لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران: هەر کرێکارێک 1ـی ئایار ناچار بە کارکردن کرا، دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات

01-05-2025
پەیمان محەممەد
دیمەنی هەڤپەیڤینەکە.
دیمەنی هەڤپەیڤینەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت، ئەو کرێکارانەی لە رۆژی جیهانیی کرێکاردا ناچار بە کارکردن دەکرێن، دەتوانن سکاڵا لەسەر خاوەنکارەکانیان تۆمار بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پاراستنی مافی کرێکاران پێویستی بە چاودێریی زیاتری حکومەتە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-05-2025 کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی کرێکاران، چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ''رۆژی هیوا جەمال''ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: ''هەر کەسێک لە بەرامبەر دابینکردنی بژێویی ژیانیدا، هێزی بیر و بازووی خۆی بەکارهێنا، کرێکارە''.
 
رۆژی 1ـی ئایار، بە رۆژی جیهانیی کرێکاران دیاریکراوە و ساڵانە لە زۆربەی وڵاتان بەم بۆنەیەوە دەکرێتە پشوو. سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت: ''یاسای کاری ئێمەش هەر باس لەوە دەکات کە 1ـی ئایار لە سەرانسەری جیهان پشووە، نەوەک تەنیا لای ئێمە.''
 
سەرەڕای پشووی فەرمی، بەشێک لە خاوەنکارەکان لە 1ـی ئایاردا کرێکاران ناچار بە کارکردن دەکەن. چالاک رەئووف گوتی: ''سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و دامەزاروەکانی حکومەت شانازی بە 1ـی ئایارەوە دەکەن، لە راگەیێندراوەکاندا باسی دەکەن، بەڵام ئەوانەی کە لە دامەزراوەکاندان و چاودێرن، خۆیان لەم رۆژەدا لە ماڵەوە پشوون، کاتێکیش کێشەکان دێنە بەردەمیان، دەڵێن حکومەت پشووی راگەیاندووە.''
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان رایگەیاند: ''ئەرکی بەرپرسانی حکومەتە چاودێریی هەموو ئەو شوێنانە بکەن کە نەیانکردووەتە پشوو.''
 
''کرێکار مافی تۆمارکردنی سکاڵای لە خاوەنکار هەیە''
 
بەگوتەی چالاک رەئووف، لە یاسای کاردا هاتووە، هەر کۆمپانیا یان شوێنێک لە کەرتی تایبەت کە لە 1ـی ئایاردا پێویستی بە کرێکار بێت، پێویستە رێگە بە کرێکارەکە بدرێت خۆی ئارەزوومەندانە بڕیار لە کارکردن یان کارنەکردنی بدات و رایگەیاند: ''ئەگەر ویستی لەو رۆژەدا کار بکات، پێویستە خاوەنکار مووچەی دوو رۆژی بۆ هەژمار بکات، ئەگەریش حەز بە کارکردن نەکات، ئەوە ناتوانێت بەزۆر کاری پێبکات.''
 
وەک سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاراکانی کوردستان رایگەیاند، هەر کرێکارێک مافی ئەوەی هەیە سکاڵا لەسەر خاوەنکارەکەی تۆمار بکات، ئەگەر لە رۆژی 1ـی ئایاردا ناچار بە کارکردنی بکات و گوتی: ''هێڵی گەرمی وەزارەتی کار 5500ـە و هەر کەسێک سکاڵا تۆمار بکات، ناوی پارێزراو دەبێت و هیچ زانیارییەکی نادرێتەوە خاوەنکارەکەی''.
 
''پێویستە لەبری شەقام شوێنێکی تایبەت بۆ وەستانی کرێکاران دابین بکرێت''
 
زۆربەی ئەو کرێکارانەی لە کەرتی خانووبەرەدا کار دەکەن، شوێنی دیاریکراویان نییە و ناچارن رۆژانە لە شەقام و گۆڕەپانەکان بمێننەوە بۆ ئەوەی خاوەنکارێک بێت و داوای کارکردنیان لێبکات، ئەوەش زۆرجار بووەتە هۆی قەرەباڵخییەکی زۆر.
 
چالاک رەئووف داوا لە حکومەت دەکات کە پارچە زەوییەکی 100 مەتری بۆ کرێکاران دابین بکرێت ''بۆ ئەوەی بیکەین بە شوێنێک بۆیان. ئێمە پڕۆژەکە دروست دەکەین، چایخانەیەک، شوێنی نوێژ و ئاودەستیان بۆ دابین دەکەین. ئەمە جیا لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بۆیان، لەڕووی ئەمنی و تەندروستییەوە دەیانپارێزێت.''
 
''ناتوانین لەبری کرێکار سکاڵا تۆمار بکەین''
 
بەپێی یاسای کار، دەبێت کەمترین مووچەی کرێکار لە هەرێمی کوردستان 360 هەزار دینار بێت، بەڵام ژمارەیەک لە خاوەنکارەکان کەمتر لەو بڕە پارەیە دەدەن بە کرێکاران.
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران گوتی: ''ئیمە چوار لیژنەی هاوبەشمان هەیە و رۆژانە لەگەڵ لیژنەیەکی قایمقامییەتی سلێمانیش [بۆ رێگریکردن لە سەرپێچییەکان] سەردانی شوێنکارەکان دەکەین، بەڵام بەهۆی زۆریی شوێنەکان، سەردانەکانیان بەگوێرەی پێویست نییە.''
 
چالاک رەئووف ئەوەشی خستەڕوو، ''ئێمە تەنیا چاودێریی پڕۆسە و جێبەجێکردنی یاسای کار دەکەین لە شوێنی کارەکاندا، هەر خاوەنکارێک کە پابەندی یاسا نەبێت، داواکاریی خۆمان ئاراستەی حکومەت دەکەین، بەڵام ناتوانین لەبری کرێکار، سکاڵا تۆمار بکەین و لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەک، دەبێت خۆی سکاڵا لەسەر خاوەنکارەکەی تۆمار بکات.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە