رووداو دیجیتاڵ
گوندی هەرمۆتە لە نزیک کۆیە، بەهۆی هێرشی بەردەوامی درۆن و مووشەک بۆ سەر کەمپی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، باڵی ترسی بەسەردا کێشراوە. بەشێک لە دانیشتووانەکەی کە زۆرینەیان کریستیانن، ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
ریاز عەزیز، دانیشتوویەکی گوندی هەرمۆتەیە کە ماڵەکەی تەنیا 500 مەتر لە کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دوورە. ئەو بە ترس و دڵەڕاوکێوە لەبەردەم ماڵەکەی وەستاوە و لە هەر چرکەیەکدا چاوەڕێی دەنگی ناخۆشی درۆن و مووشەکە.
ریاز تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 جار بەهۆی هێرشەکانەوە ماڵەکەی جێهێشتووە و دواتر گەڕاوەتەوە. ئەو بە رووداوی گوت: "یەک رۆژ و دوو رۆژ نییە، هەر ساڵە و جارێکە. کاتێک کە دەخەوین نازانین دەمێنین یان نامێنین. لەبەر مەترسیی درۆن و مووشەک لێرە ژیانمان ئارام نییە و مەترسی لەسەر گیانمان هەیە."
پڕشکی ئاگری ئەم جەنگە کریستیانەکانی هەرمۆتەی سەرگەردان کردووە؛ ترس و بێدەنگی باڵی بەسەر گوندەکەدا کێشاوە. ئەو ماڵانەی نزیکن لە کەمپەکە زۆربەیان چۆڵکراون و خاوەنەکانیان لە ترسی گیانیان کۆچیان کردووە.
شلێر سوڵاقە، دانیشتوویەکی دیکەی هەرمۆتەیە و دەڵێت: "هەموو گیانم دەلەرزێت لە ترسی دەنگی درۆن و مووشەک، تەنانەت لەبەر ئەو ترسە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەش بووم."
زەیا شابا، قەشەی گوندی هەرمۆتە سەبارەت بە دۆخی دانیشتووانەکە ئاماژە بەوە دەکات: "هەبووە بۆ چەند رۆژێک دەرچوون و دواتر گەڕاونەتەوە. ئێمە هەوڵمان دەدا ئارامی لە دڵی خەڵکەکەدا دروست بکەین و هانیان بدەین کە ئەمە یەکەمجار نییە و رەنگە زۆرتریش ببینین، بەڵام جێهێشتنی ماڵەکانمان چارەسەر نییە."
گوندی هەرمۆتە سێ کیلۆمەتر لە باشووری قەزای کۆیە دوورە؛ لە 125 ماڵ پێکهاتووە، کە 100 خێزانیان کریستیان و 25 خێزانیشیان موسڵمانن.
پەیامنێری رووداو لە نێو گوندەکەوە رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی هێرشی مووشەک و درۆن بۆ سەر کەمپەکانی نزیک لە گوندی هەرمۆتە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 10 ماڵ بەتەواوی گوندەکەیان چۆڵکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ