کوردستان
باڵەخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
نووسراوێکی زانکۆی ئاکرێ سەبارەت بە دامەزراندنی سێ یەکەمی ئاستی بەشەکان بڵاوبووەتەوە، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا دامەزراندن رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەنجوومەنی راژە و ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندییان لەسەر دامەزراندنی ئەو کەسانە نەداوە، هەرچەند پێشتر رەزامەندی دامەزراندنیان هەبووە.
نووسراوەکەی زانکۆی ئاکرێ لە شەوی رابردووەوە بڵاوبووەتەوە، بەڵام رێککەوتی 27-02-2024ـی لەسەرە و رەوانەی هەموو کۆلێژ و پەیمانگەکانی سنوورەکە کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "هاوپێچ لەگەڵ نووسراومان و وێنەیەک لە گشتاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەکان ژمارە (3752) لە رێککەوتی 21-02-2024، سەبارەت بە دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی سێ یەکەمەکانی سەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی - زانکۆکان بۆ ئێوە رەوانە دەکەین، فەرمان بۆ کاری پێویست".
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە بۆ دەرچووانی نوێ نییە، بەڵکو داواکاری ئەو دەرچووانەیە ساڵانی 2014 بۆ 2017 فەرمانی دامەزراندنیان هەبووە".
ئەو دەرچووانەی ساڵانی رابردوو، پێشتریش فەرمانی دامەزراندنیان هەبووە، بەڵام بە هۆکاری جیا دەستبەکارنەبوونە.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی دەڵێت: "نووسراومان بۆ سەرۆکایەتیی هەموو زانکۆ حکومییەکان کردووە و تێیدا بۆچوونی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی راژەمان لەسەر دامەزراندنەوەی ئەو کەسانە پێگوتوون، کە رەزامەندی بۆ دووبارە دامەزراندنەوەیان نەدراوە".
بەگوێرەی نووسراوی ئەنجوومەنی راژەی گشتیی کە بە ژمارە 233 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە و دەست رووداو کەوتووە، ئەوان رەزامەندییان دەرنەبڕیوە بۆ دامەزراندنەوەی ئەو سێ یەکەمە لە ئاستی بەشەکان.
لە نووسراوەکەی ئەنجوومەنی راژەدا هاتووە: "لەبەر ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەت و لایەنەی نەبەستراو بە وەزارەتی دیکەش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی پلەی شاغیری پەسەندکراون نین، بۆیە ئێستا ئەنجوومەنەکەمان پشتگیریی دامەزراندنی فەرمانبەر لەسەر میلاکی هەمیشەیی دامەزراوەی کەرتی گشتیی بۆ هیچ توێژێک ناکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ