بریکاری وەزارەتی پەروەردە: کاتی پێویست بە قوتابیانی پۆلی 12 دەدرێ بۆ پێداچوونەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان خشتەی پێشنیازکراوی تاقیکردنەوە وەزارییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی و پۆلی 9ی بنەڕەتی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 بڵاوکردەوە. بریکاری وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: "پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی 12 کەم ناکرێتەوە."
 
سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە هەرێمی کوردستان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، تاقیکردنەوە وەزارییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (خولی یەکەم) لە رێککەوتی 14ـی حوزەیرانی 2026، دەستپێدەکەن و تاوەکو08ـی تەممووزی 2026 بەردەوام دەبن.
 
سەبارەت بە کاتی تاقیکردنەوەکان، سەیوان فەرەج ئاماژەی بەوە کرد، بۆ هاوکاریی قوتابییان و لەسەر داوای ئەوان، بڕیاردراوە هەفتانە تەنیا دوو تاقیکردنەوە بکرێ، بۆ ئەوەی قوتابییان کاتی پێویستیان بۆ پێداچوونەوە لەبەردەست بێت.
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان، خولی دووەمی تاقیکردنەوە وەزارییەکانی پۆلی 12 لە نێوەڕاستی مانگی ئاب و لە 11ـی ئابی 2026 دەستپێدەکەن و لە 27ـی ئابی 2026، کۆتاییان دێت. سەبارەت بە پۆلی 9ـی بنەڕەتی، پلان وایە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان لە 10ـی ئایاری 2026 دەستپێبکەن.
 
پڕۆگرامی خوێندن کەمناکرێتەوە
 
سەبارەت بە ئەگەری کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن، هاوشێوەی ئەوەی لە بەغدا بڕیاری لێدراوە، بریکاری وەزارەتی پەروەردە گوتی: "ئەم ساڵ پڕۆگرام کەم ناکەینەوە. پار پڕۆگراممان کەم کردەوە، بەڵام ئەم ساڵ وەک خۆی دەمێنێتەوە، چونکە ئەگەر زیاتر کەم بکرێتەوە، دەرفەتی پرسیاردانان بۆ 50 پرسیارەکەی نێو تاقیکردنەوە نامێنێت."
 
سەبارەت بە تاقیکردنەوەی نێو پۆل، سەیوان فەرەج روونی کردەوە، قوتابخانەکان خۆیان سەرپشک کراون لە دانانی خشتە، بەڵام پێویستە تاوەکو 5ـی ئایاری 2026 سەرجەم تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم کۆتاییان بێت.
 
بریکاری وەزارەتی پەروەردە گوتی، ئەم خشتەیە وەک پلانی وەزارەت جێگیرکراوە، ئەگەر شتێکی نەخوازراو روونەدات، ئەگینا وەزارەت ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە