باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: دەبێت ئەمریکا بە تووندی وەڵامی گرووپە چەکدارەکان بداتەوە

01-01-2024
تەنیا ئەحمەد
دیمەنی دوو هێرشی سەر فڕۆکەخانەی هەریر
دیمەنی دوو هێرشی سەر فڕۆکەخانەی هەریر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، من لێم دیارە کە هێرشی گرووپەکان لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبن، بۆیە دەبێت ئەمریکا بە تووندی و یەکجارەکی وەڵامی ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێران بداتەوە.

رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، فەیسەڵ ئیسترابادی، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەداخەوەم، من پێموایە ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن. ئەو میلیشیایانەی کە لە عێراقن و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتییان دەکرێت، دەیانەوێت ئەمریکا عێراق بەجێبهێڵێت. من پێموایە ئەمریکا دەبێت بە تووندی و یەکجارەکی وەڵامی ئەو گرووپانە بداتەوە."
 
ئیسترابادی هەروەها گوتی، "من وەک عێراقییەک پێموایە ئەو گرووپانە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتی عێراق دروست دەکەن." لەبارەی دەرچوونی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە، ئەو باڵیۆزەی پێشوو گوتی، "ئەمریکا پێکهاتەیەکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقە."
 
لە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئێران بوونەتەوە، لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا لانیکەم 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیانکراوەتە سەر، کە هێرشەکان لەلایەن بەشێک لە گرووپە نەناسراوەکانی شیعەکانەوە بووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "دەستخۆشی لە گورزەکانی مقاوەمەی ئیسلامی دەکەین، کە بنکەکانی داگیرکار دەکاتە ئامانج و داوا لە رۆڵەکانی گەلی عێراق دەکەین یەکدەنگ و یەکڕیزبن بۆ داواکردنی گەڕانەوەی تەواوی سەرەوەریی عێراق."
 
لەبارەی هێرشی گرووپەکانەوە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، ئەسترابادی گوتی، "من لێم دیارە کە ئەو هێرشانە بەردەوام دەبن و وەڵامی ئەمریکاش هەر بەردەوام دەبێت."
 
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن بەرپرسیارێتیی زۆربەی ئەو هێرشانە دەگرنە ئەستۆ. 
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاژێر 16:54 خولەکی ئێوارە درۆنێک کە لە لایەن "میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە" ئاراستە بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرابوو، تێکشێکندرا و خرایە خوارەوە. 
 
دوای هێرشەکە، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە گرووپێکی چەکداری شیعەیە ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، "لە وەڵامدانەوەی ئەو تاوانانەی دوژمن لە دژی خەڵکی غەززە دەیانکات، هێرشمان کردووەتە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و جەخت لەوەدەکەینەوە لە وەڵامدانەوەی کردەوەکانی دوژمنان و لەنێوبردنیان بەردەوام دەبین."
 
ئەو هێرشە لە کاتێکدایە، کاژێر 11:45ـی شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام - هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووە.
 
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
 
یەکەم هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ‌هێزەکانی ئەمریکا، بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کە رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر.
 
بە گوێرەی پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 09-12-2023ـەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37ـیان لە عێراق و 41ـیان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی برینداربوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە