رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، بە درۆن هێرشکراوەتە سەر "ماڵێک" و کەسێک کوژراوە. گوتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان دەڵێت، شوێنە بۆردوومانکراوەکە بارەگای ئەوان بووە.
هێرشەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 1ـی ئاداری 2024، کراوە. عەقید عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشەکە بە درۆن بووە و ماڵێکی کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە".
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی ناسنامەی کوژراوەکەوە گوتی، "لێکۆڵینەوە دەکەین".
هاوکات، شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی بە درۆن کراوەتە ئامانج لە سەربانی خانوویەک بووە و ویستوویەتی تەنکیی ئاو پڕ بکات، بەڵام مووشەک بەریکەوتووە. مووشەکەکەش سەقفی خانووەکەی کون کردووە.
جومعە کەریم، گوتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج بارەگای ئەوانە لە کەلار، بەڵام بە فەرمی بەکاری ناهێنن و تەنیا بۆ کۆبوونەوە بەکاریانهێناوە.
شوێنەکە لە گەڕەکی ئاوارەکانی کەلارە؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بارەگاکە پێشتر فەرمی بووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە ئاڵا و تابلۆی لێکراوەتەوە و بە نافەرمی بەکاردەهێندرێت.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ساڵی 2014 دامەزراوە و مۆڵەتی فەرمیی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگرتووە.
پارتەکە بەشێوەی سیستمی هاوسەرۆکی بەڕێوەدەبرێت و هەریەکە لە تارا حوسێن و سەلام عەبدوڵڵا هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ