رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات. گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت: "چاوەڕوانین لەم رۆژانەدا وادەی کۆبوونەوەکان دەستنیشان بکرێت."
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "خاڵێکی بەسوودی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ عێراق ئەوەیە کە بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان رێڕەوی دووەم دەڕەخسێنێت بۆ نەوت تاوەکو بگاتە بازاڕەکانی جیهان، بازاڕەکان لە رابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکان لە ئۆکراینا شڵەژان، هەروەها رەوشی ئەمنی لە دەریای سوور، بۆیە عێراق بەهێزتردەبێت کاتێک دوو خاڵی هەناردەکردنی هەیە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، گوتەبێژی دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان باسی خواستی کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و گرفت و کێشەکانی ئەو دۆسیە و زیانەکانی راگرتنی کرد چ بۆ عێراق و چ بۆ کۆمپانیاکانی نەوت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان:
رووداو: راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتت بینیوە، دەمەوێت بپرسم بە بۆچوونی خۆت پێتوایە حکومەتی عێراقی جیددییە لەبارەی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟
مایڵز کاگینز: راگەیێندراوەکەی بەغدا لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆرەوە پێشوازی لێکرا، ئێمە ئەو کاتە دەزانین کە جیددین کۆبوونەوەکان بە راستی دەکرێن، تەنیا رۆژێکە کە راگەیێندراوەکە بڵاوکراوەتەوە و هەندێک کاتی پێدەچێت بۆ دانانی کاتی کۆبوونەوەکە و یەکلاکردنەوەی شوێن و کاتەکە و هاوئاهەنگی لەنێوان هەشت کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکەی ئەندامی ئەپیکۆر لەگەڵ بەرهەمهێنەری دیکەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کاتی پێدەچێت تاوەکو کۆبوونەوەکە رێکدەخرێت، بەڵام خۆشحاڵین کە دەبینین وەزارەتی نەوت راگەیێندراوی گشتی بڵاودەکاتەوە لەبارەی گرنگیی کۆبوونەوەکان و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەکەوە.
رووداو: بێگومان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان خۆشحاڵن بەم راگەیێندراوە، چونکە وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی عێراق لانیکەم لە چەند مانگی رابردوو ئامادە نەبوو گفتوگۆ بکات، بە بۆچوونی تۆ چی وا لە حکومەتی عێراق یان لانیکەم لە وەزارەتی نەوت دەکات بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەکی وا بکات؟
مایڵز کاگینز: پێمانوایە وەزارەتی نەوت بە چەند هۆکارێک ئەم بڕیارەی داوە. با روونیبکەمەوە، یەکەم، وەزارەتی نەوت و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا تێدەگەن بۆ ئەوەی عێراق ئەوپەڕی گەشەی هەبێت دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت لە هەموو ناوچەکانی وڵاتەکە هەبێت. دەبێت بەرهەمهێنان لە باشوور هەبێت لە بەسرە، هەروەها لە میسان و بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوەڕاستی عێراق، بێگومان بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستانیش. ئەمەش پرسێکی ئابوورییەوە، بەڵام هەروەها گوشاری دەرەکی هەبوو، حکومەتی ئەمریکا لەنێویاندا سەرۆک بایدن و سەرکردەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و وەزارەتی وزەی ئەمریکاش، ئەمان گوشاریان لە سەرۆکوەزیران سوودانی و حکومەتی عێراق دەکرد بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە بۆرییەکەوە. هەروەها ئێمە بیستمان کە گوشاری دەرەکی دیکە لە وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوتەوە هەبووە کە پەیامێکی هاندانیان بە بەغداوە داوە و گوتوویانە؛ بڕوانە، پێویستە کەرتێکی بەهێزی نەوت و گازمان هەبێت لە وڵاتەکەتدا لە عێراق، چونکە وەبەرهێنانی دەرەکی زیاتر و زیاتر رادەکێشێت و هێزی زیاتر بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری ئۆپێک دروستدەکات.
رووداو: ئاماژەت بە ئۆپێک کرد، هەفتەی داهاتوو بە دیاریکراوی 2ی حوزەیران، کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس هەیە، بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس و ئەو سنوورانەی بۆ عێراق داندراون لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، پێتوانییە بەشێوەیەک ئەمە دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی دەستبکاتەوە بە هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە؟
مایڵز کاگینز: ئۆپێک مێژوویەکی بەهێز و کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر بازاڕە جیهانییەکانی نەوتدا هەیە. ئۆپێک لە عێراق دامەرزرا، یەکەم کۆبوونەوەی چەندین ساڵ پێش ئێستا لە بەغدا کرد، ئێستاش عێراق دووەم بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئۆپێک پڵەس، ئەندامانی ئەپیکۆر بڕوایان وایە ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت دەبێتە بخرێتە نێو پشکی عێراقەوە لە ئۆپێک، لە درێژخایەنیشدا، وەزیری نەوتی عێراق عەبدولغەنی گوتی کە ئەو دەیەوێت عێراق ببینێت کە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەمبێنێت، ئێستا بەرهمهێنان نزیکەی سێ ملیۆن و نیو بەرمیلە لە رۆژێکدا، هەرێمی کوردستانیش دەبێتە بەشدارێکی گرنگ لە بەرهەمهێنانی تێکڕای نەوت لە عێراق.
رووداو: نزیکەی 18 مانگ پێش ئێستا هەڤپەیڤینێکمان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کرد، کاتێک پرسیارمان لێکرد لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو گوتی بە جۆرێک ئەوە بۆ ئەوان لە وەزارەتدا شتێکی ئەرێنی بووە، چونکە کاتێک نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرا ئێمە لەلایەن ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسەوە رەخنەمان لێدەگیرا کە ناتوانین پابەندی سنووری بەرهەمهێنان بین، بەڵام ئێستا کە رۆژانە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل کەمترمان هەیە، ئێستا ئاسوودەین چونکە پابەندییەکانمان جێبەجێ دەکەین، چیت هەیە لەبارەی ئەم قسەیەوە؟
مایڵز کاگینز: وەزیری نەوت پیاوێکە کە لەم پیشەسازییە تێدەگات و بێگومان لە رۆڵی جیهانیی عێراق تێدەگات بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان روودەدات، پێویستە ئەوە لەخۆبگرێت کە چۆن بەرهەمهێنانی ئێمە بەشێکە لە پشکی ئۆپێک، خاڵێکی بەسوود هەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەو سوودەش ئەوەیە کە بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان رێڕەوی دووەم دەڕەخسێنێت بۆ نەوت تاوەکو بگاتە بازاڕەکانی جیهان، بازاڕەکان لە رابردوودا شڵەژا بەهۆی ئاڵۆزییەکان لە ئۆکراینا، هەروەها رەوشی ئەمنی لە دەریای سوور، بۆیە عێراق بەهێزترە کاتێک دوو خاڵی هەناردەکردنی هەیە، هەر ئەمەش هۆکارە کە دەبینین حکومەتی عێراق سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر بۆری کەرکووک، بۆریی کەرکووکیش نەوت دەباتەوە بەندەی جەیهان لە تورکیا، بۆیە هەموو ئەم بەرهەمانە سوودی بۆ عێراق هەیە.
رووداو: ئێستا کۆبوونەوەیەک هەیە کە دەکرێت، لانیکەم لە چەند رۆژی داهاتوودا، وەکو ئەپیکۆر ئەو مەرجانە چییە کە هەتانە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت؟
مایڵز کاگینز: ئێمە لەبارەی مەرجەکانمان زۆر روون بووین. یەکەم، دەمانەوێت دڵنیابین کە هەر گۆڕانکاری و هەموارێک لە گرێبەستەکاندا دەکرێت رێککەوتن لەخۆدەگرێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراق. دووەم، دەمانەوێت دڵنیاییمان هەبێت لەبارەی پێدانی پارە، دەمانەوێت بزانین چۆن و کەی حەقدەستەکانی رابردوومان وەردەگرین لەگەڵ حەقدەستەکانی داهاتوومان، دەشمانەوێت کە هەمان مەرجە بازرگانییەکانمان بمێننەوە کە ئێستا هەمانە لەژێر گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەروەکو لە دوایین راگەیێندراومان بڵاومانکردەوە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆر کراوەن و ئامادەین گۆڕانکاری لە گرێبەستەکانماندا بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەکەوە.
رووداو: وەکو گوتت کۆمپانیا نێدەوڵەتییەکانی نەوت لە کوردستان حەقدەستەکانی رابردوویان دەوێت هەروەها گەرەنتییەک بۆ حەقدەستەکانی داهاتوویان، لێرە بە بۆچوونی تۆ، ئەگەر نەوت نرخی 100 دۆلار بێت بۆ هەر بەرمیلێک، پێویستە چەند بدرێتە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی، یەکەم قازانج بکەن، دووەمیش، قەرەبووی زیانەکانیان بکەنەوە؟
مایڵز کاگینز: با ئەم دوو بابەتە جیابکەینەوە، من سەرەتا باسی زیانەکان دەکەم، ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندرا لەنێوان ئۆکتۆبەری 2022 و ئاداری 2023، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆر حەقدەستی خۆیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەرنەگرتووە کە ملیارێک دۆلارە، بەڵام کاتێک دەچینەوە پێشەوە و هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە مەرج نییە کە داواکاری هەبێت ئەو ملیار دۆلارە بە کاش بدرێت پێش ئەوەی هاردەکردن دەستپێبکاتەوە، بەڵام هەر رێککەوتنێک بکرێت پێویستە ئەوەی تێدا لەبەرچاو بگیرێت کە چۆن و کەی ئەو ملیار دۆلارە دەدرێت بۆ ئاییندەش پێویستە بزانین کە دڵنیایی هەیە بۆ پێدانی حەقدەست، ناتوانین لە کاردا بەردەوام کە تێیدا ئێمە نەوت بەرهەمدێنن و نەوتەکەش دەفرۆشرێت و ئێمە پارەکەمان دەستناکەوێت ئیتر ئەگەر لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت یان حکومەتی عێراق، ئەمە بنەما سەرەتاییەکانی بازرگانییە، فرۆشیار و کڕیار و ئاڵوگۆڕی پارە هەیە، پێویستە ئێمە بزانین کەی پێدانی پارەکە کەی دەبێت و چۆن دەبێت.
رووداو: بە گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق بە بۆچوونی تۆ، پێتوایە بۆچی پار لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا حکومەت وەڵامی داوا و داخوازییەکانی ئیپیکۆری نەدایەوە؟
مایڵز کاگینز: کە دادگایی ناوبژیوانێتیی نێوان تورکیا و بەغدا دەستی پێکرد، ئەوە چارەسەر کرا و لە ئەنجامدا حکومەتی تورکیا لە تشرینی یەکەمی 2023دا دوای بوومەلەرزەکە رایگەیاند کە بۆرییەکە بۆ هەناردەکردنی نەوت ئامادەیە. بەڵام لەو کاتەوە ناسازگاریی سیاسی هەبووە رەنگە من ئەمە بە شێوەیەکی جیاواز بڵێم حکومەتی فیدراڵیی عێراق نەیویستووە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە پرۆپۆزەڵەکان بخاتە روو و داوای کۆبوونەوە بکات بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت گەلێک چالاکییان هەبووە و حکومەتی ئەمریکاش چالاکیی هەبووە کە هانی بەغدای داوە کارە راستەکە بکات و، کارە راستەکەیش ئەوەیە کە هەموو خەڵکی عێراق لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا بن. کارە راستەکە ئەوەیە ئەوە رابگیردرێت کە مانگانە ملیارێک دۆلار لەدەست بدرێت، لەبەر ئەوەی بۆرییەکان داخراون کارە راستەکە ئەوەیە کە بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ خەڵک و ئەو کۆمپانیایانەدا بکرێت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن کە خەڵک و کۆمپانیا کارکەرەکان لە سنووری حکومەتی فیدراڵیی عێراقدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت جا ئێستا کارە راستەکە بۆ بەغدا ئەوەیە کۆبوونەوە لەگەڵ هەرسێ لایەندا بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بەم گرفتی بۆری نەوتە بهێنن.
رووداو: تێچووی بەرهەمهێنان یەکێکە لە گرفتەکان بە گوێرەی زانیاریی تۆ و ئەو کۆبوونەوانەی لە بەغدا و شوێنەکانی دیکەی وەک ئیمارات کران، ئایا هیچ رێکارێک هەیە یان ئایا هیچ لێکتێگەیشتنێک لەنێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی عێراقدا هەیە و ئایا حکومەتی عێراق بە هیچ جۆرێک ئامادەیە لەم بارەیەوە دانوستاندن بکات؟
مایڵز کاگینز: ئەوەی ئێمە چاوەڕێی دەکەین بانگهێشتی راستەقینە و فەرمیی کۆبوونەوەیە تاوەکو لەبارەی دەستکردن بە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە گفتوگۆ بکەین. هیوادارین ئەجێندایەکمان بەدەست بگات و دەمانەوێت بزانین چ بابەتێک گفتوگۆی لەسەر دەکرێت هەروەها پێشوازی لە وەزارەتی نەوت دەکەین بۆ ئەوەی پرۆپۆزەڵێکی نووسراو بخاتە روو کە کۆمپانیاکانمان بتوانن هەڵیبسەنگێنن. کاتێک ئێمە ئەو خاڵانە و ئەو پرۆپۆزەڵە رەشنووسەمان لە بەردەستدا بوو، ئەو کاتە دەتوانین دەست بکەین بە شیکاریی ئەگەری تێچووی هەر بەرمیلێک.
رووداو: کەواتە تاوەکو ئێستا هیچ بانگهێشتێکی فەرمی نییە بۆ ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هیچ ئەجێندایەکیش بۆ ئەو کۆبوونەوەیە نییە؟
مایڵز کاگینز: نەخیر، بەڵام مەرج نییە ئێمە پێشبینی ئەوە بکەین کە لەگەڵ راگەیاندنی ئەو کۆبوونەوەیەدا لە 24 کاژێردا ئەو ئەجێندایە بێتە بەردەستمان، چاوەڕێ دەکەین، رەنگە سبەی یان دوو سبەی شتێک روو بدات.
رووداو: وەک ئەپیکۆر پێشبینیی چی لەو کۆبوونەوەیە دەکەن یان دەتانەوێت لەو ئەجێندایەدا چی هەبێت، بۆ نموونە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بڵێن "باشە، ئەمە ئەو کۆبوونەوەیەیە کە گرفتەکان چارەسەر دەکات"؟
مایڵز کاگینز: ئەوەی ئێمە حەز دەکەین لەم کۆبوونەوانەدا بیبینین چوارچێوەیەکی کارە بۆ پێداچوونەوە و ئەگەری دەستکاریکردنی گرێبەستەکان. دەمانەوێت بزانین ئەم گفتوگۆیانە چۆن بەڕێوە دەچن، هەروەها دەبێت کات و وێستگەی دیاریکراویشی هەبێت کە خاڵی بڕیاری گرنگی تێدا بێت و لەلایەن هەرسێ لایەنەوە پابەندێتی هەبێت کە زنجیرە کۆبوونەوە بکەن تا بە خێراترین شێوە کۆتایی بەم گرفتە بهێنن. وەزارەتی نەوت لە راگەیاندنەکەیدا دەڵێت کە ئەوان دەیانەوێت پەلە بکەن و بە خێرایی ئەم گرفتە چارەسەر بکەن و نەوت بچێتەوە بۆرییەکان. ئێمە پشتیوانیی ئەوە دەکەین و دەمانەوێت ئەم گرفتە بە زوویی چارەسەر ببێت.
رووداو: لەبارەی دەستکاریکردنی گرێبەستەکانەوە، ئایا ئەمە بژارەیەکە کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئامادەن گفتوگۆی لەسەر بکەن؟
مایڵز کاگینز: کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور ئامادەن گفتوگۆ لەسەر دەستکاریکردنی گرێبەستەکان بکەن، بەڵێ.
رووداو: ئەی چ خاڵێک لە گرێبەستەکاندا ئامادە نین قسەی لەسەر بکەن؟
مایڵز کاگینز: من ناتوانم بە ناوی هەر یەکێک لە کۆمپانیاکانەوە قسە بکەم. بەڵام وەک بنەمایەک دەڵێم کە ئەوە بۆ کۆمپانیاکانمان گرنگە سێ مەرجی پێشوەختەیان هەبێت: یەکەم، هەر گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکاندا بە رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێککەوتن بێت، دەبێت گەرەنتی پێدانی پارەکانی رابردوو و داهاتوو بکات کە حەز دەکەین هەمان مەرجی دارایی بپارێزن، بەڵام رەنگە جیاوازی هەبێت لەبارەی بڕی پێدانی پارەوە. ئیدی چ پارەکە لەلایەن هەولێرەوە بدرێت یان لەلایەن بەغداوە. رەنگە لە هەندێک دۆخدا هەندێک باج هەبێت کە بەغدا بەرژەوەندیی تێیدا هەبێت. نازانین، بەڵام ئێمە سەیری ئەم پرۆپۆزەڵانە دەکەین و لە کۆبوونەوەی گونجاودا دانوستاندنیان لەسەر دەکەین.
رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە کوێی هەموو ئەمانەدان؟
مایڵز کاگینز: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و د. ئومێد تیمێکی زۆر زیرەکن من لە پشتی پەردەوە زۆر هەوڵم داوە و کۆبوونەوەی زۆرم کردووە و گفتوگۆم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکاندا کردووە و ئەوانیش لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان کردووە بەڵام من لەبری ئەوان قسە ناکەم بۆیە داوات لێدەکەم کە پرسیارەکەت ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و گوتەبێژەکەیان بکەیت جا من تەنیا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هاوبەشێکی باش و سەرڕاستی ئەو کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییانە بووە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. کۆمپانیا نەوتییەکانیش دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە کە هەر گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکاندا بە بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بێت.
رووداو: ئایا دانوستاندن و کۆبوونەوەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا جیایە لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان؟ ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم دانوستاندنانە و ئەوانەی پێشتر بەشدارن یان ئەم دانوستاندنانە بەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن و دانوستاندنێکن لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن؟
مایڵز کاگینز: وەک لە ئەپیکور گوتوومانە، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا کۆببینەوە. راگەیێندراوەکەی دوێنێی وەزارەتی نەوتیش دەڵێت کە کۆبوونەوەی سێقۆڵی دەبێت کە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدا دەبێت. ئەمە گرنگە کە هەمووان هاوکات لە ژوورێکدا بن و لە ژینگەیەکی پیشەییانە و متمانەدا گفتوگۆی روون بکەین ئەوە دەبێت باشترین رێگەی گەیشتن بە ئەنجامی خێرا و رێککەوتنی خێرا.
رووداو: ئایا گەشبینیت کە ئەمجارە ئەم گرفتەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت؟
مایڵز کاگینز: دەمەوێت بە پارێزەوە گەشبین بم کە ئەمە بەمزووانە چارەسەر دەبێت، بەڵام تاکە شتێک کە من وەک خۆم و کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکوریش بە رێژەیەکی زۆر هەمانە، هیوایە. ئێمە هیوامان هەیە کە چارەسەرێک بۆ گرفتی هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە هەبێت و هیوادارین هەموو لایەنەکان قایل ببن و هاوکاری بکەن، چونکە ئەمە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستە پیشەسازیی نەوت و گاز شادەمارە و پارەیەکی زۆر دەخاتە سەر ئابووری. زیاتر لە 80٪ی ئەو پارەیەی دێتە هەرێمی کوردستان لە رێگەی نەوت و گازەوەیە و هیوادارین بەمزووانە دەست بکەینەوە بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ