رێگەوبانی سلێمانی: گرفتی کەمیی ئامێری راماڵینی بەفرمان هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانی
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێ، سەرجەم رێگەکانی سنووری پارێزگاکە کراوەن و لە بەفر راماڵراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گرفتی کەمیی ئامێری راماڵینی بەفریان هەیە و لانیکەم پێویستیان بە حەوت ئامێری دیکەیە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-01-2026، محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی رێگەوبانی سنوورەکە رایگەیاند، بۆ رێگری لە دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، تیمەکانیان سەرقاڵی راماڵینی بەفرن.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلی بەفر و باران رووی لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان کردووە. بەگوتەی محەممەد جەلیل، ''تیمی پێنجوێنمان لەبەر ئەوەی بەفر و بارانێکی زۆر هەبووە، پێنج رۆژە سەرقاڵی راماڵین و کردنەوەی رێگەکانن و نەگەڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان''.
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی ئاماژەی بە ئاساییبوونی هاتووچۆ کرد و گوتی: ''ئێستا هیچ رێگەیەک لە سنووری پێنجوێن نییە کە گیرابێت و هەموویان کراوەن. جگە لە رێگە سەرەکییەکان، رێگەوبانی 50 گوندیش راماڵراون و کراونەتەوە.''
 
وەک محەممەد جەلیل دەڵێ، بەگشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی سەرجەم رێگەکان کراوەن و هاتووچۆ پێیاندا بەردەوامە. 
 
بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە سنوورەکە حەوت ئامێری راماڵینی بەفریان هەیە کە هاوکات لەگەڵ راماڵین، خوێش بە شەقامەکاندا دەڕژێنن، ''بەڵام ئەو ژمارە ئامێرانە لە ئاستی پێویستدا نین، چونکە رێگە سەرەکییەکانی سلێمانی دەمانبەستنەوە بە هەموو شار و شارۆچکەکانی دەوروبەرمان و فراوانن.''
 
رێگەی پێنجوێن بەهۆی دەروازەی سنووریی باشماخەوە یەکێک لە سەرەکیترین رێگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانییە کە هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەسەرە. محەممەد جەمیل گوتی: ''لە سنووری قەزاکە تەنیا یەک ئامێری راماڵینی بەفرمان هەیە و لەکاتی بەفرباریندا، ناچارین سێ ئامێری دیکە لە سلێمانییەوە بنێرین، بۆ ئەوەی هاوکاریان بن.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی، لە ئەگەری دابینکردنی ئامێری راماڵینی بەفردا، پێویستیان بە حەوتی دیکە هەیە؛ ''هەروەها گرفتی ستافیشمان هەیە. زۆرجار ناچار دەبین خانەنشینکراوانی خۆمان بە کرێی رۆژانە [بۆ راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەکان] بهێنینەوە.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە