خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان: تێبینیمان لەسەر کاری هەندێک زانکۆی عێراق هەیە

01-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەمواری یاسای خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکدەخات. هەفتەی داهاتووش شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی تایبەت بە خوێندنی باڵا لەنێوان هەردوولا. 
 
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، تێبینییان لەسەر کاری هەندێک لە زانکۆکانی عێراق هەیە کە لە ناوچە جێناکۆکەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، بۆیە تاوەکو ئێستا مامەڵەیان لەگەڵ نەکردوون.
 
لە دانیشتنی ئێوارەی دوێنی سێشەممە، 30ـی نیسانی 2024ـی پەرلەمانی عێراق کە بە ئامادەبوونی 172 پەرلەمانتار دەستیپێکرد، هەمواری یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ژمارە 40ـی ساڵی 1988 خرایە دەنگدانەوە.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 1ـی ئایاری 2024 بە رووداوی راگەیاند: "فراکسیۆنە کوردستانییەکان تێبینییان لەسەر هەموارەکە هەیە؛ بۆیە بایکۆتیان کرد و دانیشتنەکە رێژەی یاسای نەما و تێکچوو".
 
موسەننا ئەمین دەڵێت: "تاوەکو ئێستا عێراق دان بە بەشێک لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دانانێت، وەک زانکۆکانی چەرمۆ و هەڵەبجە. داوامانکرد بە دەقێکی روون و راشکاوانە دان بە هەموو زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دابنرێت". 
 
بەگوتەی موسەننا ئەمین، بەغدا داننان بەو زانکۆیانەی گرێداوە بەوەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دان بەو زانکۆ تایبەتانەدا بنێت کە لە ناوچە جێناکۆکانن و لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە مۆڵەتیان پێدراوە و دانیان پێدا نراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان دانی پێدانەناون.
  
عەبدولفەتاح عەبدلڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، رۆژی 1ـی ئایاری 2024 بە رووداوی گوت، لەبارەی ئەو بابەتانەی کە لەنێوان هەردوولادا هەن، "هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەکەین و هەوڵدەدەین بگەینە رێککەوتن".
 
بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "بەپێی دەستوور، دۆسیەی خوێندنی باڵا لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە و پێویست بە دانپێدانانی بەغدا ناکات؛ بۆیە هەر زانکۆیەکی حکومی کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، پێویستە لە عێراق دانی پێدابنرێت".
 
سەبارەت بەو زانکۆیانەی کە هەرێمی کوردستان دانیان پێدا نانێت، عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق گوتی: "تێبینی و سەرەنجمان لەسەر کاری هەندێک لە زانکۆکان هەیە؛ بۆیە تائێستا مامەڵەمان لەگەڵ نەکردوون". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە