رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لێژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە پرۆژەیاسای قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو، نوێنەری هەرێمی کوردستان لابراوە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لێژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 1ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نوێنەری هەرێمی کوردستان کە پلەی بەڕێوەبەری گشتییە لە لێژنەی قەرەبووکردنەوەکان لابراوە، لەکاتێکدا لە یاسا کۆنەکەدا هەبووە. هەروەها لە پرۆژەکەدا بەهیچ شێوەیەک باسی هەرێمی کوردستان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی نەکراوە".
ئەندامەکەی لێژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی جەختی لەوەکردەوە، "وەک نوێنەرانی کورد بەهیچ شێوەیەک بەم کارە رازی نابن، پێداگرن لەسەر ئەوەی دەبێت نوێنەری هەرێمی کوردستان بۆ لێژنەی قەرەبووکردنەوەکان زیاد بکرێتەوە. هەروەها لە پرۆژەکەدا بەدیاریکراوی ناوی بەلەد و دوجێل هاتووە وەک ناوچەیەکی قوربانی دەستی رژێمی پێشوو کە دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە، لە بەرامبەردا ئەوانیش داوادەکەن ناوی هەڵەبجە و گەرمیان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان زیاد بکرێت، چونکە ئەوانیش زۆر لەوە زیاتر قوربانی دەستی رژێمی پێشوون و دەبێت قەرەبووبکرێنەوە."
پرۆژەیاسای قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو کە رۆژی 25ی ئاداری 2024 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرد، 11 مادە لەخۆدەگرێت. بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 8، پرۆژەکە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە 17ی تەممووزی 1968 تاوەکو 20ی ئاداری 2003 لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە زیانیان بەرکەوتووە. لە بڕگەی دووەمی هەمان مادەدا ناوی بەلەد و دوجێل هاتووە، کە دوو قەزای شیعەنشینن لە پارێزگای سەلاحەدین و ئاماژە بەوە کراوە، قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەیان کەم بووە.
کاتێک سەدام حوسێن لە 8ی تەممووزی 1982 سەردانی دوجێلی کرد، تەقەی لێکرا، دواتر بەو هۆیەوە 163 کەس لە دانیشتووانی قەزاکە کوژران و چەندین موڵک و ماڵ خاپوور کران و دەستیان بەسەردا گیرا.
لە مادەی 3ی پرۆژەکەدا هاتووە بۆ قەرەبووکردنەوەکە، لێژنەیەک بەناوی لێژنەی لاوەکی لە هەر پارێزگایەک بە سەرۆکایەتیی دادوەرێک و ئەندامێتیی نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی، داد و پارێزگاکە پێکدەهێندرێت. ئەرکی لێژنەکە بریتی دەبێت لە وەرگرتنی داواکاریی خەڵک و هەڵسەنگاندنی بڕی قەرەبووەکە.
هەروەها بەپێی مادەی 4یش لە وەزارەتی داراییی لێژنەیەک بەناوی لێژنەی ناوەندی بە سەرۆکایەتیی دادوەرێک و ئەندامێتیی نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی و داد پێکدەهێندرێت. ئەرکی لێژنەکەش بڕیاردان دەبێت لەو قەرەبووکردنەوەیەی کە لێژنە لاوەکییەکان بۆیان رەوانە دەکەن. ئەم لێژنەیە ناوی ئەو خێزانانە بۆ وەزارەتی دارایی بەرزدەکاتەوە کە بڕیارە قەرەبوو بکرێنەوە. ئەرکێکی دیکەی لێژنەکە چاوخشاندنەوە دەبێت بە تانەکاندا.
بەگوێرەی مادەی 9ی پرۆژە یاساکە، بە دەرچوونی ئەم یاسایە، یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو ژمارە 16ی ساڵی 2010 هەڵدەوەشێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ