رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی و راپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەکان، شەپۆلێکی چڕی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات. لایەنی پەیوەندیداری هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان کە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە، چونکە مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو لە هەیە.
"بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت شەقامەکان بەکارمەهێنن"
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند: "بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی (26 و 27-03-2026)، شەپۆلێکی باراناوی سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دەگرێتەوە."
هاتووچۆی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی باراناو لە هەندێک شەقام و گەڕەکەکانی نێو شار هەیە و لێخوڕین لە رێگاکانی دەرەوەی شار سەخت دەبێت، بۆیە داوا لە شۆفێران دەکات: "تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست و گرنگ شەقامەکان بەکاربهێنن تاوەکو کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە، ئەوەش بۆ پاراستنیان لە هەر رووداوێکی نەخوازراو."
"شۆفێران روو لە ناوچە شاخاوییەکان نەکەن"
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن - بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی تایبەتی لەسەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بڵاوکردەوە. بەپێی پێشبینییەکان، رۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی ئەگەری لێزمەبارانی چڕ، بەخوڕ، تەرزە و هەورەتریشقە هەیە کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەندین شوێن.
لە راپۆرتەکەدا هۆشداریی دراوەتە شۆفێران کە "خۆیان بەدووربگرن لە شۆفێریکردن لە رێگاکانی دەرەوەی شار و روو نەکەنە ناوچە سەیرانگا و شاخاوییەکان، چونکە کەشوهەوا ئەگەری گۆڕانکاریی خێرای هەیە." هەروەها جەختکراوەتەوە کە راگەیاندنەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکان بەردەوام هۆشیاریی پێویست بڵاودەکەنەوە.
"مەترسیی لافاو هەیە و هەندێک رێگا تێکچوون"
عەمید رێبەر عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری هاتووچۆی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم ئەگەر زۆر پێویست نەبن، هاتووچۆ لەناو شار و شارۆچکەکان دا نەکەن، چونکە بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی مەترسیی لافاو هەیە."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی دهۆک هۆشداریشی دا کە بەهۆی بارانەوە هەندێک رێگا تێکچوون، بۆیە پێویستە هاونیشتمانییان و شۆفێران "نەیەنە دەرەوە و پارێزگاری لە خۆیان بکەن."
"پێشبینی دەکرێت 50 ملیمەتر باران ببارێت"
لە پارێزگای هەڵەبجەش ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە. سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "لیژنەکانمان لە ئامادەیی و بەردەوام لەسەر هێڵن."
قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی راپۆرتەکانی کەشناسی، بۆ سبەی ئەگەری بارینی 45 تاوەکو 50 ملیمەتر باران هەیە، ئەمەش واتا ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە. داواشی لە هاونیشتمانییان کرد بەهۆی ئەوەی رۆژانی پشووە، "ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە و ئاگاداری خۆیان بن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ