رووداو یجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆک و شاندی ئەنجوومەنی راژەی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان کۆبوونەوە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، "پێویستمان بە سێ یەکەمەکانە و مافی خۆشیانە دابمەزرێن."
ڕۆژی سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە کۆنووسێک بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی راژە بە وردەکاریی تەواوەوە لەسەر سێ یەکەمەکان و دامەزراندنیان دروست بکرێت، بە زووترین کات کۆنووسەکە ئامادە دەبێت و دەدرێت بە ئەنجوومەنی وەزیران.
وەکو گوتەبێژی خوێندنی باڵا دەڵێت، "پێویستمان بەو سێ یەکەمانەیە، مافی خۆشیانە دابمەزرێن، بۆیە بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت."
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و چەند پرسێکی ھاوبەش، کۆبوونەوەی وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە راگەیێندراوەکەدا ھاتووە، پرسە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا بریتیبوو لە؛ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی خوێندنی (2017-2018 تاوەکو 2021-2022).
وەکو لە راگەیێندراوەکەی خوێندنی باڵا ھاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە ئامادەکردنی کۆنووسێکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەنجوومەنی راژە، تیایدا ئاماژە بە زەروورەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و پێویستیان لە دامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بخرێتە روو، دواتر لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت، بۆ ئەوەی بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنیان تەرخان بکرێت."
8ـی ئایاری 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (8538) داوای لە گشت زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان کرد، لە ماوەی پێنج رۆژدا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لە دەرچووانی (2017-2018) تاوەکو (2022-2023) بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن.
سێ یەکەمەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017-2018 تاوەکو 2023-2024، ژمارەیان زیاتر لە 10 ھەزار دەرچووە و بەشێکی دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ