رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی هاونیشتمانییانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستانن، بە هۆکاری گەشتیاری بێ یان کارکردن و لە کاتی خۆیدا نەگەڕاونەتەوە و کاتی مانەوەیان بەسەرچووە، لە کاتی گەڕانەوەدا بە پێبژاردنی مادی سزا دەدرێن.
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، چەند رۆژێکە بەهۆی بەفربارینەوە ئاستەنگیی هاتووچۆ دروستبووە و لە هەولێرەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، لەکاتێکدا کاتی مانەوەیان تەواو بووە. ئەو هاونیشتمانییانە داوایانکرد: "سزای مادی نەدرێین".
ئەو کەسانەی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێنە هەرێمی کوردستان، یەک مانگ کاتی مانەوەیان هەیە و دەتوانن دووجار لە رێگەی پێدانی بڕێک پارەی رسوماتەوە لە نشینگەکان، دوو جار ماوەی مانەوەیان درێژ بکەنەوە.
بەشێکی ئەوانەی بەتایبەت بۆ کاکردن لە هەرێمی کوردستانن، ماوەکەیان کۆتایی هاتووە و لە 25-12-2025ـەوە دەوام نییە و نەشیانتوانیوە بە پارە کاتەکە درێژ بکەنەوە.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگەکە هەموو کات هەبووە و بەوشێوەیە نەبووە بە تەواوی دابخرێ و ئەوانەی کاتی مانەوەیان نەماوە نەتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە وەک کاتی ئاسایی رێنماییەکان وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن".
جێبەجێکردنی رێنماییەکان بەو مانایە دێت، هەرکەس کاتی مانەوەی تەواو بووبێت و لەکاتی خۆیدا نەگەڕابێتەوە، ئێستا بگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە پێبژاردنی مادی بەگوێرەی مانەوەکە سزا دەدرێ.
لەبارەی دۆخی ئەمڕۆی دەروازەکەوە، سیروان حوسێن گوتی: "رێگە هەیە، بەڵام بەهۆی بەستەڵەکەوە تاوەکو بکرێت گەشت نەکرێ باشە. ئەگەریش گەشت کرا دەبێ رەچاوی رێنماییەکانی هاتۆوچو بکرێت و ئۆتۆمبێل زنجیر ببەستێت".
لە 29-12-2025، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند: "بەهۆی هاتنی بەفرێکی زۆر و سەختیی رێگەکان و نالەباریی کەشوهەواوە، لەلایەن دەروازەی (تەمەرچینی ئێران) ئاگادار کراینەوە بە هیچ شێوەیەک هاتووچۆی گەشتیاری لە دیوی ئێران نەماوە و تەواوی رێگەکان داخراون؛ داوا لە تەواوی گەشتیاران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران دەکەین، زۆر ناچار نەبن بۆ هاتووچۆ سەردانی دەروازەکەمان نەکەن".
هاتووچۆ لە دەروازەکانی پەروێزخان و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی دانەخراون و بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ