رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، لە یەک مانگی رابردوودا بەهۆی شەپۆلەکانی بارانبارینەوە نزیکەی 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوە گەورەکان گلدراوەتەوە.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەم شەپۆلەی بارانبارینەدا داهاتی ئاو بۆ بەنداوە گەورەکان زیاترە لە 200 ملیۆن مەتر سێجایە".
جگە لەم شەپۆلەی بارانبارین کە هەفتەیەکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامە، نێوەڕاستی مانگی رابردوو شەپۆلێکی دیکە ناوچەکەی گرتەوە. بەگوێرەی ئاماری بەنداوەکان، لەو شەپۆلەشدا بەنداوەکان زیاتر لە 250 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان گلداوەتەوە.
بەنداوی دووکان کە گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و لە پارێزگای سلێمانییە، ئەم ساڵ زیاتر لە دوو مەتر ئاستی ئاوەکەی بەرزبووەتەوە؛ هەروەها بەنداوی دەربەندیخان زیاتر لە سێ مەتر و بەنداوی دهۆکیش کە سێیەم بەنداوی هەرێمی کوردستانە زیاتر لە ملیۆنێک مەتر سێجا ئاوەکەی زیادی کردووە.
جگە لەو بەنداوانە، ژمارەیەکی دیکە بەنداو و گۆم لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و ساڵانە ئاویان تێدا گل دەدرێتەوە، بەشێکیشیان کاریان تێدا دەکرێت و تەواو نەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ