رووداو - دهۆک
هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای دهۆک ئەو زیندانییەیان دەستگیرکردەوە کە رۆژی چوارشەممە لەکاتی بردنی بۆ نەخۆشخانە هەڵاتبوو.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای زیاتر لە 10 کاژێر لە هەڵاتنی، ئەو زیندانییەی لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک هەڵاتبوو، لە گوندەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرایەوە."
زیندانییەکە لە چاکسازیی زرکا لە دهۆک بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی, رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کرابوو. سەرچاوەکەی پۆلیسی دهۆک، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی: "دوای ئەوەی شوێنی زیندانییە هەڵاتووەکە لە گوندی بێساتای سەر بە ناحیەی قەسرۆک لە قەزای شێخان ئاشکراکرا، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆیان دا و توانییان دەستگیری بکەنەوە."
زیندانییە هەڵاتووەکەی دهۆک چۆن دەستگیرکرایەوە؟ دڵدار هەرکی باسی دەکات و ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنەکەیشی ببینە pic.twitter.com/Q3XqvDzuij
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 1, 2025
بە گوتەی سەرچاوەکە، زیندانییەکە دەستبەجێ گواستراوەتەوە بۆ چاکسازیی زرکا لە دهۆک.
ئەو زیندانییە رۆژی چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2024، کە بە تۆمەتی کوشتن سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابوو، لەکاتی چوونی بۆ ئاودەستی نەخۆشخانەی ئازادی، لە رێگەی پەنجەرەی ئاودەستەکەوە هەڵات. دوای هەڵاتنی، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە گەڕانێکی چڕ کرد تاوەکو دۆزرایەوە و دەستگیرکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ