رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ تەنیا یەک بەشەخۆراکی 2025 دابەشکراوە و دابەشکردنی دووەم بەشەخۆراک دەستیپێکردووە. لە هەردوو بەشەکەشدا تەنیا یەکجار رۆنی شل دابەشکراوە. بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، کارگەی رۆنەکە لەکارکەوتبوو و چاککراوەتەوە و برنجی بەشی دووەمیش لە رێگەدایە.
غازی قادر، بریکاری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە بەشەخۆراکی مانگانەی ساڵی 2025 یەک بەش بەتەواوی دابەشکراوە و ئێستا سەرقاڵی بەشی دووەمین و دابەشی دەکەین".
ئەوەی لە دووەم بەشەخۆراکدا دابەش دەکرێت، ئاردی نۆک (لەتکە نۆک) ئاوی تەماتە، نیسک و شەکرە، تەنیا چەند بریکارێک برنجیان پێدراوە و دابەشیان کردووە.
غازی قادر گوتی: "دەڵێن کارگەی رۆنی شل لە بەغدا شکاوە، بۆیە نایەت، برنجەکەش نازانین بۆ نایەت و کەمە، جگە لەوە هەموو ساڵێک دوو بۆ سێ بەشی مانگانە هەر دابەش ناکرێت".
هەر ئەمڕۆ دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە بەشەخۆراکی یەکەمی ئەمساڵدا رۆنی شلیش دابەشکرا، بەڵام بەشی دووەم تاوەکو ئەمڕۆ نەگەیشتووە".
بە گوتەی دلێر عەبدولواحید، کێشەی دواکەوتنی دابەشکردنی بەشەخۆراک لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا هەیە و لە هەموو عێراق تەنیا دوو بەشەخۆراک دابەشکراوە.
ساڵی رابردوو لە 12 مانگدا تەنیا 10 بەشەخۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشکرا.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "20%ـی برنجمان پێگەیشتووە، رۆنی شل نەهاتووە، بەڵام بڕیارە بنێردرێت".
کامەران فەتاح گوتی: "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە ئێمە دراوە کارگەی زەیت کە کێشەی هەبوو چاککراوەتەوە و ناردنەوەی دەستپێدەکات. کێشەی نەبوونی زەیت و کەمیی برنج لە عێراقیش هەیە".
بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، برنج لە دەرەوە کڕدراوە و لەگەڵ گەیشتنیدا بە چەند رۆژێک لە هەرێمی کوردستانیش دابەش دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.
غازی قادر، دابەشکاری خۆراک لە هەولێر گوتی: "ئێستا هاونیشتمانیان پێویستیان بە بەشەخۆراکە و لەگەڵ گەیشتنیدا دێن بۆ وەرگرتنی، ئەوەی کەمێک گلەیی لەسەر بێت کواڵیتی برنجەکەیە بە تەنیا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ