رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق چەند بڕیارێکی نوێی دژی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەرکردووە کە ژمارەی کاتیی هەرێمی کوردستانیان پێوەیە و لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە دەسووڕێنەوە. بەپێی بڕیارەکە، دەبێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەرێمی کوردستان گومرگ کراون، لە عێراقیش دووبارە گومرگ بکرێنەوە.
نورەدین زەنگەنە، نوێنەری خاوەن پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل کە 40 ساڵە لەو بوارەدا کار دەکات، دەڵێت: "بەغدا دان بە رێکارەکانی هەرێمی کوردستاندا نانێت و هەر رۆژە و بڕیارێکی نوێمان بەسەردا دەسەپێنێت. ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی لە کوردستان 2 مانگ مۆڵەتی هەیە، بەڵام لێرە (کەرکووک) یەک چرکە قبووڵ ناکەن و یەکسەر دەستی بەسەردا دەگرن و دەڵێن بڕۆ گومرگی بکە، ئەمە لەکاتێکدایە لە کوردستان گومرک کراوە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە هیچ بارە ئۆتۆمبێلێکی ژمارە کاتی نەیێتە کەرکووکەوە تاوەکو گومرک نەکرێت؛ هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەشی لە دوای 1-6-2025 ژمارەی هەمیشەیی کوردستانیان بەستووە، دەبێت دووبارە گومرگ بکرێنەوە.
جومعە حەسەن، خاوەنی پێشانگەی ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوە دەکات، بازاڕ وەستاوە و دەڵێت: "هەر ئۆتۆمبێلێک 3 مانگ مۆڵەتی لەگەڵە، بەڵام لێرە 3 چرکە مۆڵەتمان نادەن، یەکسەر دەستی بەسەردا دەگرن."
لە هەرێمی کوردستان 3 مانگ مۆڵەت بە ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی دەدرێت تاوەکو ژمارەی هەمیشەیی وەردەگرێت، بەڵام ئەو بڕیارە لە کەرکووک کاری پێناکرێت و لە هەر شوێنێک ببینرێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
عامر نەریمان، گوتەبێژی هاتووچۆی کەرکووک لەبارەی رێکارەکانەوە دەڵێت: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی دوای 1-6-2025 هاتوونەتە ژوورەوە، دەبێت جیاوازیی گومرگی بدەن. ئەوانەشی ژمارە کاتین نابێت هاتووچۆ بکەن، تەنیا بۆ سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ نەبێت؛ ئەگەر لە هەرێمی کوردستانەوە بێن و لەناو بازاڕدا ببینرێن، رێکاری یاساییان لەبەرانبەر دەگیرێتەبەر."
بەپێی بڕیارەکەی بەغدا، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەرێمی کوردستان بە بڕی 1,500,000 دینار گومرگ کراون، دەبێت بڕی 3,500,000 دیناری دیکەش وەک گومرگ بە حکومەتی عێراق بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ