رووداو دیجیتاڵ
عەبدولباست سەیدا، سیاسەتڤانی کورد و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) رایدەگەیێنێت، لەم کاتەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ نەمانی دەسەڵاتی ئێستای سووریا لە ئارادا نییە و وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا مامەڵە لەگەڵ واقیعەکەدا دەکەن، بەڵام جەخت دەکاتەوە لە سیاسەتدا "هیچ شتێک گەرەنتی نییە."
عەبدولباست سەیدا، میوانی بووڵتەنی کاژێر 7:00ی رۆژئاڤای تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە لەلایەن دلبخوین داراوە پێشکێش دەکرێت.
سەیدا گوتی، رەوشی ناوچەکە زیاتر لەژێر کاریگەریی "هێڵە ئەمریکی و ئەورووپییەکاندا" کێشراوە و وڵاتانی جیهان و عەرەب رۆژانە دانوستان لەگەڵ واقیعی ئێستای سووریا دەکەن، هەر بۆیە لەم ساتەدا ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتنی ئەو دۆخە نابینرێت، بەڵام ناوچەکە هێشتا لە قەیران دەرنەچووە و ئەگەری روودانی گۆڕانکاریی لەناکاو هەیە، بەتایبەت پەیوەست بە دۆخی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە.
ئەو سیاسەتڤانە کوردە هۆشداری دەداتە لایەنە کوردییەکان و دەڵێت: "نابێت کورد تەنیا چاوەڕێ بێت بزانێت دۆخەکە دەمێنێت یان دەگۆڕێت؛ لە سیاسەتدا ئەگەر تەنیا چاوەڕێ بیت، زۆر شت لەدەست دەدەیت." جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە کورد بە شێوەیەکی کارا مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکاندا بکات.
سەبارەت بە ناوی "کوردستان" لە سووریا، عەبدولباست سەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ناوە زۆر جار لایەنە ناکوردەکان لێی دەترسن، بەڵام لە راستیدا "کوردستانی سووریا" راستییەکی مێژوویی و جوگرافییە و بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن، بۆیە کەس ناتوانێت چاو لەو راستییە دابخات.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: لە سەرەتادا بەخێربێیت. د. عەبدولباست سەیدا خۆشحاڵین کە دەبیتە میوانی ئێمە دوای چەندین ساڵی دوور و درێژ.
عەبدولباست سەیدا: زۆر سوپاس و خێراندار بیت کاک دڵبخوین. سڵاو لە تۆ و لە تیمی کارکردنتان و لە هەموو بینەران، زۆر سوپاس.
رووداو: سەر چاوم دکتۆر. تۆ هەم ئەکادیمیستیت و هەمیش سیاسەتمەدارێکی خاوەن ئەزموونیت، ئەم دەسەڵاتەی کە ئێستا لە شام هەیە، بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، دەمێنێتەوە یان نامێنێت دکتۆر؟
عەبدولباست سەیدا: وەڵا ئەمە پرسیارێکە. بەڕای من زیاتر لە ساڵێکە دیسان هەر دەگوترا ئایا دەمێنێت یان نامێنێت. بەڵام کاتێک ئەمڕۆ سەیری رەوشەکە دەکەیت، رەوشی جیهان زیاتر ئەمریکییە، واتە زیاتر ئەو هێڵانەی ئەمڕۆ لە ناوچەکەی ئێمەدا دەکێشرێن، ئەمەریکین، ئەورووپین، یان ئەوانی دیکەن. هەموویان پەیوەندییان پێوە دەکەن و دانوستانیان لەگەڵ دەکەن، رۆژ بە رۆژ وڵاتانی عەرەبی و ئەوانی دیکە، مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. واتە لەم کاتەدا هیچ شتێک یان ئاماژەیەک دیار نییە کە نەمێنێت. بەڵام لە سیاسەتیشدا هیچ شتێک گەرەنتی نییە. چونکە ناوچەکەی ئێمە هێشتا لە قەیرانەکان دەرنەچووە، هێشتا مەسەلەی ئێران نزیکە کە ئایا خەڵک لە ئێران دەدەن یان نا، شوێنەوارەکانی لەسەر ناوچەکەی ئێمە چی دەبن، واتە ئەم پرسیارانە زۆرن. بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگترە رەوشی ئێمەی کوردە کە چۆن دەبێت، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو رەوشەدا دەکەین. واتە ئایا چاوەڕێ دەبین بزانین دەمێنێت یان نامێنێت؟ بەڕای من لە مەسەلەیەکی وادا لە سیاسەتدا، مرۆڤ زۆر شت لەدەست دەدات.
رووداو: دکتۆر، بەپێی بەدواداچوونی من، هێشتا بەڕاستی هەڵوێستێکی سەدا سەد روونیان نیشان نەداوە، یان داواکارییەکی سەدا سەد روونیان نیشان نەداوە. بە بڕوای تۆ دکتۆر عەبدولباست، بەشێکی کوردستان لەناو خاکی دەوڵەتی سووریادا هەیە بە ناوی کوردستانی سووریاوە بۆ نموونە؟
عەبدولباست سەیدا: ئەی چۆن نییە؟ واتە ئێمە لەسەر ئەم مەسەلەیە زۆرمان نووسیوە و مێژووی هەیە و نەخشەی هەیە بۆ نموونە. سەبارەت بە کوردستان، من زۆر جار دەڵێم و لەبیرمە جارێک لە کۆڕبەندی ئیستەنبووڵ باسی ئەوەم کرد و دیسانیش دەیڵێمەوە. کە وشەی کوردستان وشەیەکە زیاتر لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە، زۆر بەکارهێنراوە و گەورە کراوە کە کاتێک دەیڵێیت، ئەوەی کورد نەبێت کەمێک لێی دەترسێت. بەڵام وشەیەکی زۆر ئاساییە، کە دەڵێیت وڵاتی کوردان، ناوچەی کوردان، یان بە عەرەبی دەڵێن "مناطق کردیة" (ناوچە کوردییەکان) و ئێمە بەکاری دەهێنین. کە بگەڕێیتەوە بۆ مێژوو و بەڵگەکان دەبینیت، کە ئەوە کوردستانی سووریایە. واتە ئەمە راستییەکە، کەس ناتوانێت چاوی لێ دابخات.
رووداو: لەبەر ئەوەی زۆر کەس کە دەچنە شام زیاتر ئەمە پشتگوێ دەخەن؟
عەبدولباست سەیدا: زۆر سوپاس. واتە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە تەلەڤزیۆنێکی سووریا، لێیان پرسییم و لەو کاتەدا گوتم: "دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، دانوستاندن هەبوو، بینیتان بۆ نموونە پەیماننامەی سیڤەر و لۆزان هەبوو. بەڵام لەوێشدا دەیانگوت کوردستان بووەتە سێ پارچە، مەبەستم سووریا و عێراق و تورکیایە، بەڵام کوردستانی رۆژهەڵات، پێشتر سەفەوییەکان و عوسمانییەکان لەسەری رێککەوتبوون و پارچەیان کردبوو." جا دیسان کەسێک کە ئاگاداریی نییە پێی گوتم: "ئاها تۆ گوتت کوردستان سێ پارچەیە"، گوتم نەخێر، ئەوە سێ پارچەیە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، بەڵام پێشتر، ئەو پارچەیە چوار بووە، واتە سەفەوی و عوسمانییەکان لە نێوان خۆیاندا دابەشیان کردبوو.
رووداو: دکتۆر من بینیم و بەدواداچوونم کرد، بۆ نموونە دەستوورێکی کاتی لە سووریا هەیە، لەو دەستوورەدا دان بە مافی نەتەوەیی و سیاسیی کورد دا نەنراوە. کورد بە گشتی لە دەرەوەی ئەو دەستوورە مایەوە. تۆ ئەمە چۆن دەبینیت دکتۆر؟ واتە دەستوورێکی چۆن بۆ سووریا پێویستە؟
عەبدولباست سەیدا: زۆر سوپاس، واتە ئەم شتەی تۆ دەیڵێیت خۆی لە خۆیدا دەستوور نییە. بینیت ئەمە وەک راگەیاندنێکی دەستوورییە. واتە عادەتەن کاتێک حکومەتێک دەڕووخێت، شتێکی کاتی بۆ خۆیان دەردەکەن بۆ ئەوەی لەسەری بڕۆن، ئەوە دەستوور نییە و ئەو راگەیاندنە کاتییانە رەخنەی زۆریان لێگیرا. من خۆشم زۆر جار گوتم دەتوانیت هەر ناوێکی لێ بنێیت، بەڵام ناکرێت راگەیاندنێکی کاتی بکەیت بە دەستوور. واتە بەڕای من کەموکوڕیی زۆری تێدا بوو. لەسەر مەسەلەی کورد و لەسەر زۆر شتی دیکەش. تەنانەت سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەست بە سووریا کە چۆن دەسەڵات دابەش دەکەن نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەر بوو. بەڵام ئەمڕۆ تۆ لە بەردەم قۆناخێکدایت، دانوستانی لەگەڵ دەکەیت. بۆ نموونە ئێستا هەسەدە، سەرکەوتووە و دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەم ئیدارەیەدا دەکات.
جا کاتێک دواتر دەستوور دەنووسرێتەوە، دەبێت کورد ئامادە و شارەزا بێت. واتە ئێستا ئەم مەرسوومەیان دەرکرد، مەرسوومی13. مەرسوومی 13 بە بڕوای من، هەموو شتێک چارەسەر ناکات، بەڵام باسی شتی سەرەکی کردووە و لەسەری وەستاوە. بەڵام شتێکی گرنگ لەم مەرسوومەدا بەلای منەوە... زیاتر ئەوەیە کە یەکەمین جارە لە سووریا بە تایبەتی لەسەردەمی حوکمی بەعسەوە کە لە ساڵی 63ەوە دەستی پێکردووە تاوەکو ئێستا، تێڕوانینێک دروست دەبێت کە نەخێر کورد لە سووریادا هەیە. پێشتر دەیانگوت نین. واتە ئێستا کە باس دەکرێت، تەنانەت ئەو رۆژەش من لەو بەرنامەیەیاندا باسم کرد، لە سێمینارێکدا لە شام لە ناوچەی جەرەمانا کە رێکیان خستبوو و من بەشدار بووم، گوتم لە دەستووری بەعسدا دەڵێن وڵاتی عەرەب و بەپێی ئەوان سووریا و عێراق و ئەوانی دیکە.. هەمووی وڵاتی عەرەبە. جا تەنیا عەرەبە و ئەوەی میسری نەبێت چونکە لەسەر... وەڵا عەرەب نییە. لەو کاتەشدا وڵاتی عەرەب فڕێدەدرێتە دەرەوە. جا ئێستا کاتێک ئەم مەرسوومە دێت، تێڕوانینێکی دیکە دەدەن کە کورد بەشێکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بۆ نموونە کورد نەتەوەیەکی سەرەکییە، واتە لە سووریادا مافی کولتووری و ئەوانەیان هەیە. بەڕای من ئەمە گۆڕانکارییەکە دروست بووە. گۆڕانکارییەک لە مێشک و عەقڵیەتدا دروست بووە. ئەمە زۆر گرنگە. جا ئێمەی کوردیش دەبێت لەلای خۆمانەوە بچین لەسەر ئەوە بنیاتی بنێین و هەنگاوی بۆ بنێین.
دەبێت ئێمە بچین ئامادە بین بۆ مەسەلەکە. نەک من پاڵ بدەمەوە و بڵێم وەڵا تاوەکو کارەکانم هەمووی یەکلایی دەبێتەوە ئەوان هەموو مافەکانم بە تەواوی پێدەدەن، ئەوە نابێت. لە سیاسەتدا کەس باوکی کەس نییە ئەگەر مرۆڤ داوای مافی خۆی نەکات. راستە، مافێکی تۆ، خانوویەکی تۆ، شتێکی تۆ لای کەسێک بێت و هەمووشیان بزانن مافی تۆیە، کاتێک پێت نادات ناچاریت بچیتە لای پارێزەر، بچیتە دادگە و سکاڵا بکەیت، جا ئەمەش مافی نەتەوەیەکە.
رووداو: زمان زۆر گرنگە دکتۆر. مەسەلەن ئەمڕۆ رۆژی زمانی دایکە. بەپێی بۆچوونی تۆ دەبێت زمانی کوردی ببێتە زمانێکی چۆن لە رۆژئاوای کوردستان؟ بۆ نموونە لە کوێ ببێتە زمانی فەرمی و لە کوێ ببێتە زمانی دووەم؟
عەبدولباست سەیدا: واتە ئێستا مەسەلەی زمان کاتێک کە سەیری دەکەیت و مرۆڤ لێکۆڵینەوەی لێدەکات، ئێستا ئەزموونی ناوچەکە بۆ نموونە ئەزموونی کوردستانی عێراق لەبەرچاوی مرۆڤدایە، کاتێک کە زۆرینە کورد بن، ئەوا دەتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و زمانەکەی خۆیان فەرمییە، ئەوەش هەیە. واتە لەبیرمە جارێک لە ساڵی 2007، شتێکی وا بوو جارێک وەک شاندێک لە سوێدەوە چوینە سلێمانی و چەند مامۆستایەکی سوێدیشمان لەگەڵدا بوون. قوتابخانەیەکم بینی، پێیان گوتم لەو قوتابخانە عەرەبییەدا، خوێندن هەمووی بە عەرەبی بوو. پرسیارم کرد گوتم، کێ لەم قوتابخانەیە دەخوێنێت؟ گوتیان وەڵا نزیکەی 200 قوتابیمان هەیە کە کەسوکاریان لە ماڵەوە بە عەرەبی قسە دەکەن و 400یشیان ئەو کوردانەن کە دەیانەوێت منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانەی عەرەبی. جا نازانم ئەم قوتابخانەیە لە هەولێر بوو یان هەبوو یان نا، لەبیرمە ئێمە چووینە زۆر زانکۆ و شوێنی وا. بۆ نموونە لە عەنکاوە تێپەڕین و چووین زمانی سریانییان دەگوتەوە، سەرەتا گوتم سریانی، گوتی باشە. زمانی سریانی وەک زمانی قوتابخانە، تۆ ناتوانیت وانەی فیزیا و کیمیا و جوگرافیای پێ بڵێیتەوە. ئەم کارە کاتی دەوێت تاوەکو بەرەوپێش دەچێت. بەڕای من بۆ کوردییەکەش ئێستا لەلای ئێمە، من دەڵێم لە هەڵبژاردنی خۆیاندایە بۆ خوێندن. بەڵام کە دەیانەوێت، ئەوە مافی کوردە کە لە ناوچەی خۆیان بڵێن وەڵا ئێمە بە کوردی دەخوێنین. ئەوەیشی دەیەوێت بە عەرەبی بخوێنێت وەک ئەوەی زمانی فەرمیی و سەرەکی بێت لە پەروەردەدا، دەتوانن قوتابخانەیان بۆ تەرخان بکەن.
ماوەیەک لەمەوبەر من لە شام بووم، واتە لەبیرتە هەفتەیەک لەمەوبەر بڵاوم کردەوە کە لە ئاژانسی سانا (میدیای فەرمیی سووریا)، چووم 20 کچ و کوڕی کورد لە هەموو ناوچە کوردییەکانەوە، هەموویان بە کوردی هەواڵ ئامادە دەکەن و کار دەکەن. ئێستا رەنگە بڵێیت ئەم هەنگاوە بچووکە، بەڵام هەنگاوێکە کە واتاکەی گەورەیە. واتە کێ باوەڕی دەکرد کە رۆژێک لە رۆژان تەلەڤزیۆنێکی سووری وشەی کوردی تێدا پەخش بکرێت و دواتر بە عەرەبی دایبنێن. ئەوەتا ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قۆناخە، کە دەچیتە پێشانگەی کتێب، سەیر دەکەیت بەشێکی زمانی کوردی هەیە و خەڵک دێن، میدیا کۆمەڵایەتییەکان (ماس میدیا) و وەزیر و ئەوانی دیکەش... ئەمەش هەنگاوێکە، بەڵام بەم شێوەیە مرۆڤ لەسەری بونیاد دەنێت و بەرەوپێش دەچێت. جا ئێمە هیوادارین کە باشتر بێت. بەڵام ئیشی دەوێت، کاری دەوێت، لە هەمووی گرنگتر تێڕوانینی دەوێت، کە تۆ چیت دەوێت، تێڕوانینت چۆنە و چۆن جێبەجێی دەکەیت.
رووداو: دکتۆر تۆ لەگەڵ ئەوەدایت، کە ئێمە باسی تێڕوانینی سیاسی دەکەین، تۆ لەگەڵ ئەوەدایت کە ئۆتۆنۆمی بە رۆژئاوای کوردستان بدرێت؟ واتە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمیی کوردی لەوێ هەبێت؟
عەبدولباست سەیدا: ئێستا کە تۆ دەڵێیت ئۆتۆنۆمی، واتای چییە؟ واتە بۆ نموونە مافی کوردە کە ئەم مەسەلەیە بکرێت. گفتوگۆمان لەسەر ئەم شتانەمان زۆر کرد لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆن و ئەوانەدا. لەبیرتە بۆ نموونە لامەرکەزیی کارگێڕیی (ئیداری) فراوان هەبوو، زیاتریش ئەنجوومەنی نیشتمانی لەو کاتەدا، مەبەستم ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردە، باسی فیدراڵییەتی دەکرد، باسی لامەرکەزیی سیاسیی دەکرد. ئەمەش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. هەندێک جاریش مرۆڤ خۆی بە ناوێکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام ئەرکەکەمان لەبیر دەچێت. واتە بەڕای من کاتێک مرۆڤ شارەزا و زانا بێت و بەدوای زۆر شتدا بچێت، کە دەسەڵات دەخەیتە دەستی خۆتەوە، بۆ نموونە زۆر شت دەخەیتە خزمەتی خۆتەوە، رەنگە نەگەیتە سەر ناوەکە.. کاتێک ناوەکە ببێتە کێشە. بەڵکو ناوەڕۆکەکە گرنگە، ئێستا بۆ نموونە زۆر جار مرۆڤ باسی عەلمانییەت (سیکۆلاریزم) دەکات و دەڵێن عەلمانییەت ئیلحادە و نازانن چۆنە، واتە زۆر جار کێشەکە لە وشەکەدایە. مەسەلەکە ئەوە نییە کە من بە عەلمانییەتەوە پابەند بم، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ کەمێک سیاسەت و ئایین لە یەکدی دوور بخاتەوە، جا تۆ چ ناوێکی لێ دەنێیت لێی بنێ. ئێستاش ئێمە کاتێک دەسەڵات دەهێنین بۆ ئەوەی بتوانین سیاسەتی پەروەردە بۆ خۆمان دابنێین، بۆ نموونە بواری تەندروستی لە ناوچەی خۆمان دابنێین، شارەوانی خۆمان بەڕێوەببەین، و زۆر شتی دیکە.. نەک هەموو شتێک ئامادە بێت و بەڕێوە بچێت.. جا تۆ چ ناوێکی لێ دەنێیت، ئۆتۆنۆمی بێت یان نا، یان ناوێکی دیکەی لێ بنێ. بەڵام ئۆتۆنۆمییەک وەک ئەوەی سەدام دابووی بە کورد کە لە ناوەڕۆکدا هیچ نەبوو، ئێمە بەو شێوەیە نیازمان نییە.
رووداو: دکتۆر شتێکی دیکەی تایبەت بە خۆت. هیچ پۆستێکی کارگێڕی، حکومی یان ئەکادیمی پێشکەشت کراوە؟ لە سووریا؟ یانیش لە رۆژئاوای کوردستان؟
عەبدولباست سەیدا: بەڵێ.. بەڵێ. زۆر سوپاس دڵبخوین. زۆر کەس ئەم پرسیارەم لێ دەکەن. بەڵام من لێرەدا دەمەوێت بڵێم، نە تەمەنم و نە تەندروستیم رێگەم پێ نادات پۆستێک وەربگرم. نەوەکان گۆڕاون، واتە بەڕاستی من لە شام زۆر گەنجی خۆمانم بینی و دڵنیام کچ و کوڕەکانمان، گەنجەکانمان، تواناکانیان زۆر لە پێشە؛ لە رووی تەکنەلۆژیای نوێ، زمانی نوێ و شتەکانی دیکەوە. ئەمانە ئیتر کاتێک ئێمە تێپەڕین، ئەمڕۆ ئەوان هەن. تۆ سەرنج بدە ئەو ئیدارەیەی ئەمڕۆ لە سووریا هەیە، کە دەڵێین تێکڕای تەمەنیان، تەمەنیان واتە دەتوانیت بڵێیت 40 ساڵە، رەنگە 40 و کەمێک. هەندێکیان زۆر بچووکترن. بەڵام سەرکردایەتییەکانی ئێمە ماشەڵڵا، تێکڕای تەمەنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد رەنگە بتوانیت بڵێیت 60 - 70 ساڵە. سەردەم گۆڕاوە، سەردەم گۆڕاوە و دەبێت ئێمە خۆمان بۆ ئەم مەسەلەیە ئامادە بکەین. ئەوەی لەسەر ئێمەیە، ئەو ئەرکەی لەسەرمانە واتە ئەوەی لە دەستمان بێت، ئەو ئەزموون و ناسیاوییەی مرۆڤ، ئەو کار و پەیوەندییانەی کە هەمانبووە، مرۆڤ دەتوانێت بیخاتە خزمەتی نەتەوەکەی، خزمەتی خەڵکەکەی، خزمەتی گەنجەکانییەوە. لە شامیش بەڕاستی زۆر هەنگاوی وا کە تێڕوانینەکانی خۆیان دەخستە روو، هەموویان دروست بوون. واتە مەبەستم لەوەیە کە یەکێک لەوانە ئەو ناکۆکییەی عەرەب و کوردە، کە مرۆڤ کەمێک رێگەی لێ بگرێت، و من دەڵێم تێڕوانینی زۆر دروست بوون واتە لەم مەسەلەیەدا خراپ نەبوو.. نەڵێین هەموو شتێکمان کرد، بەڵام واتە باش بوو، سوودی هەبوو، واتە هەندێک لە برادەرانی خۆشمان بینی کە پێشتر لە ئۆپۆزیسیۆن بوون و چوونەتە شوێنی دیکە، دەتوانن هاوکاری بکەن و ئەمەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بە ناسیاوییەکی گشتی بیخاتە خزمەتی نەتەوەکەی و گەنجەکانییەوە. منیش لەلای خۆمەوە نەخێر.
رووداو: واتە پۆستت پێشکەش نەکراوە و خۆتیش داوای ناکەیت؟
عەبدولباست سەیدا: نەخێر نەخێر، پێشکەش نەکراوە. رەنگە هەندێک لە ناوخۆدا، وەک بە عەرەبی دەڵێن 'جس نبض' واتە تاقیت دەکەنەوە بزانن رات چۆنە، بەڵام من گوتوومە نەخێر من هیچ شتێکم ناوێت.
رووداو: بەڵام تۆ هێشتا دەتوانیت بە باشی ئەو ئەزموون و بیرۆکانەت پێشکەش بکەیت.
عەبدولباست سەیدا: بەڵێ من ئامادەم، من ئامادەم پێشکەشی بکەم، بەڵام مەرج نییە مرۆڤ پۆستی هەبێت.
رووداو: بەڵێ راستە. دکتۆر زۆر زۆر سوپاس.. ماڵت ئاوا بێت. تۆ میوانی من بوویت دکتۆر عەبدولباست سەیدا، سیاسەتمەدار و ئەکادیمیست، لە وڵاتی سوێد و لە شاری ئوپسالا.
عەبدولباست سەیدا: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ