یەکێتی هەڕەشە دەکات 'لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن سکاڵا دەکەین'؛ پارتیش دەڵێ 'ترسمان لە هەڵبژاردن نەبووە'

01-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە و رایگەیاند: "هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و هەڵبژاردن دوابخرێت، سكاڵای یاسایی دەکەین." پارتیش رایگەیاند هەمیشە یەکەمی هەڵبژاردن بوون و ترسیان لە هەڵبژاردن نەبووە.
 
لە راگەیێندراوێکدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، رایگەیاند: "بەتووندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەکەین، کە بڕیارە لە 10-6-2024 سازبکرێت." پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەپێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دووپاتکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "‎لەپێناو داكۆكیكردن لە مافی دیموكراسیی خەڵكی کوردستان، مەکتەبی سیاسی بڕیاریدا بە هەموو رێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ١٠-٦ دا بچێتەوە."
 
بڕیاردراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بکرێت، بەڵام پارتی و پێکهاتەکان بڕیاریانداوە بەشداریی هەڵبژاردنەکە نەکەن. بەشێک لە بەرپرسانی پارتی دەڵێن بەبێ پارتی هەڵبژاردنەکە ناکرێت.
 
یەکێتی لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەبێتە مایەی خەوشێکی گەورە بە پرۆسەی سیاسیی کوردستانەوە ناوبانگی "حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا خۆی کاربەڕێکەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە."
 
مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن "بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت و رایدەگەیێنێت "هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن، رەتدەکاتەوە." 
 
پارتی: لە هەڵبژاردن نەترساوین
 
شەوی چوارشەممە 01-05-2024لە راگەیێندراوێکدا فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "بەسەرسوڕمانێکی زۆرەوە بەیاننامەیەک لەلایەن چەند فراکسیۆنێک لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
 
فراکسیۆنەکەی پارتی پێنج خاڵ لە بەیاننامەکەی باس دەکات و دەڵێت: "جەختیان لێ دەکەینەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدریت و سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن." 
 
لە بەیاننامەکەدا هاتووە لە ساڵی 1992 تاوەکو دوایین هەڵبژاردن، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەم بووە و، هیچ کات ترسی هەڵبژاردنی نەبووە.
 
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی "پارتی ماوەی دوو ساڵە داوا دەکات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن و بەتایبەت ئەوانەی ئێستا بەیاننامە دەنووسن، خۆیان باش دەزانن کام لایەن بوو رێگربوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەوەش دەزانن کە کام لایەنی سیاسی بوو دەیگوت 'ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت، ناهێڵین سندووقەکانی دەنگدان لە دێگەڵە بەولاوە دابنرێت و ناهێڵین لە سنووری سلێمانی هەڵبژاردن بکرێت." 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە جەخت کراوەتەوە لەوەی "پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و لەگەڵیشی دەبێت، بەمەرجێک ئیرادەی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت''. پارتی لەگەڵ ئەوەیە 'هەڵبژاردنێک بکرێت مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت و ناکرێت پێکهاتەکان لە تورکمان، کلد، ئاشووری لە پەرلەمانی عێراق نوێنەریان هەبێت و لە پەرلەمانی کوردستان بێبەش بکرێن."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە سێ رۆژ لە بەغدا بوو، لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی و حکومی عێراق چەندین دۆسیەی تاوتوێ کرد، لەوانە مووچە و هەڵبژاردن.
 
رووداو زانیویەتی بەمنزیکانە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەک بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەنووسێت و داوای گەڕانەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکات، کە بە بڕیاری دادگەکە نەهێڵدراون.
 
دوای گەڕانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی گوت گرنگ و پێویستە هەموو پێکهاتەکانی بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە