گومرگی ئیلام: هەناردەی مێهران ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ئیلام رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار کاڵا و شتومەک لە دەروازەی مێهرانەوە هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکە کراوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025، سوهراب کەمەری، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ماوەی 9 مانگدا یەک ملیۆن و 861 هەزار و 215 تۆن کاڵا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە هەناردە کراوە.
 
بە گوتەی سوهراب کەمەری، کۆی بەهای ئەو کاڵا هەناردەکراوانە گەیشتووەتە یەک ملیار و 668 ملیۆن و 98 هەزار دۆلار.
 
سەبارەت بە جۆری ئەو کاڵایانەی هەناردەی عێراق دەکرێن، بەڕێوەبەری گومرگی ئیلام گوتی، زۆربەیان پێکهاتوون لە بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان، کشتوکاڵییەکان، کەرەستەی بیناسازی (چیمەنتۆ، کاشی، بەرد، ئاسن و شیش) و بەرهەمە پلاستیکییەکان.
 
بەپێی ئامارەکانی گومرگی ئیلام، جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکە بەردەوامە و رۆژانە بە تێکڕا 400 بارهەڵگر لە مێهرانەوە هاتووچۆ دەکەن.
 
لەبارەی ئاماری ساڵی رابردووشەوە، کەمەری ئاماژەی بەوە کرد، پار سێ ملیۆن و 220 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای یەک ملیار و 811 ملیۆن دۆلار لەو سنوورەوە هەناردە کرابوو.
 
دەروازەی سنووریی مێهران کە لە دیوی عێراقەوە بە دەروازەی زڕباتیە (سەر بە پارێزگای واسیت) دەناسرێت، 85 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلامەوە دوورە. ئەم دەروازەیە بە یەکێک لە شادەمارە سەرەکییەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق دادەنرێت و بەهۆی نزیکیی لە شارە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین ژمارەی گەشتیاری ئایینی پێیدا تێدەپەڕێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە