هەپەگە هێرشەکانی ئامێدی لە ئەستۆگرت؛ "بۆ نەبوونی زیان لە ئاستێکی بچووکدا دەستوەردانمان کرد"

01-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەم هەفتەیەدا دووجار لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئامێدی کرایە ئامانج و پێنج پێشمەرگە برینداربوون. هەپەگە دەڵێت، هێرشەکە ئەوان بە هەستیارییەوە کردوویانە و بۆ رێگرییە لە داخستنی تەواوەتی رێگەی زاپ و گارە.
 
هێرشەکانی 28 و 29ـی نیسان، لەنێوان گوندەکانی گوهەرزێ و بەلاڤێدا لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بۆ سەر خاڵێکی سەربازی کرا، کە پێشمەرگە سەرقاڵی دروستکردنی بوون. بەرپرسانی ئەمنیی ناوچەکە بە رووداویان گوت، لە رووداوی یەکەمدا سێ پێشمەرگە و دووەمیش دوو پێشمەرگە بریندار بوون، کە هیچیان مەترسی جیدیی لەسەر ژیانیان نییە.
 
دوای رووداوەکان هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەو ناوچەیەی ئاڵۆزییەکە روویداوە لە شوباتی ئەم ساڵدا دوو گەریلایان بەناوەکانی عەگید و گۆران "شەهید بوون"، لە هەمان ناوچەدا "هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 28ـی نیسان لە نێوان گوندەکانی گوهەرزێ و بەلاڤێدا دەستیانکردووە بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی نوێ".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەبەر پەیامە باشەکانی سەرکردەکانیان [سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان] بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی نوێ، ئێمەش چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە هەڵوێستێکی ئەرێنی لە کرداردا پیشانبدەن، بەڵام هەڵوێستیان لە بڕینی رێگەی نێوان زاپ و گارە و هەوڵدان بۆ داخستنی تەواوەتی، نیگەرانی جیدی بەدوای خۆیدا هێنا".
 
هەپەگە ئەو سنوورە بە ستراتیژی بۆ خۆی پێناسە دەکات و دەڵێت: "گرتنی ئەم خاڵە ستراتیژییە بەشێکە لە پیلانێکی لەناوبردن و گەمارۆدان دژی هێزەکانمان دەکرێت، کە ماوەی چوار ساڵە بە ئازایەتی لە زاپ بەرخۆدان دەکەن، فەرماندەییمان لەو گۆڕەپانە لە 28 و 29ـی نیساندا بە هەستیارییەکی زۆرەوە بۆ روونەدانی هیچ زیانێک، لە ئاستێکی بچووکدا بۆ هۆشیارکردنەوە دەستوەردانیان کرد".
 
هەپەگە داوا لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، "ئەگەر ئەم کارە بەبێ ئاگاداری ئەوان دەکرێن، سەرکردەکانیان دەستوەردان بکەن و رایبگرن".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەپەگە هەڵوێستی خۆیان لەسەر دۆخەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت: "لەم قۆناخە مێژووییەدا، کە ئێمە لە سەروبەندی بڕیارێکی ستراتیژیداین بۆ ئایندەی گەلەکەمان و بزووتنەوەکەمان، نامانەوێت گرژی و ململانێ لەگەڵ کەس دروست بکەین، بەپێچەوانەوە دەمانەوێت لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆدا لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ هەموو لایەک کێشەکانمان چارەسەر بکەین".
 
ئەنجوومەنی ئاسایش: هەوڵ دەدرێت پرۆسەی ئاشتی پەکبخرێت
 
دوای رووداوەکان و 29ـی نیسان، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بەبێ ناوهێنان ئەنجامدەرانی هێرشەکەی بە "گرووپێکی تیرۆریستی" پێناسە کرد و رایگەیاند: "دۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە".
 
ئەنجوومەنی ئاسایش باسی لە پرسی ئاشتی کرد و رایگەیاند: "لە کاتێکدا پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە رۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم [ـی کوردستان] خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن".
 
هەپەگە: لە سوپای تورکیادا بازنەیەکی شەڕخواز هەیە
 
لەبەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، هەپەگە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجالان و لە یەکی ئادارەوە ئاگربەستی تاکلایەنەیان راگەیاندووە، بەڵام؛ "دوو مانگ تێپەڕیوە هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر هێزەکانمان نەوەستاون، ئۆپەراسیۆنەکان لە سەرتاسەری کوردستان نەوەستاون بە تایبەت لە ناوچەکان بۆتان، گارزان، ئامەد لە باکووری کوردستان و هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکان بۆ سەر ناوچەکانی هێزەکانمان لە باشووری کوردستان".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە بێت، "لە هێڵی گردی جودی- دەهلەشنۆ لە زاپ تاوەکو گوندی بازیان لە رۆژئاوای مەتین، رۆژانە لە زۆر خاڵدا شەڕ لە نێوان هێزەکانی گەریلا و هێزەکانی سوپای تورکیا روودەدات، لەم ماوەیەدا چەندین هەڤاڵمان بەهۆی هێرشەکانەوە شەهید بوون".
 
هێزەکانی پاراستنی گەل کە بە لایەنی یەکەمی سەربازیی پەکەکە دەزانرێت دەڵێت: "روونە کە لە ناو سوپا و دەوڵەتی تورکدا بازنەیەکی شەڕخواز هەیە، کە نایەوێت پرسی کورد بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێت، بەڵکو دەیانەوێت شەڕەکە بەردەوام بێت، بۆیە هێرشەکان بەردەوامن".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هەپەگە رایدەگەیێنێت: "بەو پرۆسە مێژوویی و گرنگەی رێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە، هەڵوێستێکی پشتیوان و ئەرێنی لە نێو هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا سەریهەڵداوە و چەندین کەسایەتیی سیاسی بە سەرکردە سیاسییەکانی باشووری کوردستانیشەوە لێدوانی پشتیوانیی ئەرێنی دەدەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە