رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و خاتوو ویندی گرین کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، بەپێی بارەگای بارزانی، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەناوی سەرۆک و حکومەتی ئەمریکا "سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو".
"لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق جارێکی دیکە پاڵپشتی و پشتیوانی و هەڵوێستی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دووپاتکردەوە"، بارەگای بارزانی لەبارەی هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا وا دەڵێت.
لای خۆیەوە، بارەگای بارزانی دەڵێت، "سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، سوپاسی رۆل و هەڵوێستی ئەمریکای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ گەلی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر هەڵوێست و پشتیوانی ئەمریکا نەبوایە لە ساڵی 1991 نەماندەتوانی دەستکەوتەکانی راپەڕین و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزین".
ئەوەش هاتووە کە لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقەوە "بیروڕای ورد ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە دەستوور کردەوە و هاوڕا بوون کە عێراقییەکان خۆیان بڕیار لە رەوشی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بدەن".
لەم چوارچێوەیەدا، بارەگای بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، هەردوولا پێشوازییان لە گفتوگۆ و راوێژکارییەکانی ئەم دواییانەی بەغدا کرد بۆ هێنانەئارای رێکار و سیناریۆ سیاسیەکان کە تێیدا بەرژەوەندیی عێراقییەکان رەچاو بکرێت و لە هەموو روویەکیشەوە "شەراکەتی ئەمریکا و عیراق" بەهیزتر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ