رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئەمساڵ بەراورد بە پار، کا و جۆ 50% کەمتر دەبێت، کافرۆشێکیش دەڵێت نرخی کا سێ هێندە بەرزبووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، یەکی ئایاری 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرچەندە هێشتا دروێنە دەستی پێنەکردووە، بەڵام پێشبنیی دەکەن، کا و جۆ 50% کەمببێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانی نرخەکەی.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، وشکەساڵی، کەمبارانی، هۆکاری سەرەکین بۆ کەمبوونەوەی کا و جۆ.
سۆران سەلام، ئاژەڵدار و کافرۆش لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی کا بەراورد بە پار زۆر بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک نرخی دوو فەردەی سپی قەپاخدار، لە دوو هەزار و 500 دینارەوە گەیشتووەتە حەوت هەزار دینار."
وەکو سۆران سەلام دەڵێت، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی کا، کەمیی بارانبارین و دواکەوتنی پەڵەیە.
لە هەرێمی کوردستان چەند جۆرێک کا دەفرۆشرێن، ئەوەی زۆرترین کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت "فەردەی سپی قەپاخدارە"، پار لە کاتی دروێنە نرخی دوو فەردەی لە نێوان دوو بۆ دوو هەزار و 500 دینار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ