لە سنووری شرنەخ کۆچبەرێکی باشووری کوردستان لەنێو بەفردا گیانی لەدەستدا

01-01-2026
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەسەر سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان، لە نزیک گوندی رۆبۆسکێی سەر بە قەزای قڵابانی شرنەخ، کۆچبەرێکی باشووری کوردستان کە لەنێو بەفردا گیری خواردبوو، گیانی لەدەستدا. گەنجەکە دانیشتووی سنووری سەیدسادقە.
 
سەبری ئەنجوو، موختاری گوندی رۆبۆسکێ رۆژی پێنجشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2025، لەبارەی رووداوەکەوە بە رووداوی راگەیاند، خێزانی ئەو کۆچبەرەی ویستوویەتی بپەڕێتەوە باکووری کوردستان، پەیوەندییان پێوەکردووە و پێیان راگەیاندووە، کوڕەکەیان دواجار کە قسەی لەگەڵ کردوون، گوتوویەتی لە نزیکەی 5 کیلۆمەتر دوورتر لە گوندی رۆبۆسکێ لەنێوان دوو خاڵی سەربازیدا گیری خواردووە و رەوشی خراپە، دواتریش پەیوەندیی کۆچبەرەکە لەگەڵ خێزانەکەی پچڕاوە.
 
ئەنجوو، باسی لەوەکرد، دوای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن خێزانەکەیەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە و گوتی: "هێزە ئەمنییەکان و تیمە پەیوەندیدارەکان لەو شوێنە دیاریکراوەی کە خێزانەکەی پێیان گوتین، درۆنیان هەڵداوە لە ئەنجامدا تەرمی کۆچبەرەکە لە نزیکەی 5 کیلۆمەتر دوورتر لە گوندی رۆبۆسکێ لە نزیک ناوچەی حەفتانین دۆزرایەوە."
 
موختاری گوندی رۆبۆسکێ ئاماژەی بەوەدا، ئێستا لە گوندەکەیان نزیکەی دوو مەتر بەفر باریوە و هەرچەندە تەرمی کۆچبەرەکە دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و زۆریی بەفرەوە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە تەرمەکەی بهێننەوە و گوتی، دوای باشبوونی کەشوهەوا، تیمەکان دەست بە کارەکانیان دەکەن بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی.
 
هاوکات، رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەری لە ئەورووپا بە رووداوی گوت، "گەنجەکە ناوی عەلی یونس کەریمە و خەڵکی گوندی تەپەزێڕینەیە لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی."
 
بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو، تورکیا و باکووری کوردستان دەروازەیەکی سەرەکیی کۆچی گەنجانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بووە بەرەو ئەورووپا.
 
رەنج پشدەری کە لە ئەورووپا دەژیێت و چالاکە لە بواری کۆچبەریدا هەروەها دەڵێت، لەم رۆژانەدا 6 گەنجی دیکەی کورد، ویستویانە لە رۆمانیاوە بچنە بولگاریا، بەڵام بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە، پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستگیری کردوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە