رووداو دیجیتاڵ
لە سالڕۆژی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانیدا هەزاران کەس لە هەرچوار بەشی کوردستان سەردانی گڵکۆی مستەفا بارزانییان کرد، ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی مانگی ئاداردا، بارزان قەرەباڵخی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و خەڵکی رووی تێدەکەن. رووداو بۆ یادی 43 ساڵەی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ سێ پێشمەرگەی مەلا مستەفادا قسەی کردووە و باس لە خاکیبوون و سادەیی مستەفا بارزانی دەکەن.
ئەحمەد حەسەن، یەکێک لەو پێشمەرگانەیە و تەمەنی 84 ساڵە، ئەو ساڵی 1961 بووەتە پێشمەرگە، تاوەکو نسکۆی شۆڕش نزیکی مەلا مستەفای بارزانی بووە، لە دەیان شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا بەشدار بووە و برینداریش بووە. ئەو پێشمەرگەیە باس لەوە دەکات، "مەلا مستەفا بارزانی دژی زاڵم و دۆستی هەژاران بوو."
ئەحمەد حەسەن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مەلا مستەفا بارزانی دڵسۆزی خاکی خۆیی و میلـلەتەکەی بوو، بە تەکلیف و قسەی خۆش هەمیشە دەیگوت، ئێوە هەموو کوڕ و کەسوکاری منن. گەیشتبایە نەفەرێک حەتمەن لەلای لادەدا و رادەوەستا، دەیپرسی چکارێکت هەیە و چیت پێویستە، نەیدەهێشت دڵی کەسێک بڕەنجێت کە لەسەر هەق بێت."
دوای دووساڵ لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، ساڵح مستەفا کە ئەوکات تەمەنی 20 ساڵ بوو، بووەتە پاسەوانی تایبەتی مەلا مستەفا بارزانی، ناوچەکانی پشدەر، باڵەکایەتی، بارزان و ئاوارەیی ئێرانی لەگەڵ ئەودا بینیوە.
ساڵح مستەفا، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلولە و باس لەوە دەکات، "مەلا مستەفا بارزانی سادە بوو، لەگەڵ پێشمەرگە تابڵێی رەحمی هەبوو، هیچکات جیاوازی لە نێوان کوڕێکی خۆی و پێشمەرگەیەکی دیکەی نەدەکرد. هەمیشە هێندە لێمان نزیک دەبوویەوە نەیدەهێشت نێوانی پێشمەرگەی سادە و فەرماندەیێک هەبێت، ئامادەبوو بە کاژێر گوێت لێبگرێت."
ئەحمەد یەعقوب، هاوخەباتێکی دیکەی مەلا مستەفا بارزانییە، 76 ساڵ تەمەنیەتی و ساڵی 1963 لە بارەگای مەلا مستەفا بارزانیدا بووەتە پێشمەرگە.
ئەحمەد یەعقوب ئاماژە بەوە دەکات، "سەیرە نەبوو، دەبوایە بە ئەسپ و پیادە ئەو شوێن بۆ ئەو شوێنی بکردبا، لە کوێ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی هەبووایە زوو چارەسەری دەکرد و قەت رێگەی بە ستەم نەدەدا، هەمیشە دەیگوت دەبێت مرۆڤ خۆبەزلزان نەبێت."
لەگەڵ دەستپێکی مانگی ئادار کە هاوکاتە لەگەڵ سالڕۆژی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی و رۆژی 14ـی هەمان مانگ کە ساڵ رۆژی لە دایکبوونیەتی، ژمارەیێکی زۆری هاونیشتمانییان لە هەرچوار بەشی کوردستان سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ