سەرەڕای بوونی یاسا، ژنانی کەرتی تایبەت لە مۆڵەتی دایکایەتی بە مووچەوە بێبەشن

01-05-2025
پێشەوا بەختیار
ژنێک لەسەر کارەکەی. وێنە: رووداو
ژنێک لەسەر کارەکەی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژنانی کارمەند لە کەرتی تایبەت لە کوردستان، سەرەڕای بوونی یاسا، لە مۆڵەتی دایکایەتی بە مووچەوە بێبەشن، ئەوەش بەهۆی نەبوونی رێنوێنیی جێبەجێکردن. کرێکارانی دەستەبەرکراویش ناتوانن سوودمەند بن. بەرپرسان و سەندیکا داوای کاراکردنی یاساکە دەکەن.
 
زیاتر لە 15 ساڵە ئاڵا لە کەرتی تایبەت کار دەکات، ژنێکی ورد و ئازایە لە کارەکانیدا و دایکی دوو منداڵە، 13 ساڵە بەشداری دەستەبەری کۆمەڵایەتییە، بەڵام بەپێی یاسا کاری لەگەڵ نەکراوە، نەیتوانیوە مۆڵەتی دایکایەتی وەربگرێت و پارەی دەستەبەرییەکەی وەربگرێت، چونکە پێی گوتراوە یاساکەی رێنوێنیی بۆ دەرنەکراوە.
 
ئاڵا فایەق، کارمەندی کەرتی تایبەت دەڵێت، "دوو جار پێویستم بە مۆڵەتی دایکایەتی بوو، بەڵام پێیان نەدام و سوودم وەرنەگرت. نە پارەم وەرگرت و نە مۆڵەت."
 
بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە (39)ی ساڵی 1971 و هەموارکراو بە ژمارە (4)ی ساڵی 2012، دەبێت ئەو ژنانەی کار دەکەن، مۆڵەتی دایکایەتییان پێبدرێت کە زیاتر نەبێت لە ساڵێک و نیوەی مووچەیان لە خەزێنەی حکومەت پێبدرێت، بە مەرجێک دەستەبەر بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو یاسایە کاری پێنەکراوە و سەندیکای کرێکاران لە هەوڵدایە بۆئەوەی کار بە یاساکە بکرێت.
 
شنۆ عومەر، نوێنەری سەندیکای کرێکاران لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو یاسایە کاری پێنەکراوە و زۆر کەس هەن سوودی لێ وەربگرن."
 
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا ئەو ژنانەی کار دەکەن، کەمترین داواکارییان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە هەبووە، بەشێکیان بێ ئاگان لە هەبوونی ئەو یاسایە و بەشەکەی دیکەیان، لەکاتی منداڵبوون واز لە کار دەهێنن و دواتر لە جێگەیەکی دیکە کار دەکەن. بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کاری سلێمانی داوا دەکات هەموو کرێکار و کەسێک، داوای مافی خۆی بکات، ئامانجیانە کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت، بەپێی یاسا خانەنشینی بیانگرێتەوە.
 
شیروان مەجید، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کاری سلێمانی دەڵێت، "ژن و پیاو هەمان مافیان هەیە لە دەستەبەرکردن، چاوەڕێین رێنوێنی دەربکرێت، ئەوکاتە ئێمەیش یاساکە جێبەجێ بکەین."
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 185 هەزار کرێکار و کارمەندی کەرتی تایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."