رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، دوو رۆژنامەنووسی کورد، کە لە کەناڵ هەشت بۆ رووماڵی ئاڵۆزییەکان چووبوونە دیمەشق، لە دوێنێوە چارەنووسیان نادیارە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی نیسانی 2025، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو رۆژنامەنووسی کەناڵ 8، لە کاژێر 06:00ی دوێنێ ئێوارەوە پەیوەندییان بە ناوەندی هەواڵی کەناڵەکەوە پچڕاوە و تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە".
وەکو رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، ئەکرەم ساڵح و جودی حاج عەلی کە لە دوێنێوە رووماڵی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دیمەشقیان دەکرد، بەڵام ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتی: "تائێستا دیار نییە لەلایەن کام هێزەوە دەستگیرکراون، بەڵام بەدواداچوون دەکەین، داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکەین چارەنووسیان ئاشکرا بکەن."
لە بەرەبەیانیی دوێنێ چوارشەممەوە، لە گەڕەکی ئەشرەفییەی سەحنایای سەر بە پارێزگای گوندەواری دیمەشق، شەڕ لەنێوان سوپای سووریا و گرووپی چەکداریی "ریجالکەرامە" کە دروزین روویدا، شەڕەکە کوژراو و برینداری لە هەردوو لا لێکەوتەوە.
ئەو پێکدادانە دوای ئەوە بوو کە لە 28ـی نیسان، لە یەکێک لە زانکۆکانی حومس دەمەقاڵێ کەوتە نێوان خوێندکارەکان و بە شێوەیەکی تائیفی لێکدراوەتەوە، کەسێک دەنگێکی تۆمار کردووە و بێڕێزی بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە، وا بڵاوکرایەوە کە خاوەنی دەنگەکە دروزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ