کوردستان
ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگای دەربەندی گۆمەسپان لە سنووری هەولێر بەجێماوە لەکاتی بەفری چڕدا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ئەمشەو و سبەی بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە بۆ 7 پلەی ژێر سفر دادەبەزن.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەمشەو شەپۆلی بەفربارین لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەی لە شاخەکانەوە نزیکن بەردەوام دەبێت. هاوکات لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نمەباران و بارانی مامناوەندی پچڕپچڕ تاوەکو سبەی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی کەشناسی، پلەی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان چەندین پلە دەکەوێتە ژێر سفری سیلیزییەوە و لە سەنتەری شارەکانیش پلەی گەرما لە سفری سیلیزی نزیک دەبێتەوە.
بڕی بارانی پێشبینیکراو لە پارێزگاکان (کاژێر 12ی ئەمشەو تاوەکو 3ی پاشنیوەڕۆی سبەی):
- هەولێر: لە سەنتەری شار 10-12 ملم باران دەبارێت، لە سنووری شەمامک و بنەسڵاوە 18-22 ملم دەبارێت.
- دهۆک: 14 ملم باران و 6 سانتیمەتر بەفر دەبارێت.
- سلێمانی: 17-21 ملم باران دەبارێت.
- هەڵەبجە: 20-25 ملم باران دەبارێت.
- کەرکووک: 12-15 ملم باران دەبارێت.
بڕی باران و بەفر لە ئیدارە سەربەخۆکان:
- زاخۆ: 12-15 ملم باران.
- سۆران: 3-7 ملم باران و 10-12 سانتیمەتر بەفر.
- راپەڕین: 12-16 ملم باران و 10-12 سانتیمەتر بەفر.
- گەرمیان: 15-25 ملم باران
کەشناسی هۆشداری دەدات کە لە سنووری سەیدسادق، دەربەندیخان و سەنگاو ئەگەری بارانێکی باش هەیە کە بڕەکەی لەنێوان 30 بۆ 35 ملم دەبێت.
هاوکات، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "لە نێوان کاژێر 3ـی بەرەبەیان تاوەکو کاژێر 6ـی بەیانیی سبەی ئەگەری تاوە بەفری زۆر چڕ و بەهێز لەسنووری سۆران و بارزان و مێرگەسۆر هەیە."
ئەو کەشناسە پێشنیاز دەکات، هاتووچۆ لەو ناوچانە رابگیرێت، "چونکە مەترسی لەسەر رێگەکانی هاتووچۆی هاونیشتمانیان دروست دەبێت."
پێشبینیی بەفربارین و پلەی گەرما لە لووتکەی چیاکان: کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، زۆرترین رێژەی بەفربارین لە پێنجوێن دەبێت کە دەگاتە 27-32 سانتیمەتر و پلەی گەرما 6 پلە لەژێر سفر دەبێت. لە حاجی ئۆمەران 20-28 سانتیمەتر بەفر دەبارێت و پلەی گەرما بۆ 7 پلە لەژێر سفر دادەبەزێت. هەروەها لە چیای کۆڕەک 8-10 سانتیمەتر و لە کانی ماسێ 12-15 سانتیمەتر بەفر دەبارێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە پێشنیوەڕۆی سبەی هەینییەوە لەسەر ناوچەکانی دهۆک و هەولێر و ناوچە شاخاوییەکان لاواز دەبێت، بەڵام کاریگەرییەکەی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێوارە و سبەی شەو دەمێنێتەوە و پاشان کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ