رووداو دیجیتاڵ
11 رۆژ بەسەر نەگەڕانەوەی سزادراوێک لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی تێدەپەڕێت، کە دوای وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەوە ماڵ نەگەڕایەوە و بە هەڵاتوو دانرا. بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان دەڵێت، دوو کەفیلی حوکمدراوەکە دەستگیرکراون.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ ئەو حوکمدراوەی مۆڵەتی چوونەوە ماڵی پێدرابوو نەگەڕاوەتەوە زیندان".
حوکمدراوان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ مانگ جارێک بۆیان هەیە داوای مۆڵەتی یەک هەفتە دەرچوون لە زیندان بکەن، بەو مەرجەی چارەکێکی حوکمەکەیان تەواو کردبێت و چەند مەرجێکی دیکەی لاوەکیشیان تێدا بێت.
ئەو حوکمدراوەی مۆڵەتی پێدرابوو، دەبوو دوای هەفتەیەک لە مۆڵەتەکەی و 20ـی نیسان بگەڕێتەوە زیندان، بەڵام نەگەڕایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی: "هەڵاتووەکە خانوویەک و 25 ملیۆن دیناری و دوو کەفیلی هەبووە، دەست بەسەر خانوو و پارەکەیدا گیراوە و هەردوو کەفیلەکەشی دەستگیرکراون".
هەڵاتووەکەی چاکسازیی سلێمانی، بە تاوانی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر حوکمدراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنەوەی دەستیپێکردووە.
ئەو حوکمدراوەی لەکاتی مۆڵەتەکەی تێدەپەڕێت، مافی هەیە لە ماوەی 72 کاژێردا بگەڕێتەوە، ئەگەر کاتەکە زیاتر بخایێنێت بە هەڵاتوو هەژمار دەکرێت.
دوێنێش زیندانییەک لە چاکسازی (زرکا)ی گەورانی دهۆک لەلایەن پۆلیسەوە برابوویە نەخۆشخانەی ئازادی شارەکە و لەوێ هەڵاتبوو.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەڵاتووەکەی دوێنێی چاکسازیی دهۆک دەستگیرکراوەتەوە".
هەر ئەمڕۆ عەقید ئارام محەممەد، بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی دهۆک کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "زیندانییەکە نەخۆش بووە و نێردراوەتە نەخۆشخانە، لەوێ چووەتە ئاودەست و لە پەنجەرەی ئاودەستەکەوە خۆی هەڵداوە و هەڵاتووە".
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی هەن؛ دوو لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە دهۆکن. زیاتر لە پێنج هەزار سزادراو لەنێویاندا کاتی سزاکانیان بەسەر دەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ