رێکارە نوێیەکانی بەغدا هاوردەی کەمکردووە و نرخی لە هەولێر بەرزکردووەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
مارکێتێک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
مارکێتێک لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و شیری منداڵان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە. بازرگانان و ژووری بازرگانیی هەولێر هۆکارەکەی بۆ ناسەقامگیریی نرخی دۆلار و جێبەجێکردنی سیستەمە نوێیە گومرگییەکانی حکومەتی عێراق دەگێڕنەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕدا
 
سەروان هۆشیار، خاوەنی فرۆشگاکانی هەورێ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا گۆڕانکاریی بەرچاو لە نرخەکاندا دروستبووە؛ هەر کیسەیەکی 4.5 کیلۆیی برنج بڕی 2500 دینار گرانبووە، هەر کارتۆنێک زەیتی چێشت 5 هەزار دینار و هەر دەبەیەکی زەیت 250 دینار چووەتە سەر نرخەکەی. هەروەها شیری منداڵان زۆرترین کاریگەریی بەرکەوتووە و هەر کارتۆنێکی لە نێوان 5 بۆ 10 هەزار دینار گرانبووە."
 
بە گوتەی ئەو بازرگانە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا کاریگەریی راستی هەبووە، چونکە بازرگانان ناچارن جیاوازیی نرخی دۆلار بخەنە سەر کاڵاکانیان و بە نرخێکی نوێ بیفرۆشنەوە.
 
رێکارە گومرگییەکان و سیستەمی  ئەسیکۆدا
 
مەعرووف هەرکی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ناجێگیریی دۆلار و بڕیارە نوێیەکانی حکومەتی عێراق بوونەتە لەمپەر لەبەردەم هاوردەکردنی کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 
حکومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا بڕیاری جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئاسیکۆدا" (ASYCUDA) و زیادکردنی باجی سەر کاڵا هاوردەکراوەکانی داوە. مەعرووف هەرکی دەڵێت: "بازرگانانی هەرێمی کوردستان ئێستا لە نێوان دوو گرفتدان؛ یەکێکیان سیستمی ASYCUDA و ئەوی دیکەیان بەرزبوونەوەی باجە."
 
ئاشکراشی کرد، هەرچەندە باس لە درێژکردنەوەی جێبەجێکردنی سیستمی ئاسیکۆدا بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ نووسراوێک نەگەیشتووەتە ژووری بازرگانی هەولێر. بۆ ئەم مەبەستەش، ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم نامەیان ئاراستەی ژوورە بازرگانییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کردووە تاوەکو پێکەوە گوشار دروستبکەن بۆ راگرتنی ئەو بڕیارانە.
 
کەمبوونەوەی هاوردەکردن و بارودۆخی ئەمنی
 
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر هۆکاری ناجێگیریی نرخی دۆلاری بۆ "داواکاریی زۆری بازرگانان و ئاڵۆزیی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە" گەڕاندەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر بازرگانان بە نرخی فەرمیی بانکی (100 دۆلار بە 132 هەزار دینار) کاڵایان هاوردە دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو جیاوازییە نەماوە و ئەمەش وای کردووە هاوردەکردنی کاڵا بە رێژەی 40% بۆ 45% کەم ببێتەوە.
 
دڵنیایی دەدرێتە هاونیشتمانییان
 
سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی کێشەی خۆراک، مەعرووف هەرکی دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی خۆراکدا نییە و کەمبوونەوە رووی نەداوە، چونکە رۆژانە بڕی پێویست هاوردە دەکرێت. ئێمە چەندین کارگەی ناوخۆیی گەورەمان هەیە و گەرەنتی دەدەین کە نرخەکان زیاتر بەرز نابنەوە؛ ئەوەی ئێستا هەیە کاتییە و چارەسەر دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک چەکداری سەر بە دیمەشق. وێنە: AFP

بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: 250 ئەندامی ئاسایشی سووریا دەچنە پارێزگای حەسەکە

بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق، نزیکەی 250 ئەندامی ئاسایشی ناوخۆی سووریا دەربازی پارێزگای حەسەکە دەبن. ئاماژە بەوەش دەکات، بەڕێوەبردنی دەروازەی سنووریی سێمالکا و فڕۆکەخانەی قامشلۆ بە هاوبەشی دەبێت