رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە نوێنەرى پێکهاتەکانى کەرکووک کردووە بۆ کۆبوونەوەى هەفتەى داهاتوو کارنامەى خۆیان لەبارەی تێڕوانینیان بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە ئامادە بکەن. ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاکەش دەڵێت، "لێکنزیکبوونەوە هەیە."
بڕیارە یەکشەممەى داهاتوو 3ـی ئاداری 2024، نوێنەرى لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزکاگانى کەرکووک لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران کۆببنەوە.
کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى حکومەتى خۆجێییە لەدواى زیاتر لە دوو مانگ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پارێزگاى کەرکووک.
لایەنە سیاسییەکانى هەر سێ پێکهاتەى کورد، عەرەب و تورکمان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەى پۆستەکانى کەرکووک، زۆرترین ناکۆکى لەسەر پۆستى پارێزگارە، کە هەر سێ پێکهاتەکە داواى دەکەن.
رۆژی 1ـی ئادارى 2024، ئەحمەد کەرکووکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى یەکێتیى هێز و ئیرادەمانە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "نزیکبوونەوە لە نێوان پێکهاتەکانى کەرکووک هەیە، بەڵام رێککەوتنى کۆتایی بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی نەکراوە."
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 16 کورسییە، دەنگدان بۆ پۆستى پارێزگارى پێویستى بە نۆ کورسییە، هیچ کام لەو سێ پێکهاتەیە بە جیا ئەو ژمارەی کورسیەیان نییە.
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2024، یەکێتى پێنج کورسی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو، هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسی بەدەستهێناوە، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانى قیادە یەکى دوو کورسی-یان بەدەستهێنا، هاوپەیمانیى عرووبە یەک کورسی و بابلیون کورسیى کۆتای ئەنجوومەنەکەى بردەوە.
ئەحمەد رەمزى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو بە رووداوی گوت، سوودانى "داواى لە نوێنەرى پێکهاتەکانى کەرکووک کردووە کە هەریەکەیان کارنامەیان بۆ کۆبوونەوەکە ئامادە بکەن کە تێیدا داواکارى و تێڕوانینى خۆیانى تێدابێت لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی شارەکە."
ئەحمەد رەمزى گوتیشى، "هەر لایەنێک و سیناریۆى پێشنیازکراوى خۆى یان چەند سیناریۆیەک بۆ ئەو کۆبوونەوەیە دەبات و تاوتوێ دەکرێت بۆ ئەوەی رێککەوتنی لەسەر بکرێت."
پێشووتر بەرەى تورکمانى پێشنیازی کردبوو پۆستى پارێزگارى کەرکووک بەشێوەى خولى بێت لە نێوان پێکهاتەکاندا، بەڵام ئەو پێشنیازە لەلایەن هەردوو پێکهاتەى کورد و عەرەبەوە پاڵپشتی نەکرا.
عەزام حەمدانی، سەرکردە لە پێکهاتەی عەرەبی کەرکووک شەوی 29-02-2024 لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "ئێستا هەرسێ پێکهاتەکەی کەرکووک عەرەب ، کورد و تورکمان لە ناکۆکیی قووڵدان لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان و هیچ لایەنێکیان ئامادەنییە دەست لە پۆستی پارێزگار هەڵبگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ