رووداو دیجیتاڵ
لە چوار رۆژى یەکەمى کردنەوەى دەرگەى خۆبەربژێریکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگالدا تەنیا یەک بەربژێر ناوى خۆی تۆمارکردووە. ئەندامێکى لیژنەى وەرگرتنى داواکاریى بەربژێران دەڵێت، "ئەگەر زۆرە کوردێکى ئێزدی ئەو پۆستە وەربگرێت."
مەحموود خەڵەف، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا کە ئەندامى لیژنەى وەرگرتنى داواکاریی بەربژێرانى پۆستى قایمقامى شنگالە، رۆژی دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە دواى کردنەوەى دەرگەى خۆبەربژێریکردن بۆ ئەو پۆستە تەنیا یەک بەربژێر ناوى خۆى پێشکێش کردووە.
مەحموود خەلەف ئاماژەى بەوە کرد، کە دواى وەرگرتنیان، سیڤی بەربژێرەکان لەلایەن لیژنەکەیەوە جیادەکرێنەوە و دواتر دەدرێنە ئەنجوومەنى پارێزگا.
لە 28ـی ئادارەوە دەرگەى خۆبەربژێریکردن بۆ پۆستى قایمقامى شنگال کراوەتەوە، تاوەکو 11ـی نیسان بەردەوام دەبێت.
لیژنەیەکى پێنج کەسی لە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ وەرگرتنى داواکارى بەربژێران پێکهێندراوە.
ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، پرسەکە بە گوێرەى رێککەوتن و سازان یەکلایی دەکرێتەوە و ئەگەر زۆرە کوردێکی ئێزدی شنگال ئەو پۆستە وەربگرێت.
هەشت مەرج دانراون بۆ بەربژێرى قایمقامى شنگال؛ عێراقى بێت، تەمەنى 30 ساڵ و زیاتر بێت، بڕوانامەى زانکۆی هەبێت، لە کاتى خۆبەربژێرکردن ئەندامى هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان نەبێت، بە تاوانی نامووس تاوانبار نەبێت، رێوشوێنەکانى ریشەکێشکردنى بەعس نەیگرتبێتەوە و خزمەتى فەرمیی کەمتر لە 10 ساڵ نەبێت.
لە ساڵى 2020 رێککەوتنى شنگال لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵى واژۆ کرا و یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتنەکە دیاریکردنى قایمقامێکى نوێ بوو بۆ شارەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ