رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەو عومرەکارانەی هەرێمی کوردستان کە لە فڕۆکەخانەی مەدینە گیریان خواردبوو، لە رێگەی وشکانییەوە بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات گەشتەکانیان بۆ عومرە دوابخەن.
گەڕانەوەی عومرەکارەکان ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1-3-2026 بوو.
بەپێی گوتەی کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان، ژمارەی ئەو عومرەکارانە 200 کەس دەبوون. لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەیان، کاروان ستوونی دەڵێت: "دوێنێ بە بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لەسەر هێڵ بووە تاوەکو گەڕێندرانەوە کوردستان."
سەبارەت بە کێشەی نەبوونی گەشتی ئاسمانی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند: "تاوەکو بارودۆخی ناوچەکە بەم شێوەیە بێت، لە ئەگەری نەبوونی فڕۆکە، ناچاردەبن عومرەکارەکان بە رێگەی وشکانی بگەڕێندرێنەوە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، کاروان ستوونی داواکارییەکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و گوتی، "لەم کات و ساتەدا گەشتەکانیان دوابخەن بۆ عومرە تاوەکو ئەم بارودۆخە کۆتایی دێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ