ئەمریکا دەڵێت ئاگاداری هەوڵی چالاکانەی نێچیرڤان بارزانین بۆ هەڵبژاردن

01-04-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا هانی هەوڵەکان دەدات بۆ بەڕێوەچوونی "هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە و متمانەپێکراو لە هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "ئێمە لەوە تێدەگەین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی عێراقی چالاکانە بیر لە هەنگاوەکانی داهاتوو دەکەنەوە."
 
18ـی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین".
 
رۆژی یەکشەممە، 31ی ئاداری 2024، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستێکی ئێکس دا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بۆ کورد، هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ کرد".
 
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "هانی پارتیم دا بۆ ئەوەی کار لەگەڵ هەموو لایەنە کوردییەکان و بەغدا بکات تاوەکو دڵنیایی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێگەرد لە کاتێکی نزیکدا بدات".
 
ئەو راگەیێندراوەی باڵیۆزی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە رۆژی 30ـی ئاداری 2024، سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە باڵیۆزەکە کرد و گوتی پارتی "هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دوو ساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن."
 
لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتییان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە و "ئەمریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت."
 
10ی حوزەیرانی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
 
دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا بازنەکانى هەڵبژاردن لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، ئەگەر دابەشبکرێت بەسەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان پشکى کورسییەکانیان بەم جۆرە دەبێت: پارێزگاى سلێمانى 39 کورسی، هەولێر 35 کورسی، دهۆک 24 کورسی و هەڵەبجە دوو کورسی.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەزا رەحمانی، پارێزگاری نوێی ورمێ.

پارێزگاری نوێی ورمێ ئەمڕۆ دەستبەکار دەبێت

وەزیری ناوخۆی ئێران ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی رەزا رەحمانی، پارێزگاری نوێی شارەکەدا ئامادە بێت.