بەرگریی شارستانیی دهۆک: ئاگرەکەی بازاڕی چەلێ کۆنترۆڵکرا

01-04-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای چەند کاژێرێک لە ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی چەلێ لە دهۆک و سووتانی چەندین دووکان، بەیانیی ئەمڕۆ گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆک رایگەیاند، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.
 
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک کاژێر 07:05 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 1-4-2024 بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئاگرەکەی بازاڕی چەلێ کۆنترۆڵکرا و زیاتر لە 100 دووکان زیانێکی ماددیی زۆریان پێگەیشتووە.
 
لەکاتێکدا بەرگریی شارستانی دهۆک دەڵێ زیاتر لە 100 دووکان زیانیان بەرکەوتووە، بە گوتەی شاهێدحاڵان زیاتر لە 300 دووکان لە ئاگرە گەورەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی بازاڕەکە، سووتاون.
 
بێوار عەبدولعەزیز دەڵێ "خۆشبەختانە ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام بەداخەوە زیانێک مادیی زۆری گەیاندووە، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ زانینی هۆکارەکانی ئاگرەکە و زەرە و زیانە مادییەکانی."
 
"11 کەس لەو هاونیشتمانییانەی هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان داوە لەگەڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانی'' بە گوتەی گوتەبێژەکەی بەرگریی شارستانی دهۆک بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵەوە ''تووشی تەنگەنەفەسی بوون.''
 
بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، جگە لە بەرگریی شارستانیی دهۆک و هاووڵاتییان بەپێی گوتەکانی بێوار عەبدولعەزیز، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دهۆک، تیمی فڕۆکەوانیی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە بەشدار بوون لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بێوار عەبدولعەزیز دەڵێ "تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام سەردانی بازاڕەکەیان کردووە و گوتوویانە دەبێت بوتڵی ئاگرکوژێنەوە و سیستەمی ئۆتۆماتیکیی ئاگرکوژاندەنەوە هەبێت، بەڵام کاتێک ئاگرەکە دروست بووە، نەیانتوانیوە بیکوژێننەوە، بۆیە ئاگرەکە زۆر گەورە بووە." هەروەها دەڵێ "جلوبەرگیش کە ئاگردەگرێت، زۆر بە زەحمەت دەکوژێتەوە."
 
ئاگرەکە لەکاتێکدایە پارێزگاری دهۆک بڕیاری داوە بازاڕەکە لەدوای جەژنی رەمەزان رێکبخرێتەوە. بێوار عەبدولعەزیز گوتی رێکخستنەوە بەمجۆرە بڕیاری لێدراوە "سیستمی ئاگرکوژاندنەوەی ئاویی تێدا دابین بکرێت، ئەو دووکانانەی مەترسیی سووتانیان لەسەرە دەبێت 100٪ مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن، چونکە ئەگەر مەرجەکانیان جێبەجێ نەکردبێت و، ئاگر لە دووکانەکە بکەوێتەوە، ئیدی ئاگر لە زۆر دووکانی دیکەش دەکەوێتەوە."

 

خاوەنی دووکانەکان ئەوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە، دەڵێن زیانێکی زۆریان کردووە
 
یەکێک لە خاوەن دووکانەکانی بازاڕەکە کە دووکانی کەلوپەلی جوانکاریی هەبووە، بە رووداوی گوت "بە بەهای 30 دەفتەر دۆلار (300 هەزار دۆلار) کەلوپەل لە دووکانەکەمدا هەبوو، هەمووی چوو. کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان بوو، پاسەوانەکە پەیوەندی پێمانەوە کرد."
 
بەشێکی خاوەن دووکانەکان، دەڵێن ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە دروستبووە، بەڵام هێشتا ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
 
خاوەن دووکانێکی دیکە گلەیی هەبوو و، گوتی "کەس هاوکار نییە، ئاگرکوژێنەوە هاتووە بەڵام بۆچی ناچێتە کۆڵانی پشتەوە، پێنج ئاگرکوژێنەوەی لێیە، ئەگەر هاوکاریی یەکدی بکەن، زوو ئاگرەکە دەکوژێتەوە." باسی لەوەش کرد، دووکانداری هاوڕێیان هەن، کە قاسەیان لە دووکانەکانیان هەبووە، بەڵام ئاگر هیچی بۆ نەهێشتوونەتەوە.
 
زۆربەی دووکاندارەکان هۆکاری زۆریی زیانەکانیان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە بۆ جەژنی رەمەزان خۆیان ئامادەکردووە و کاڵا و کەلوپەلی زۆریان هێناوە.

 

 

دووکاندارێکی دیکە کە دووکانەکەی بەتەواوی سووتاوە، بە رووداوی گوت "من دووکانی جلوبەرگی منداڵانم هەیە، دووکانەکەم و مەخزەنەکەم هەمووی سووتا. سوپاس بۆ خوا."
 
لەبارەی قەبارەی زیانەکانیشی دەڵێ "بۆ جەژن بە بەهای سێ دەفتەر بۆ سێ دەفتەر و نیو (30 هەزار بۆ 35 هەزار دۆلار) جلوبەرگم هێنابوو، هەمووی سووتا. لە دووکانەکەدا سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی بچووکی دەستی هەبووە، بەڵام پێڕانەگەیشتین."

 

 

چەند دیمەنێکی کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە:

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.