رێکخراوێک: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 52 منداڵ بە مەبەستی سەربازی و ناسەربازی بەکاردەهێنن

01-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی 'سووریاییەکان لەپێناو راستی و دادپەروەری' لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە چەند گرووپ و رێکخراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا 52 منداڵیان لەلای خۆیان بە مەبەستی سەربازی و ناسەربازی دامەزراندووە و بەکاریاندەهێنن. ئەو رێکخراوە دەڵێت، 23 لەو منداڵە بەکارهێنراوانە کچن.
 
رێکخراوی سووریاییەکان لەپێناو راستی و دادپەروەری (STJ) کە رێکخراوێکی ناحکومیی مافەکانی مرۆڤە لە سووریا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵی 2023ـدا 52 منداڵ لەلایەن گرووپی سەربازی و ناسەربازی بەکارهێندراون، دامەزرێندراون و لە خێزانەکانیان زەوتکراون.
 
بەگوێرەی راپۆرتی ئەو رێکخراوە 29 لەو منداڵانە کوڕ و 23ـێشیان کچن. زۆربەی کەیسەکانیش لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان تۆمارکراون کە 22 منداڵن؛ 13 منداڵ لە ناوچەی شێخ مەقسوود لە حەلەب؛ حەوت منداڵ لە منبج؛ شەش منداڵ لە رەققە و چوار منداڵیش لە کۆبانێ.
 
رێکخراوی STJ هەروەها دەڵێت: "بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێڕ (جوانێن شۆڕشگێڕ) بەرپرسن لە بەکارهێنانی 43 منداڵ و یەکەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و چەند گرووپێکی دیکەی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نۆ منداڵەکەی دیکە بەرپرسن."
 
ئەو رێکخراوە لە راپۆرتەکەیدا رەخنە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەگرێت و دەڵێت: "هەرچەندە هەسەدە لە 29-6-2019 رێکەوتنێکی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆکردووە کە منداڵ لە ریزەکانی خۆیدا تۆمار نەکات و بەکاریاننەهێنێت، ئەمەش بووە هۆی دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە پاراستنی منداڵان و خستنە دەرەوەیان لە کێشە سەربازییەکان."
 
رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیدا باس لە یاسایەکی هەموارکراوی پەیماننامەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەکات کە لە لایەن ئەنجوومەنی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دەنگی پێدراوە و لە مادەی 55ـدا دەڵێت: "مافەکانی منداڵان پارێزراوە؛ بەکارهێنانی تووندوتیژی لە دژیان، دامەزراندن، بەکارهێنان و قۆستنەوەیان قەدەخەیە."
 
پێشێلکاریی مافەکانی ژنان و منداڵان لەژێر ناوی پاراستن
 
STJ دەڵێت بەڵگەیان لایە کە هەندێک دامەزراوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بنەمایەک بەکاردەهێنن بەناوی "دڵنیابوونەوە لە مافەکانی ژنان و منداڵان و پاراستنیان" کە لە پێشەکیی پەیماننامەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی هاتووە، بۆ ئەوەی منداڵان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان دابمەزرێنن.
 
ئەو رێکخراوی زیاتر روونیدەکاتەوە، "چەند رێکخراوێکی سەربازی لەوانەش لاوانی شۆڕشگێڕ، لاوازیی ژنانیان قۆستووەتەوە و دایانمەزراندوون بۆ بەکارهێنانیان لە بری ئەوەی بیانپارێزێت و مافەکانیان دابینبکات."
 
لە یەکێک لە ئامارەکانی راپۆرتەکەدا باس لە 73 منداڵی کچ دەکرێت "لە ساڵی 2021ـەوە دامەزرێندراون و بەکارهێندراون، یەک لەو منداڵانە لە 22-5-2022 لە چالاکییەک لە عێراق لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە کوژراوە."
 
ئەحمەد (ناوێکی خوازراوە)، جووتیارێکی حەلەبە کە دوو کچی تەمەن 24 و 14ـی لە ماڵ چوونەتە دەرەوە و دەڵێت: "لە تەممووزی 2023 دوو کچەکەم لە ماڵ چوونە دەرەوە و هەرگیز نەگەڕانەوە. ئێمەش پەیوەندیمان بە ناسیاوێکی خۆمان کرد کە بەرپرسە لە هەسەدە و سەرەتا گوتی کە نازانێت ئەو دوو کچە لەکوێن، بەڵام دوای سێ مانگ وێنەیەکی دوو کچەکەمیان بۆ ناردم و گوتی ئەوان باشن و ئێستا لە تەل رەفعەتن. دواتر دراوسێیەکی خۆمان پێیگوتم ئەو دوو کچەکەمی لە خاڵێکی پشکنینی تەل رەفعەت بینیوە و چەکیان هەڵگرتووە."
 
سەمیرە (ناوێکی خوازراوە)، یەكێکی دیکەیە لەوانەی کە کچە 14 ساڵەکەی لەلایەن ئەو گرووپانە بردووە. ئەو دەڵێت: "هاوڕێیەکی قوتابخانەی کچەکەم بەناوی لەیلا چووە نێو ریزەکانی لاوانی شۆڕشگێڕ و دوای تەواوکردنی خولێکی دوو مانگی، دەستی بە راکێشانی کچانی دیکە کرد بۆ نێو رێکخراوەکە. دوای ئەوەی کچەکەم بێسەروشوێن بوو، هاوڕێیەکی پێیگوتم کە لەیلا گرووپ چاتێکی ئینستاگرامی بۆ راکێشانی کچان داناوە."
 
سەمیرە هەروەها گوتی: "کچەکەم فێرببوو کاتێک دەخەوتم مۆبایلەکەی دەبردم و بە نهێنی نامەیان لەگەڵ لەیلا دەگۆڕیەوە، بەهۆی ئەوەی ئاپەکەی لەسەر شاشەکەی مۆبایلەکە شاردبووەوە، دواتر توانیم بیدۆزمەوە و نامەکان بخوێنمەوە."
 
ئەوەی سەمیرە لە چاتەکانی نێوان کچەکەی و لەیلا خوێندوویەتیەوە ئەوەیە کە لەیلا بە کچە بچووکەکەی سەمیرەی گوتووە:  "دەتبەم بۆ ئەوێ (رێکخراو) ئەگەر وەریاننەگرتی بڵێ خۆم دەکوژم ئەگەرنا لەسەر شەقامەکان دەکەوم، هەروەها بڵێ کە دایکم (سەمیرە) دەیەوێت بەزۆر بەشووم بدات."
 
سەمیرە دەڵێت کە هەوڵی زۆری داوە بۆ گەڕاندنەوەی کچەکەی و بابەتی بەزۆر بەشوودانی ئەو دوورە لە راستییەوە، بەڵام لەنێو رێکخراوەکە پێیانگوتووە، "کچەکەت چارەنووسی خۆی دیاریکرد و ئەو رێکخراوەی هەڵبژاردووە."
 
بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕ و گرژییەکان
 
ئەو رێکخراوە لەکاتی کۆکردنەوەی بەڵگە و پەراوەکاندا بۆی دەرکەوتووە کە خێزانێکی زۆر هەن سۆراغی منداڵەکانیان (بە تایبەت کچەکانیان) نازانن و ناشزانن چوونەتە نێو کام رێکخراو و حیزب. عیسا و عەبدوڵڵا باوکی دوو لەو قوربانییانەن.
 
عیسا خەڵکی گەڕەکی شێخ مەقسوودە لە حەلەب، باسی چیڕۆکی کچە 12 ساڵییەکەی دەکات و دەڵێت: "کچەکەم پۆلی شەشی سەرەتاییە، ماوەیەک بوو زوو زوو سەردانی ماڵی هاوڕێیەکی دەکرد بۆ یاریکردن. لەماوەی سەردانکردنەکانی کچەکەم بۆ ئەو ماڵە، هاوڕێیەکەی باسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی بۆ کردووە، بەڵام کچەکەم زۆر گرنگی پێنەداوە."
 
عیسا هەروەها دەڵێت: "لە تەممووزی 2023 کچەکەم لە ماڵی ئەو هاوڕێیەی رفێندرا، دوای ئەوەی چووینە یەکێک لە بارەگاکانی ئەو حیزبە، پێیانگوتین کە کچەکەم لەگەڵ ئەوان بە خواستی خۆی رۆیشتووە و دەیەوێت ببێتە شەڕکەر."
 
عەبدوڵڵا کە کچێکی 14 ساڵی هەیە و لە قۆناخی ناوەندی دەیخوێند، چیڕۆکەکەی دەگێڕێتەوە: "کچەکەم لە قوتابخانەیەک بوو کە کەوتبووە نێوان گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود. لە تشرینی دووەمی 2023 لەبەردەم قوتابخانەکەی خۆیدا رفێندرا و دوای 48 کاژێر، سێ ژن لە یەکێک لە رێکخراوەکانی ژنانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هاتن و پێیانگوتین کە کچەکەم ئیدی لەگەڵ ئەوانە و هیچ زانیارییەکیان نەدا."
 
کەسێکی دیکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و ناسیاوی دوو کچە بە ناوەکانی رەزانا، 15 ساڵ و ژیان، 14 ساڵ؛ دەڵێت ئەو دوو کچە لە تشرینی یەکەمی 2023 لە قامشلۆ چوونە بازاڕ. ئەو ناسیاوەی رەزانا و ژیان هەروەها دەڵێت، "تەلەفۆنێکمان بۆ هات و ژنێک لە یەپەژە پێی راگەیاندین کە ئەو دوو کچە چوونەتە ریزەکانی ئەوان."
 
ئەو ناسیاوە دەڵێت زۆریان هەوڵدا لە رێگەی ناسیاوەکانیانەوە لە هەسەدە و یەپەژە ئەو کچان بگەڕێننەوە، دواتر رێگەیان پێداین کە ئەو دوو کچە ببینین، "15 خولەک چاومان بە کچەکان کەوت، ترس بە دەموچاویانەوە دیاربوو و هەمیشە سەیری بەرپرسەکانی ئەوێیان دەکرد و پێیانگوتین نایانەوێت بگەڕێنەوە. ویستمان لە دادگە سکاڵا تۆمار بکەین، بەڵام لێمان وەرنەگیرا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.