کۆمیسیۆن: وادەى پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران درێژناکرێتەوە و شەشى نیسان تیروپشک دەکرێت

01-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق 6ـی نیسانى دیاریکرد بۆ تیروپشکى ژمارەى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەرپرسێکى ئەو کۆمیسیۆنە دەڵێت، "دوا وادەى پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران تەواو بوو و درێژناکرێتەوە و دەست دەکرێت بە وردبینى ناوى بەربژێران." 
 
کاژێر 12ـی شەوى رابردوو، دوا وادەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.    
  
یەکى نیسانى 2024 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دوا وادەى پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کاژێر 12ى شەوى یەکشەممە بوو و درێژناکرێتەوە".
 
عیماد جەمیل گوتى، "دواى رادەستکردنى ناوى بەربژێران و کۆتاییهاتنى وادەى رادەستکردن، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەست دەکات بە وردبینیکردنى ناوى بەربژێران و ناردنى بۆ لایەنە پەیوەندارەکان."    
 
 لە 15 رۆژدا ناوى بەربژێران دەنێردرێت بۆ دەستەى دەستپاکیى هەرێمى کوردستان و عێراق، دەستەى لێپرسینەوە و دادوەریى عێراق، هەروەها بۆ هەردوو وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆسییەکانیان لە رووى تاوان، گەندەڵى و هەبوونی پەیوەندی بە حیزبى بەعسەوە.
 
یەکى نیسانى 2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە دواى کۆتاییهاتنى وادەى رادەستکردنى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دوو هاوپەیمانیێتى و 10 پارت لیستى بەربژێرانیان رادەست کردووە؛ هەروەها 54 بەربژێرى سەربەخۆ ناوی خۆیان پێشکێش کردووە. 
 
جومانە غەلاى رایگەیاند، رۆژى 6ـی نیسان لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان تیروپشکى ژمارەى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت و، کۆمیسیۆن بەردەوام دەبێت لە کارەکانى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
 
10ى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.