوەش روونادات و مەدخەلییەکان پێیانوایە نابێت بە شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە خوێنی موسڵمانان بڕێژرێت.
 
مەدخەلییەکان رەخنە لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان دەگرن بەهۆی تێکەڵبوونیان بە سیاسەت و پێیان وایە ئەمە "حیزبایەتییە و دژایەتی فەرمانی ئیسلامە بۆ یەکخستنی وشەی موسڵمانان لەژێر یەک ئاڵادا". هەروەها هەر جۆرە دەربڕینێکی رای جیاواز لەگەڵ دەسەڵاتدا بە دەرچوون لە شەرع و ئاژاوە دادەنێن، تەنانەت ئەگەر زانایانی دیکە بە جۆرێک لە "دوورکەوتنەوە لە خراپە و ئامۆژگاریکردنی وەلی ئەمر"ی دابنێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

فوئاد حوسێن باسی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکات: "ئەمە زەنگی مەترسییە"

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی چەندین پرسی کرد، لەوانەش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پرسی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق، ناکۆکیی لایەنە کوردییەکان و شەڕی میدیایی میدیاکانی پارتی و یەکێتی